وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گفتوگۆی تەلەفونیی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگای تەلەفونەوە لەبارەی ئاسایشی ناوچەکە و پێویستیی بوونی هێزە ئەمریکییەکان و پشتگیریی پێشمەرگە و کۆمەڵێک تەوەری دیکە گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

کوردپرێس:

ئێوارەی ڕۆژی هەینی 23 ی نیسانی 2021 ، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییێکی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی چەندین بابەتی جێی بایەخی هەردوولا کرا، سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە، هەردوولا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی رۆکێت و فڕۆکەی بێفرۆکەوانیان لەدژی هەرێمی کوردستان و بنکەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد.

هەرودوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بوون بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعش.

هەروەها هەردوولا هاورا بوون لە سەر گرنگیی یەکڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.

پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو. سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بە کارنامەی چاکسازی حکوومەت کرد بە ئاراستەی زیادکردنی داهات لە رێگەی ئەنجامدانی رێکخستنەوە لە دارایی گشتیدا. سەرۆکی حکوومەت داوای لە وەزیری دەورەی ئەمەریکا کرد کە پشتگیریی حکوومەتی هەرێم بکات لە بواری تەکنیکی و هانی سەرمایەگوزاریی ئەمریکاش لە هەرێمی کوردستان بدات، بەتایبەتی لە هەردوو بواری بانکیی و وەبەرهێناندا.

لە درێژەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازییان لە دەرکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی کرد. سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا، کە حکوومەتی هەرێم چاوەڕێ دەکات بەغدا بە زووترین کات، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمیشی بە یاساکە دووپات کردەوە. سەرۆکی حکوومەت داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش کرد کە رۆڵی کاریگەری خۆی لە یارمەتیدانی هەولێر و بەغدا بگێڕێت بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە. هەروەها بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیێکی دادپەروەرانە، بەشی خۆی لەو قەرزە نێودەوڵەتیانە وەربگرێت، کە بە عێراق دەدرێت.

لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتننامەی شنگال کردەوە.

News Code 1743

Your Comment

You are replying to: .
captcha