کاردانەوەی پەکەکە لەبارەی بڕیاری ئەمریکا لە سەر دەستگیرکردنی سێ سەرکردەی گرووپەکە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆما جڤاكێن کوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی دیاریكردنی پاداشتێك له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ ده‌ستگیركردنی سێ سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت "بڕیاره‌كه‌ نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌".

کوردپرێس:

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌جه‌كه‌ ئاماژەی بە بڕیاری ئەمریکا لەبارەی دیاری کردنی خەڵات بۆ ئاشکراکردنی شوێنی مانەوەی سێ سەرکردەی پەکەکە و دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسە کردووە ودەڵێت: "وەزارەتی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بڕیارێكی نادادپه‌ره‌وه‌رانه‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌ كه‌ ساڵی 2018 دا له‌ دژی سێ هه‌ڤاڵی به‌ڕێوه‌به‌ر و پێشه‌نگی ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازی كوردستان ده‌ریكردبوو. له‌م بڕیاره‌دا به‌ پشت به‌ستن به‌ درۆ و چه‌واشه‌كاری و تۆمه‌تی خه‌یاڵی داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كرێت كه‌ گوایه‌ سیخوڕی بۆ ئه‌مریكا بكه‌ن تا كو بتوانێت زه‌ره‌ر به‌و هه‌ڤاڵانه‌مان بگه‌یه‌نێت".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌ "ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ دادگایی بكرێت ئه‌ردۆغان و كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی توركیان كه‌ له‌ راستیدا دووانه‌ی ئایدیۆلۆژی و سیاسی داعشن، به‌ ده‌یان هه‌زار چه‌ته‌یان له‌ چوارگۆشه‌ی دونیاوه‌ له‌ رێگه‌ی توركیاوه‌ سه‌ره‌تا هه‌نارده‌ی سوریا و ئێراق كرد و دوای كۆمه‌ڵكوژی و كاولكارییه‌كی زۆر له‌م دوو وڵاته".

كه‌جه‌كه‌ هه‌ر له‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا ده‌ڵێت "22 ساڵ له‌مه‌و پێش، ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا به‌ بێ ره‌چاوكردنی هیچ یاسایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌خلاقی و سیاسی و ئینسانی، هه‌موو هێزی خۆی به‌كار هێنا بۆ رفاندن و راده‌ستكردنه‌وه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ به‌ ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركیا. ئەوە 22 ساڵه‌ رێبه‌ر ئاپۆ به‌ دوور له‌ هیچ یاسایه‌كی ئینسانی گۆشه‌گیریه‌كی دژواری به‌سه‌ر دا ده‌سه‌پێنرێت".

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بۆ رای گشتی

له‌ به‌رواری ٢٠ی نیسانی٢٠٢١ وه‌زاره‌

ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بڕیارێكی نادادپه‌ره‌وه‌رانه‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌ كه‌ ساڵی ٢٠١٨ دا له‌ دژی سێ هه‌ڤاڵی به‌ڕێوه‌به‌ر و پێشه‌نگی ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازی كوردستان ده‌ریكردبوو. له‌م بڕیاره‌دا به‌ پشت به‌ستن به‌ درۆ و چه‌واشه‌كاری و تۆمه‌تی خه‌یاڵی داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كرێت كه‌ گوایه‌ سیخوڕی بۆ ئه‌مریكا بكه‌ن تا كو بتوانێت زه‌ره‌ر به‌و هه‌ڤاڵانه‌مان بگه‌یه‌نێت.

لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌وه‌ رابگه‌یه‌نین كه‌ نه‌ ئه‌م بڕیاره‌ و نه‌ تۆمه‌ته‌كانی له‌ لایه‌نی مێژوویی، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، یاسایی، ئینسانی و ئه‌خلاقییه‌ خاوه‌نی هیچ ره‌وایه‌تییه‌ك نیین. ئه‌م بڕیاره‌ سۆكایه‌تی كردنه‌ به‌ ویژدانی گه‌لی كورد و ویژدانی گه‌لی ئه‌مریكا. نه‌ رێبه‌ر ئاپۆ، نه‌ ئه‌و سێ هه‌ڤاڵه‌مان و نه‌ هیچ ئه‌ندامێكی PKK و بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆچی تا ئێستا هیچ چالاكییه‌كی راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆیان له‌ دژی ده‌وڵه‌ت و گه‌لی ئه‌مریكا ئه‌نجام نه‌داوه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكایان نه‌كردۆته‌ ئامانج. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌رده‌وام داوایان له‌ ئه‌مریكا كردووه‌ كه‌ وه‌كو هێزێكی كاریگه‌ری گۆڕه‌پانی نێو ده‌وڵه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد رۆڵی ئه‌رێنی بگێڕێت. ئه‌و سێ هه‌ڤاڵه‌ و ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، به‌ تێكۆشانی خۆیان گه‌لی كورد و گه‌لی ئه‌مریكا و هه‌موو مرۆڤایه‌تییان له‌ به‌ڵایه‌كی ره‌شی وه‌كو داعش پاراستووه‌. هه‌ربۆیه‌ گه‌لی ئه‌مریكا هه‌روه‌كۆ چۆن له‌ نموونه‌ی كۆبانێ و سه‌رێكانیدا بینرا، به‌رده‌وام پشیتوانی له‌ گه‌لی كورد كردووه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی ویژدانی و ئه‌خلاقی له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد و دۆزه‌ ره‌واكه‌ی داناوه‌. ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ هه‌مانكاتدا بڕیارێكه‌ له‌ دژی ویژدان و هه‌ستی دادپه‌روه‌ری گه‌لی ئه‌مریكا. ئه‌گه‌ر له‌ به‌ر تێكۆشانی رێبه‌ر ئاپۆ، هه‌ر سێ هه‌ڤاڵی پێشه‌نگمان و به‌ هه‌زاران شه‌هیدی سه‌ربه‌رزی PKK نه‌بوایه‌، داعش تووشی شكست نه‌ده‌هات و ده‌بوو به‌ واقیعێكی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی ناوین و ئه‌مریكا ناچار ده‌ما، هه‌ر وه‌كۆ چۆن له‌ گه‌ڵ تالیبان، له‌ گه‌ڵ داعیشیش، به‌ میوانداری توركیا، ده‌ست به‌ دانۆستان بكات.

ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ دادگایی بكرێت ئه‌ردۆغان و كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی توركیان كه‌ له‌ راستیدا دووانه‌ی ئایدیۆلۆژی و سیاسی داعشن، به‌ ده‌یان هه‌زار چه‌ته‌یان له‌ چوارگۆشه‌ی دونیاوه‌ له‌ رێگه‌ی توركیاوه‌ سه‌ره‌تا هه‌نارده‌ی سوریا و ئێراق كرد و دوای كۆمه‌ڵكوژی و كاولكارییه‌كی زۆر له‌م دوو وڵاته‌، هه‌نارده‌ی ئه‌وروپا و ئه‌فریقیا و قه‌فقاسیان كردن و له‌وێش هه‌مان كۆمه‌ڵكوژی و تاوانیان پێك هێنا. توركیا هه‌موو ئه‌مانه‌ی له‌به‌ر چاوی ئه‌مریكاوه‌ ئه‌نجام داوه‌ و ئه‌نجامی ده‌دات و به‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌مریكا ئێستا بۆته‌ سپۆنسۆری هه‌موو چه‌ته‌ جیهادییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری دونیا.

ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و دووپات كردنه‌وه‌ی دوای سێ ساڵ بڕیاری به‌ بێ چاره‌سه‌رهێشتنه‌وه‌ و سووربوون له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌ كێشه‌ی كورده‌ و له‌ هه‌مانكاتدا ده‌بێته‌ هانده‌ر بۆ سیاسه‌تی جینۆسایدی فیزیكی و سیاسی كه‌ دوژمنانی گه‌لی كورد، به‌ تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی ئه‌ردۆغان و باخچه‌لی له‌ دژی گه‌له‌كه‌مان په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ هه‌وڵێكه‌ كه‌ به‌ بازرگانی كردن به‌ خوێنی كورد و گه‌لانی دیكه‌ی هه‌رێمه‌كه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركیا و ئه‌ردۆغان رازی بكات له‌ سیاسه‌تی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی دا پشتیوانی له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا بكات. چاره‌سه‌ری دیموكراتییانه‌ی كێشه‌ی كورد كلیلی چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌ و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌م بڕیاره‌ی خۆی نیشانیدا كه‌ سووره‌ له‌ سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد و به‌رده‌وامیدان به‌ قه‌یران و ئاڵۆزی و كۆمه‌ڵكۆژی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناویین.

٢٢ ساڵ له‌مه‌و پێش، ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا به‌ بێ ره‌چاوكردنی هیچ یاسایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌خلاقی و سیاسی و ئینسانی، هه‌موو هێزی خۆی به‌كار هێنا بۆ رفاندن و راده‌ستكردنه‌وه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ به‌ ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركیا. ئەوە ٢٢ ساڵه‌ رێبه‌ر ئاپۆ به‌ دوور له‌ هیچ یاسایه‌كی ئینسانی گۆشه‌گیریه‌كی دژواری به‌سه‌ر دا ده‌سه‌پێنرێت. ئه‌مه‌ تاوانێكی گه‌وره‌ی سیاسی و ئه‌خلاقی و مرۆڤایه‌تییه‌ و پێویسته‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی كه‌ سیخوڕی به‌سه‌ر پێشه‌نگ و كه‌سایه‌تی سیاسی كورده‌وه‌ بكات به‌ هۆی رفاندن و راده‌ستكردنی رێبه‌رئاپۆ و هاندانی سیاسه‌تی گۆشه‌گیری له‌ سه‌ر ئه‌و داوای لێبوردن له‌ گه‌لی كوردستان و گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین بكات. داوای لێبوردن بكات چۆنكه‌ ئه‌م سیاسه‌ت و كرده‌وه‌ی ئه‌مریكا كێشه‌ی كوردی به‌ بێ چاره‌سه‌ری هێشتۆته‌وه‌ و رێگه‌ی له‌به‌رده‌م رژاندنی خوێنی به‌ده‌یان هه‌زار كه‌س كردۆته‌وه‌. ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ له‌سه‌ر سێ هه‌ڤاڵی پێشه‌نگمان گیراوه‌، درێژكراوه‌ی هه‌مان سیاسه‌ته‌. هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا ده‌ستبه‌جێ داوای لێبوردن له‌ گه‌لی كورد و گه‌لی ئه‌مریكا بكه‌ن، ئه‌م هه‌ڵه‌ مێژوویی و ئه‌خلاقییه‌یان راست بكه‌نه‌وه‌ و كار بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی بكه‌ن كه‌ خۆی له‌ ئازادی رێبه‌ر ئاپۆ و چاره‌سه‌ری دیموكراییانه‌ی كێشه‌ی كورددا ده‌بینێته‌وه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا نه‌ك خه‌ڵاته‌ بۆ دادگه‌ری به‌ڵكۆ به‌رتیله‌ بۆ سیخوڕی. ئه‌مه‌ریكا به‌م بڕیاره‌ی خۆی ده‌یه‌وێت تۆوی سیخوڕی كردن بۆ بێگانه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگای كوردیدا بچێنێت و ره‌وایه‌تی پێبدات و به‌م شێوه‌یه‌ شیرازه‌ی كه‌لتووری و ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگای كوردستان بشێوێنێت. ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌مریكا سیخوڕیكردنه‌ بۆ ده‌زگای جاسۆسی میت و پاڵنه‌ر و وه‌ره‌به‌خشه‌ بۆ داعش. چۆنكه‌ ئه‌و سێ هه‌ڤاڵه‌ تێكۆشه‌ره‌مان له‌ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلانه‌كای داعش و میت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوین دا رۆڵی به‌رچاویان گێڕاوه‌.

لێره‌دا بانگه‌وازی له‌ رای گشتی مرۆڤایه‌تی و به‌تایبه‌ت رای گشتی گه‌لی ئه‌مریكا و گه‌لی كورد ده‌كه‌ین كه‌ به‌ دره‌ك كردن به‌و راستییه‌ی كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی داعش و ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركیادایه‌، هه‌موو رێگایه‌كی مه‌ده‌نی و دیموكراتی بگرنه‌ به‌ر و گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا كه‌ له‌م بڕیاره‌ و كرده‌وه‌كانی دی پاشگه‌ز بێته‌وه‌ و چیدی گه‌لی كورد و گه‌لانی هه‌رێمه‌كه‌ تووشی كۆمه‌ڵكوژی و جینۆساید نه‌كاته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ رێزدا

كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆما جڤاكێن کوردستان KCK

٢١ی نیسانی ٢٠٢١

News Code 1722

Your Comment

You are replying to: .
captcha