بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له راگهیهندراوێکدا ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی رایگهیاندووه: لەناو خۆپیشاندەران دەستگیرکراوەکاندا بەرپرسی دەڤەری دهۆکی هاوپەیمانی و ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران و بەرپرسی بەشی بادینی پرس نیدیای سەر بە دامەزراوەی ڕاگەیاندن و چەندین هاودیدی هاوپەیمانی تا ئێستا راگیراون لە گرتووخانەکان.
باسی لهوهش کردووه: "ئێمە وەکوو هەمییشە دووپاتی دەکەینەوە، خۆپیشاندان دیموکراسییانەترین ڕێگەی دەربڕینی ناڕەزایەتییە و نابێت بە هیچ بیانوو و پاساوێک ڕێگریی لێبکرێت".
ئهوهش خراوهتهڕوو: "هەر توندوتیژی و ترس و تۆقاند و دەستگیر کردنێک بەرانبەر خۆپیشاندەران بە زەوت کردنی مافی ڕەوای هاوڵاتیان دەزانین و پێویستە دەستبەجێ خۆپیشاندەرانی دەستگیرکراو و هادیدانی ھاوپەیمانی ئازاد بکرێن و ماف و شایستەی هاوڵاتیان دابین بکرێت".
ریدیر عابد رەسوڵ بەرپرسی دەڤەری ئامێدی هاوپەیمانی نیشتمانی لەمبارەوە بە میدیای حزبەکەی وتووە، خۆپیشاندانی فەرمانبەران و مامۆستایانی دهۆک بەزەبری هێز کۆتایی پێهێنرا و زیاتر لە 100 کەس دەستگیر کران.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە "لەخۆپیشاندانەکەدا شڤان سەعید بەرپرسی دەڤەری هاوپەیمانی لە دهۆک و هەروەها ئومێد حاجی بەرۆشکی بەرپرسی پرس بادینی و رێزان مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی هاوپەیمانی دەستگیر کراوە.
ئەوبەرپرسەی هاوپەیمانی باسی لەوەش کردووە، ژمارەیێکی دیکەی هاودیدیان دەستگیرکراوە و ئەوەشی وتووە، دەستگیرکراوەکان براونەتە پۆلیس و ئاسایش.
هەروەها لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە لە هەرێمی کوردستان له نووسینێکدا له ههژماری تایبهتی خۆی سەرچنار ئهحمهد ئهندامێکی فراکسیۆنی یهکگرتوو له پهرلهمانی کوردستان رایگهیاندووه: پشتگیری هەموو خۆپیشاندانێک و دەنگ بەرزکردنەوەیێکی حەق دەکەن کە بۆ داواکاردنی قووت و مووچەی خۆپیشاندەران لە پارێزگای دهۆک و سەرجەم پارێزگاکانی تری کوردستان بەرامبەر بەدەسەڵاتێکی کەڕ و کوێر لە ئاست داوا ڕەواکانیان.
ناوبراو باسی لهوشه کردووه: هەروەها ئیدانەی ئەو کارە قێزەونەی دەسەڵات دەکەین لە گرتن و عەزێت دانی خۆپیشاندەرانی دهۆک و ڕێگرتن لە خاتوو هلز ئەحمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو بۆ بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکان.
ئهندامەکەی فراکسیۆنی یهکگرتوو دهشڵێت: پێویستە هەرچی زووترە دەسەڵات گوێ بۆ داواکاری مامۆستایان و خۆپیشاندەرا بگرێت وبەڕێوبەری تەلفزیۆن و ڕادیۆی خابیر و سەرجەم ڕاگەیاندکار و دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات و کامێرا و کەلوپەلی تیمی کەناڵی ئاسمانی سپێدە بگەڕێنێتەوە وبزانێت کە دەنگی حەق بە تووندوو تیژی و فشار سەرکوت ناکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment