کۆفان کەنعو سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردی سووریا، کە یەکێک لە حزبە بەشداربووەکانی یەکێتیی 25 حزبی کوردستانی سووریایە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی بە پڕۆسەی دانوستانەکان لەنێوان ڕەوتەکان و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، دا و ڕڕایگەیاند: پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردی سووریا بەشێکە لە ئەنجومەنی سووریای دیموکراتی (MSD) بۆیە پاش پێکهێنانی پارتی یەکێتیی نیشتمانیی کورد، حزبەکەی ئێمەش تەڤڵی بووە.
ناوبراو درێژەی دا: پێشتر ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKSE) تەنها دەیویست دانوستان لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتی (PYD)دا بکات و ئەو داواکاریەشی بەردەوام لەلای نوێنەرانی فەڕەنسی و ئەمریکیدا خستۆتە ڕوو.
ناوبراو زیادی کرد پاش پێکهێنانی یەکێتی لەلایەن 25 حزبەوە، 7 کەس وەکوو نوێنەرانی حزبە کوردییەکان هەڵبژێردران تا بە نێوەندگیریی نوێنەرانی ئەمریکا و فەڕەنسا گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئەنەکەسە-دا بکەن و درێژە بە دانوستانەکان بدەن.
کۆفان کەنعو وەبیری هێنایەوە بڕیار وابوو ڕۆژی سێشەممەی حەفتەی ڕابردوو بە نێوەندگیریی نوێنەری ئەریکا دانوستانەکان دووبارە دەست پێبکەنەوە بەڵام نوێنەرانی ئەنەکەسە ئامادە نەبوون.
سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردی سووریا ئاماژەی دا بە هۆکاری ئامادە نەبوونی نوێنەرانی ئەنەکەسە لە ڕۆژی دیاری کراودا و وتی: بەشێک لە بەرپرسانی ئەنەکەسە کە لە هەولێر جێگیرن پێوەندییان بە ئێمەوە کرد تا نوێنەرەکانیان کە لە کوردستانی سووریان بچنە هەولێر و دوایین ڕاپۆرتەکانیان پێبدەن بۆیەش دانوستانەکان دوا کەوتن.
کۆفان کەنعو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەنجومەنی نیشتمانی میکانیزمی 50-50 بۆ ئیدراەدانی کوردستانی سووریا قبووڵ دەکات، ڕایگەیاند: لە ساڵی 2013ەوە ئەنجومەنی نیشتمانی بەدوای پشکی 50-50دایە و تەنها دەیهەوێت لەگەڵ پارتی یەکێتی دیموکراتیدا دانوستان بکات. پارتی یەکێتیی دیموکراتی-ش دەست لە دۆستانی خۆی بەرنادات (ئەوانی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بەشدارن).
ناوبراو ئاشکرای کرد: نزیک لە 12 هەزار شەهید و 22 هەزار بریندارمان بۆ بەرگری کردن لە ناوچەکەمان داوە. بە چاوی خۆمان دیمان کە عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی لەلایەن تورکیا و بەرهەڵستکارانی سووریەوە داگیر کران. هێشتا ئەو داگیرکاریە درێژەی هەیە و هەموو ڕۆژێک هاووڵاتییانی ئێمە بە دەستی داگیرکەران دەکوژرێن و ئاوارە دەکرێن، لە حاڵێکدا کە ئەنجومەنی نیشتمانی هێشتا بەشێکە لە هاوپەیمانیی بەرهەڵستکارانی سووریا.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: پاش داخوازییەکەی جەنراڵ کۆبانێ لە حزبە کوردییەکان بۆ یەکگرتن و داو لە ئەمریکا و فەڕەنسا بۆ نێوەندگیری، ئێمە چاوەڕوان دەکەین دۆستانمان لە ئەنەکەسە دەست لە بابەتی 50-50 هەڵبگرن.
کۆفان کەنعو زیادی کرد: وەکوو حزبێک کە لە یەکێتیی نوێدا بەشداریمان کردووە داوا لە دۆستانی ئەنەکەسە دەکەین بەبێ پێش مەرج و بە لە بەرچاو نەگرتنی بەرژەوەندیی حربی داهاتوو میللەتەکەمان بخەینە پێش چاومان.
ئەم سیاسەتوانە کوردە لەبارەی جیدی بوونیان لە دانوستانەکان جەختی کردەوە بۆ دانوستان هەم ئێمە و هەم جەنراڵ مەزلووم کۆبانێ جیددین و ئەمەشمان بە ئەمریکا و فەڕەنسا ڕاگەیاندووە بەڵام دۆستانی ئێمە ئامادە نین گوتوویانە دەبێت بچنە هەولێر، چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەوانین.
سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردی سووریا لەبارەی داهاتووی لەشکر ڕۆژەوە لەئەگەری دێککەوتن لەنێوان لایەنەکاندا وتی: لەشکری ڕۆژ ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانەن و جیاوازیێک لەنێوان ئەوان و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-دا نییە. ئێمە ئەرتەشی حزبیمان قبووڵ نییە و نامانەوێت وەکوو هەرێمی کوردستان هەر حزبێک و هێزی چەکداری خۆی ببێت.
ناوبراو زیادی کرد ڕێزمان بۆ لەشکری ڕۆژ هەیە ئەگەر ڕۆژێک بگەڕێنەوە کوردستان دەبێت ببنە بەشێک لە هێزی سەربازیی ئێستا لە کوردستانی سووریا و تەڤڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات ببن چوونکە هێزێکی چەکدار جگە لەم هێزە لە کوردستانی سووریا بوونی نییە، بەو چەشنەی کە هێزی عەرەب و ئاشووری و ئەرمەنیش لەژێر چەتری هێزەکانی سووریای دیموکراتیکدا کۆبوونەتەوە.
سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردی سووریا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ڕۆڵی ئەمریکییەکان لە دانوستانەکاندا تا چ ئاستێکە؟ ڕایگەیاند: کاتێک لەگەڵ ئەمریکییەکان کۆ بووینەوە بەبێ پەردە پێیانمان گوت چاوەڕوانمان نەدەکرد وەکوو ڕووسیا کە بە خەیانەت عەفرینی ڕادەستی تورکیا کرد، گرێ سپی و سەرێ کانی تەسلیمی تورکیا بکەن، چوونکە ئێمە هاوپەیمان بووین و پێکەوە دژ بەداعش شەڕمان کرد.
ناوبراو زیادی کرد: ئەمریکییەکان بە ئێمەیان گوت، پشتگیریی لە پڕۆسەی یەکگرتنی ئێوە دەکەین و پێویستە هەموو هێزە کوردەکانی سووریا یەکبگرن چوونکە ئەمە داواکاریی ترەمپ و کۆنگرەیە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئەمریکییەکان هەروەها گوتیان هەموو توانای خۆیان بەکار دەگرن تا بگەن بە ڕێگاچارەی سیاسی لە سووریا و مافی کوردەکانیش لەبەرچاو بگیردرێت.
سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردی سووریا جەختی کردەوە: ئەمریکییەکان و فەڕەنسییەکان ڕایانگەیاندووە لە ڕێگاچارەی سیاسی و دەستووری هەمیشەیی سووریا مافی کوردەکان بە ڕەسمیەت دەناسێندرێت و پشتگیریی لێدەکەن.
کۆفان کەنعو وەبیری هێنایەوە کە بە فەڕەنسییەکانیان گوتووە ئێوە 25 ساڵ لە کوردستانی سووریا ئامادە بوون و جەوهەری پاکی خەڵکی کورددتان بۆ دەرکەوت، بەڵام بەبێ ئەوەی کە مافی کورد لە سووریا ڕۆشن بکەنەوە ئێرەتان بەجێ هێشت.
لە کۆتاییدا ئەم سیاسەتوانە کوردە ئاماژەی دا بە گفتوگۆکانی نێوان حزبەکەی و ئەنەکەسە و ڕایگەیاند: باشتر وایە ئێمە و براکانمان لە ئەنجوخمەنی نیشتمانیی کورد مەرج بۆ یەکتر دیاری نەکەین و دەستی یەکرت بگرین و دژ بە دوژمن بوەستینەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment