کوردپرێس:
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٤/٢٨ لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و چەند ئەندامێکی تر لیژنەکە کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە کۆششەکان بەو ئاڕاستەیە بن تا پەلە بکرێت لە دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت و پڕۆسەی چاکسازی ڕیشەیی، چونکە بۆ ئەمڕۆمان چاکسازیی بووەتە پێویستییەکی گرنگ و حەیاتی.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا و سەرۆک کۆمار باسی لەوە کرد تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستی بەهەوڵ و تێکۆشانی هەموو دڵسۆزانە و دەبێت هەموومان بەیەکەوە بەرەنگارییان ببینەوە و ڕێگە نەدەین کاریگەری لەسەر قوت و بژێوی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت هەبێت، بەپێچەوانەوە لە پڕۆسەی چاکسازیدا دەبێت باشکردنی ژیان و گوزەرانی ئەوان ئامانج بێت و ناشبێت بە هیچ پاساوێک ڕێگە بدرێت دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانبەران ببرێت و بەتایبەتیش توێژەکانی خوارەوە.
سەرۆک کۆمار باسی لەوەش کرد، زۆر گرنگە پشتیوانی لە بەرهەمی خۆماڵی بکەین و داهاتی نیشتمانی بۆ پشتیوانیکردن و باشکردنی بژێوی تێکڕایی هاووڵاتیان بێت و پەرە بە توانای داهاتە نیشتمانییەکانی تر بدرێت تا بتوانرێت بە خۆبژێوی و پێشخستنی وڵات بەتەواوەتی دەستەبەر بکرێت.
سەبارەت بە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمیش لەمەڕ داهاتەکان و یاسای نەوت و گاز، سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پەنا بەرینە بەر دەستوور و بە پابەندی یاسای بودجە و بەرکەوتەکانی و بەرژەوەندی نیشتمانی بین، لە پێناو گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەشیش کە مافی سەرجەم هاووڵاتیان دەپارێزێت و گرنگە بە ڕاشکاوانە پەنجە بخرێتە سەربرینەکان و چارەسەری ڕیشەییان بۆ بدۆزرێتەوە.
سەرۆک کۆمار ئەوەشی ڕوونکردەوە کە مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەک سەرجەم هاووڵاتییانی تری عێراق مافێکی دەستوورییە و نابێت بە هۆی سەرهەڵدانی دەرهاویشتە سیاسییەکانەوە دەستی بۆ ببرێت، هەروەها جەختیکردەوە لەوەی پێویستە بەشێوەیەکی شەفافانە پرسی تەسوییەی دارایی بەڕیوەبچێ بەپیی دەستوور و یاسای بودجە، بەڵام نابێت ئەمە ببێتە مایە دواخستن یا بڕینی مووچەی فەرمانبەران.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، دۆخەکە قورسە و پێویستی بە ئیرادەی چارەسەرێکی دادپەروەرانەیە و پێویستیشە مووچەخۆران نەکرێنە قوربانی ناکۆکییە سیاسییەکان، دواتر سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستە ڕوو، کە دڵسۆزانی وڵات قبوڵی ئەوە ناکەن کە هاووڵاتییان باجی ناکۆکییە سیاسییەکان بدەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment