ئەردۆغان: دانپێدانانی بایدن بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان بێبنەمایە

بەشی تورکیا- سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی بەجینۆسایدناساندنی ئەرمەنەکان لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "دانپێدانانی بایدن بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان بێبنەمایە و، بڕیارەکەی کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا دەبێت".

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەممە 26-04-2021 دوای دوو رۆژ لە بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بایدن لە ژێر گوشاری ئەرمەنییەکان ئەو بڕیارەی پەسندکرد، هەزاران کەسی تورک و کورد بە دەستی چەتەکانی ئەرمینیا لە وان کوژران".

هەر ئەمڕۆ هەریەک لە وەزیری بەرگری، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا رەخنەیان لە ئەمریکا گرت لە بابەتی بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە ساڵی 1915 لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە.

خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا راگەیێنراوەکەی سەرۆکی ئەمریکای بە نکۆڵیکردن لە راستییەکانی مێژوو ناوبرد و رایگەیاند: "ئاشتی و ئارامیی ناوچەکەمان، کێشەی هاوبەشی ئێمە تورکیا و ئەرمینیایە، نەک ئەرمەنی تاراوگە و ئەو وڵاتانەی وەک دوێنێ ئەمڕۆش هەوڵ دەدەن بابەتەکە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاربهێنن''.

رۆژی 24ی نیسانی 2021 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانی بە جینۆساید ناساند و لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا یادی هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لە سەردەمی عوسمانیدا جینۆسایدکران."

جۆ بایدن رۆژێک دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەو بڕیارەی دەرکرد و کۆتایی بەو دوودڵیەی نێو ئیدارە یەک بەدوای یەکەکانی ئەمریکا هێنا و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانی ناساند. ئەمە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جینۆسایدی ئەرمەنەکانی بە ''کارەساتی گەورە'' ناودەبرد.

106 ساڵ لەمەوبەر، رۆژی 24ی نیسانی 1915 کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەستیپێکرد، لەو پرۆسەیەدا نزیکەی ملیۆن و نیوێک لە ئەرمەنەکان کۆمەڵکوژ و دەربەدەرکران.

News Code 1782

Your Comment

You are replying to: .
captcha