کوردپرێس:
رێبوار كه‌ریم وه‌لی رۆژنامه‌نووسی نزیك له‌پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به خۆپیشاندانی مامۆستایان له دهۆك و هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه بادینان، ده‌ڵێت: ئه‌وه یه‌كه‌مجاره له‌كوردستاندا، ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر حكومه‌ت له‌سلێمانییه‌وه سه‌ر هه‌ڵنادات و له دهۆك كه سێ له‌سه‌ر چواری ده‌نگده‌رانی هی حزبی حاكمن، دێنه سه‌ر جاده.
رێبوار له وتارێكدا كه په‌یجی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوی كردووه‌ته‌وه، نووسیویه‌تی: لێدوانه‌كانی پارێزگاری دهۆك جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوون؛ خۆپێشاندان و پشتگیریكردنی حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی له خۆپێشانده‌ران وه‌كو تاوانێك وێنا كرد! پێده‌چوو یاسای خۆپێشاندان و گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی نه‌خوێندبێته‌وه كه له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه و به‌تایبه‌تیش ئه‌و بڕگه‌یه‌ی كه په‌یوه‌سته به مۆڵه‌تدان.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه "ئه‌گه‌ر جاران سلێمانی پاژنه‌ی ئاشیلی یه‌كێتی بووبێت، ئه‌مجاره دهۆكیش پاژنه‌ی ئاشیلی پارتییه، به تایبه‌تیش كه پارتی دوای لافاوه‌كه‌ی ئه‌مساڵ هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی زاخۆشی دیت كه ئاماده نه‌بوون ته‌نانه‌ت هاوكاریی مرۆییش وه‌رگرن! گووتیان سهدهقهمان ناوێ...".
رێبوار كه‌ریم سه‌رسوڕمانی خۆیشی ده‌ربڕیوه و ده‌ڵێت: سه‌یر له‌وه‌دایه كه قه‌ت پارتی به‌و هه‌موو نفوز و رابردووه‌ی له سلێمانی نه‌یتوانیوه ببێته خاوه‌نی به‌ره‌یه‌كی ناڕازی له‌و ده‌ڤه‌ره، كه‌چی یه‌كێتی ده‌توانێ له بادینان ئه‌وه بكات، كه‌واتا قه‌ڵاكه مه‌حكه‌م نییه. وه‌ك چۆن هه‌موو سۆرانییهك یه‌كێتی نییه، مانای وایه هه‌موو بادینییهكیش پارتی نییه".
له وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: به ده‌ست خۆت نییه نوكته‌ی كابرای ئه‌مریكی و رووست بیر ده‌كه‌وێته‌وه؛ ئه‌مریكی: ئێمه ئه‌وه‌نده ئازادین له‌به‌رده‌م كۆشكی سپی قسه به سه‌رۆكی خۆمان ده‌ڵێین، رووس: ئێمه‌ش ئه‌وه‌نده ئازادین له‌به‌رده‌می كرێملن جنێو به‌سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ده‌ین!
ده‌شڵێت: حه‌وت مانگه پشتیوانی له خۆپێشاندانه‌كانی به‌غدا ده‌كه‌ین و ئیدانه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ین. فارس جوانیان گووتووه:"مریشكی دراوسێ قازه!"".
Your Comment