ڕۆژی قودس بازنەی یەکگرتن و هاودەنگیی موسوڵمانانە لەبارەی فەلەستینەوە

بەشی ئێران- ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەبارەی ڕۆژی قودسەوە فەرموویان ئەم ڕۆژە بەدەستپێشخەریی و ئیبتیکاری ئیمامی خوالێخۆشبوو بووەتە بازنەی یەکگرتن و هاودەنگیی موسوڵمانان لەبارەی فەلەستینەوە.

کوردپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتی نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەقی وتەکانی حەزرەتی ئایەتۆڵڵا خامنەیی بەم شێوەیە:

بسم‌اللّه‌الرّحمن‌الرّحیم

و الحمد للّه ربّ العالمین و صلّی اللّه علی محمّد و آله الطّاهرین و صحبه المنتجبین و من تبعهم باحسان الی یوم الدّین.

سڵاو بۆ هەموو برایان و خۆشکانی موسوڵمان لەهەموو جیهان دەنێرم و داوای قبووڵ بوونی دۆعا و نزاکانیان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەکەم.

ئەمڕۆ ڕۆژی قودسە؛ ڕۆژێک کە بەدەستپێشخەریی و ئیبتیکاری ئیمامی خوالێخۆشبوو بووەتە بازنەی یەکگرتن و هاودەنگیی موسوڵمانان لەبارەی فەلەستینەوە. لەم چەند دەیەیەدا ڕۆڵی گێڕاوە و پاش ئەمەش هەر دەوری دەبێت ان شا اللە.

میللەتەکان پێشوازییان لە ڕۆژی قودس کردووە، وەکوو کارێکی واجیب واتا بە بەرز کردنەوەی ئاڵای ئازادیی فەلەستین ڕێزیان لێگرتووە. سیاسەتی سەرەکیی ئیستیکبار کەمڕەنگ کردنەوەی بابەتی فەلەستین لە هزری کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندایە.

ڕاستییەکەی ئەمەیە کە بابەتێک بە گرنگیی بابەتی فەلەستین شتێک نییە کە میللەتە ئیسلامییەکان مۆڵەت بە فەرامۆش کردنی بدەن.

هۆکار و ئەنجامدەری سەرەکیی ئەم تاوانە، وڵاتانی ڕۆژئاوایی و سیاسەتە شەیتانییەکانی ئەوان بوو. ئەو ڕۆژەی کە وڵاتانی براوەی شەڕی یەکەمی جیهانی، ناوچەی ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا، واتا قەڵەمڕەوی ئاسیایی حکوومەتی عوسمانی-یان وەکوو گرینگترین غەنیمەتی جەنگی، لەنێو خۆیاندا لە کۆنفرانسی پاریسدا دابەش کرد. پێویستیان بە پێگەیێکی ئەمن لە دڵی ناوچەکەدا بوو بۆ تەزمین کردنی کونترۆڵی هەمیشەیی خۆیان.

بەریتانیا ساڵانێک پێش ئەوەش پڕۆژەیێکی ئامادە کردبوو و بە هاوکاریی زێڕسالارانی یەهوودی بیدعەتێکیان بە ناوی زایۆنیسم ئامادە کرد بۆ ڕۆڵگێڕان و ئێستا بەستێن بۆ کاراکردنی فەراهەم دەکەن. هەر لەو ساڵانەوە شتە سەرەکییەکانیان ئامادە کردبوو و لە ئەنجامدا پاش شەڕی دووهەمی جیهانی بە کەڵک وەرگرتن لە کۆتایی و سەرقاڵیی دەوڵەتانی ناوچەکە گورزی خۆیان وەشاند و ڕژیمی ساختەیی و دەوڵەتی بێ میللەتی زایۆنییان دامەزراند. ئامانجی سەرەکیی ئەو کارەش لە قۆناخی یەکەمدا میللەتی فەلەستین بوو پاشان میللەتانی ناوچەکە.

چاوخشاندنێک بە سەر ڕووداوەکانی داهاتووی ناوچەکە نیشان دەدات کە ئامانجی سەرەکی و نزیکی ڕۆزئاواییەکان و خاوەن کۆمپانیا یەهوودییەکان لە دامەزراندنی دەوڵەتی زایۆنی، ئەوە بوو بینایێکی هەمیشەیی بۆ نفووز لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هەڵبچنن و ئەمەش کونترۆڵیان لەسەر وڵاتانی ناوچەکە زیاتر دەکات. بۆیە ئەم ڕژیمە ساختەیی و داگیرکەرەیان تەیار کردووە بە هەموو چەشنە ئیمکاناتی بەهێز کردنی سەربازی و ناسەربازی تەنانەت چەکی ئەتۆمی؛ و بەرنامەیان ئەوەیە ئەم گرێ جەڵدەییە لە نیلەوە تا فۆرات بڵاو بکەنەوە.

بەداخەوە بەشی زۆرینەی حکوومەتە عەرەبییەکانیش پاش ئەوەی لە سەرەتاوە دژایەتیی بابەتەکەیان کرد لە ئەنجامدا هێدی هێدی چۆکیان دادا و بە تایبەتی لەو کاتەوە کە ئەمریکا وەک بکەری سەرکیی کارەکە دەستوەردانی کرد ئەو وڵاتانە ئەرکی ئینسانی و ئیسلامی و سیاسیی خۆیان لە بیر کرد و سەرباری ئەمەش شکۆ و غیرەتی عەرەبیی خۆیان بیر چوو و بە کۆمەڵێک هیوای پووچەڵ یارمەتیی ئامانجەکانی دوژمنانیان دا. کامپی دەیڤید نموونەیێکی ئاشکرای ئەم ڕاستییە تاڵەیە.

گرووپە خەباتکارەکانیش پاش ئەوەی لە یەکەم ساڵەکاندا گیانفیداییی زۆریان کرد هێدی هێدی کشان بەرەو گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ داگیرکاران و پاڵپشتەکانیان و وازیان لەو ڕێباز و ڕێچکەیە هێنا کە دەیتوانی ئامانجی فەڵەستین بهێنێتە دی. گفتوگۆ کردن لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و دامەزراوە بێکەڵکەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆتە ئەزموونی تاڵ و شکستخواردووی فەڵەستینییەکان.

تاکە ئەنجامی پیشاندانی چڵە زەیتوون لە جڤاتی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان پەیمانی زیانباری "ئوسلو" بوو و لە ئەنجامدا عاقیبەتی یاسر عەرەفاتی لێکەوتەوە.

سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وەرزێکی نوێی لە خەبات بۆ فەڵەستین کردەوە. یەکەم هەنگاو ئەوە بوو زایۆنییەکان کە ئێرانی سەردەمی تاغووتیان بە پێگەیێکی ئەمنی خۆیان دەزانی لە ئێران کرانە دەرەوە و باڵوێزخانە نافەرمییەکەیان ڕادەستی نوێنەرایەتیی فەڵەستین کرا و هەنگاوی تر ئەوە بوو کە دەستی زایۆنییەکان لە مەلەفی نەوتی ئێران بڕا و زۆر کاری سیاسیی گەورەتریش کرا. کۆی ئەم کارانەش وای کرد "بەرەی بەرخۆدان" لە هەموو ناوچەکە سەرهەڵبدات و ئەمەش هیوای چارەکردنی بابەتەکەی گەشاندەوە. پاش ئەوەی بەرەی بەرخۆدان سەری هەڵدا گڵۆڵەی ڕژێمی زایۆنی کەوتە لێژی و بە پێکهاتنی حیزبوڵڵا و گرووپی وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی، ڕژێمی زایۆنی وئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خستە مقۆمقۆ و کەوتنە هەوڵ بۆ ئەوەی چەند وڵاتێکی ناوچەکە بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن و ئەنجامەکەشی ئەوەیە لە هەندێک وڵاتی عەرەبی و هەڵسووڕاوە خاینە سیاسی و فەرهەنگییەکانیان دەبینرێت.

ئەمڕۆکە بە شێوەی جۆربەجۆر لە هەموو لایێکەوە خەبات دژی داگیرکاری دەبینرێت و توانا و ورەی بەرەی بەرخۆدان بەرز بۆتەوە و لە بەرانبەردا بەرەی ئیستکبار و داگیرکار کزتر دەبێت و بەڵگەی ئەم ئیدعایەش ئەوەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سوپای زایۆنی سوپایێک بەهێز و ترسناک بوو و چیی بویستایە دەیکرد بەڵام ئەمڕۆکە ناچار بووە لە بەرانبەر بەرەی بەرخۆداندا پاشەکشێ بکات. بەڵام بەوەشەوە گۆڕەپانی خەبات و بەرخۆدان گۆڕەپانێکی ئێجگار هەستیارە و یەک خەتا و کەمتەرخەمی لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە و قەرەبووکردنەوەی ئەستەمە.

بۆیە چەند پێشنیازم هەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی دڵیان لای فەڵەستینە:

1. خەبات کردن بۆ ئازادیی فەڵەستین، جیهاد لە ڕێگای خودایە و فەرزە و پەڕاوێکی گونجاوی ئیسلامییە. سەرکەوتن لەم خەباتەدا گەرەنتی دەکرێت چوونکە تەنانەت ئەگەر کەسی خەباتکار بشکوژرێت دەستی بە "احدی الحسنیین" گەیشتووە. سەرباری ئەمەش مەسەلەی فەڵەستین مەسەلەیێکی ئینسانییە و دەرکردنی هەزاران هاووڵاتی لە ماڵ و حاڵ و موڵکی خۆیان نەخوازەڵا بە تاوان و بە لێدان و کوشتن وێژدانی هەموو مرۆڤێک دەهەژێنێت. بۆیەش ئەمە دروست نیە کێشەکە تەنها بە کێشەی فەڵەستین یان کێشەی جیهانی عەرەب بزانین بەڵکوو مەسەلەیێکی ئیسلامی و ئینسانییە.

2. ئامانجی ئەم خەباتە ئەوەیە هەموو خاکی فەڵەستین لە بەحرەوە تا نەهر ئازاد بکرێت و هەموو فەڵەستینییەکان بگەڕێنەوە زێد و وڵاتی خۆیان. بۆیە کورت کردنەوەی مەسەلەکە بە دامەزاندنی دەوڵەتێکی بچووک لە سووچێکی ئەو خاکەوە نەخوازەڵا بەو سووکایەتییەی ڕژێمی بێ ئەدەبی زایۆنی دەیکات نە وەرگرتنی مافە و نە ڕاست بینیی تێدایە. ڕاستییەکە ئەوەیە ئەمڕۆکە بەملوێنان هاووڵاتیی فەڵەستین ئیرادەیان نوادووە بۆ ئەوەی جیهادە گەورەکە بکەنە سەرمەشقیان بۆ سەرکەوتن. ئەوەش بە یارمەتیی خوا کە فەرموویەتی: وَ لَیَنصُرَنَّ‌ اللهُ مَن یَن‍ـصُرُه، اِنَّ اللهَ لَقَوِیٌّ عَزیزٌ؛

3. ڕاستە بەهرە بردن لە هەموو ئیمکانیاتێکی مەشرووع و حەڵاڵ بۆ ئەم خەباتە ڕێگەی پێدراوە بە پشتگیرییە جیهانییەکانیشەوە. بەڵام بە تەئکید دەبێت خۆ ببوێرن لە متمانە کردن بە وڵاتە ڕۆژئاوایییەکان و ئەو دامەزراوە جیهانییانەی سەر بەو وڵاتانەن. چوونکە ئەوان دژی هەموو جۆرە هەبوونێکی کاریگەری ئیسلامین. کەمتەرخەمن لە مافی ئینسانەکان و خودی ئەوان هۆکارن لە زیاترین خەسار و تاوانی دژ بە ئیسلام.

ئەمڕۆکە هەموو جیهان هاتۆتە سەر هێڵ و قوربانیانی کۆرۆنا دەژمێرن بەڵام کەس نەیپرسیوە و ناشپرسێت کە بکوژ وو بەرپرسی سەدان هەزار شەهید و ئەسیر و بێسەروشوێن لەو وڵاتانەی کە ئەمریکا و ئەورووپا ئاگری شەڕیان تێدا هەڵگرساندووە کێیە. بەپرسی ئەو هەموو خوێنەی لە ئەفغانستان و لیبیا و یەمەن و عێراق و سووریا ڕژاوە کێیە؟ بەرپرسیاری ئەو هەموو تاوان و کاولکاری و ستەمەی لە فەڵەستین دەکرێت کێیە؟ بۆچی کەس نەبوو ئەو هەموو ژن و منداڵ و ساوایە بژمێرێت کە لە جیهانی ئیسلامدا بوونەتە قوربانی؟ بۆچی دەبێت ملوێنان فەڵەستینی 70 ساڵ لە ماڵ و حاڵی خۆیان دوور بن. بۆچی دەبێت قودسی شەریف قیبلەی یەکەمی موسڵمانان سووکایەتیی پێ بکرێت؟ ئایا دروشمی داکۆکی کردن لە مافی ژنان و منداڵان، ژن ومنداڵی فەڵەستینی ناگرێتەوە؟ ئەمەیە موقیف و هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و کۆمەڵێک لە وڵاتە عەرەبییەکان کە بوونەتە پاشئاخوڕخۆری ئەو وڵاتانە.

4. ئەوەی نابێت نوخبە سیاسی و سەربازییەکانی ئیسلام لە بیری بکەن ئەوەیە کە ئەمریکا و زایۆنییەکان بەنیازن ڕووبەڕووبوونەوەکە ببەنەوە پشتەوەی بەرەی بەرخۆدان. دامەزرانی شەڕی ناوخۆ لە سووریا و گەمارۆی سەربازی و کوشتن لە یەمەن و تیرۆرکردن و ڕووخاندن و دامەزراندی داعش لە عێراق و زۆر شتی هاوشێوەی ئەمانە فێڵ و تەڵەکەن بۆ ئەوەی بەرەی بەرخۆدانی پێوە سەرقاڵ بکەن و دەرفەت بۆ ڕژێمی زایۆنی بڕەخسێنن. ڕێگای بەرپەرچدانەوەشی ئەوەیە گەنجە بەغیرەتەکانی جیهانی ئیسلام ورەیان بەرز بکرێتەوە. گەنجانی هەموو وڵاتانی ئیسلامی و عەبەربیش نابێت ئەم ئامۆژگارییەی ئیمام خومەینی لە بیر بکەن کە فەرمووی: هەرچی هاوراتان هەیە بە سەری ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیدا بیکەن.

5. سیاسەتی ئاسایی کردنەوەی بوونی ڕەژیمی زایۆنی لە ناوچەکەدا یەکێک لە سەرەکیترین سیاسەتەکانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە کە ڕۆڵی خزمەتکاری ئەمریکا دەگێڕن. لەم بارەوە زەمینەی دەستپێکی کارەکەیان فەراهەم کردووە لەوان پێوەندیی ئابووری و هتد...؛ ئەم هەوڵانە بە تەواوەتی نەزۆک و بێ ئەنجام دەبن. ڕژیمی زایۆنی گێچەڵێکی گەورەیە بۆ ناوچەکە و بێ گومان بنبڕ دەبێت و لەناو دەچێت. بێ ئابڕوویی و چارەڕەشی بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە کە ئیمکاناتی خۆیان خستۆتە خزمەتی ئەم سیاسەتە ئیستیکبارییە. هەندێک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەم ڕەفتارە نالەبارە دەڵێن ڕژیمی زایۆنی ئەمری واقیعی ناوچەکەیە بێ ئەوەی کە بزانن دەبێت ڕووبەڕووی واقیعە ناڵەبارەکان ببینەوە. ئەمڕۆ کۆرۆنا ئەمرێکی واقیعە و هەموو مرۆڤێکی بەئەزموون دەزانێت کە دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە. ڤایرۆسی کۆنی زایۆنی بێگومان زۆری لێنەماوە و بە ورە و ئیمان و خیرەتی گەنجان و لاوانی ئەم ناوچەیە بنبڕ دەکرێت.

6. سەرەکیترین ڕاسپاردەی من درێژەدان بە یەرخۆدان و یەکخستنی ڕێکخراوە جیهادییەکان و هاوکارییان لەگەڵ یەکتردایە لە هەموو خاکی فەلەستین. دەبێت هەمووان لەم جیهادە پیرۆزەدا پشتگیری لە میللەتی فەلەستین بکەین. هەمووان دەبێت دەستی فەلەستینییەکان پڕ بکەن و پشتیان بگرن. ئێمە بە شانازییەوە ئەوەی لە تواناماندا ببێت لەم ڕێگایەدا دەیکەین. ڕۆژێک ڕای ئێمە ئەمە بوو کە شەڕڤانی فەلەستینی خیرەت و بوێری و دینی هەیە و تەنها کێشەیان دەستی بەتاڵە. بە یارمەتیی خودا پلانمان داڕێژا و ئەنجامەکە ئەمە بوو کە هاوسەنگیی هێز لە فەلەستین گۆڕدرا و ئەمڕۆکە غەزە دەتوانێت هەمبەر دەستدرێژییەکانی دوژمنی زایۆنی بوەستێتەوە و بەسەریدا سەرکەوێت.

دونیا ئەو ڕۆژەی لەبیر نەکردووە و لەبیریشی ناکات ئەو ڕۆژەی کە ئەرتەشی زایۆنی سنوورەکانی لوبنانی بەزاند و تا بەیرووت پێشڕەوی کرد و ئەو ڕۆژەی کە خوێنڕێژێکی جەنایەتکار وەکوو شارۆن چۆمی خوێنی لە سەبرا و شەتیلا بەرپا کرد، جیهان ئەوەش لەبیر ناکات کە هەر ئەو سوپا جەنایەتکارە لەژێر زەبرەکانی حزبوڵڵای لوبناندا چارەیێکی نەبوو جگە لە کشانەوە لە سنوورەکانی لوبنان، دەستی پڕ و هەڵویستی بەرز بەم مانەیەیە. ئێستا لێگەڕێن با فڵانە وڵاتی ئەورووپی بەبۆنەی فرۆشتنی مەوادی کیمیایی بە ڕژیمی سەدام تا هەتایە شەرمەزار بێت و حیزبوڵڵا کە خۆڕاگرێکی سەربەرزە بە نایاسایی وەسف بکات. نایاسایی ڕژیمێک وەکوو ئەمریکایە کە داعش دروست دەکات و ڕژیمێک وەکوو ئەو دەوڵەتە ئەورووپییەیە کە هەزاران کەسی لە سەردەشتی ئێران و هەڵەبجەی عێراق بە بۆمبی کیمیایی قات و قڕ کرد.

7. وتەی کۆتایی ئەمەیە کە فەلەستین هی فەلەستینییەکانە و دەبێت بە ئیرادەی ئەوان ئیدارە بکرێت. پێشنیاری گشتپرسی لە هەموو ئایین و ئەتنیکەکانی فەلەستین کە نزیک لە دوو دەیە پێش ئێستا ئامادەمان کردووە تەنها ئامانجێکە کە دەبێت بۆ کێشەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی فەلەستین لەبەرچاو بگیردرێت. ئەم پێشنیارە دەریدەخات کە ئیدیعای دژەیەهوودی بوون کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بانگەشەی بۆ دەکەن. بە تەواوێتی بێ بنەمایە. لەم پێشنیارەدا فەلەستینیانی یەهوودی و مەسێحی و موسوڵمان پێکەوە لە گشتپرسیێکدا بەشدار دەبن و سیستەمی سیاسیی وڵاتی فەلەستین دیاری دەکەن، ئەوەی کە بێگومان دەبێت بڕوات ڕەژیمی زایۆنییە و زایۆنیزم خۆی بیدعەتێکە لە ئایننی یەهوود و بە تەواوێتی نامۆیە.

لەکۆتاییدا، یادی شەهیدانی قودس، لە شێخ ئەحمەد یاسین و فەتحی شەقاقی و سەید عەباس مووسەوی-یەوە تا سەرداری گەورەی ئیسلام شەهید قاسم سولەیمانی و موجاهیدی گەورەی عێراقی شەهید ئەبوو مەهدی موهەندیس و دیکەی شەهیدانی قودس بەرز ڕادەگرم و دروود و سڵاو دەنێرم بۆ ڕۆحی ئیمام خومەینی کە ڕێگای جیهاد و عیزەتییان بۆ ئێمە کردەوە. هەروەها سڵاو بۆ برای موجاهید خوالێخۆشبوو حسین شەیخولئیسلام دەنێرم کە ساڵانێک لەم ڕێگایەدا هەوڵیان داوە.

News Code 178803

Your Comment

You are replying to: .
captcha