کوردپرێس: بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان پێشوازیی کرد لە ماپیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و هەردوولا لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە، بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و ناوەند سەردانی بەغدایان کردووە لەبەر رۆشنایی دەستووری هەمیشەیی عێراق و لێکگەیشتنەکانی پێشتری نێوان هەردوولا.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقەوە بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو رایگەیاند کورد نابێتە لەمپەر و رێگر لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتی عێراق و بەپێچەوانەوە بەشێک دەبن لەچارەسەر لەپێناو بەرقەراربوونی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و رەخسانی دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی عێراق و باشتر کردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لەکۆبوونەوەکەدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کە ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستانن بۆ بەغدا ئامادە بوون.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment