به‌غدا به‌ راده‌ست کردنى نه‌وتیش رازى نابێت مووچەی کارمەندانی هەرێم خەرج بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاندى دانوستانکارى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ به‌غدا، بۆ روونکردنه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌کانیان چوونه‌ په‌رله‌مانى کوردستان، گوتویانه‌ به‌غدا به‌ راده‌ست کردنى نه‌وتیش رازى نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکات و هیوایێک هه‌یه‌ له‌رێگه‌ى دۆسیه‌ى کێڵگه‌ غازییه‌کانه‌وه‌ هه‌ردوولا بگه‌نه‌ رێککه‌وتن.

کوردپرێس: لەمبارەوە شێرکۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو و به‌شداربووى کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاندووە شاندى حکوومه‌ت قسه‌ى کۆنکرێتییان پێنه‌بوو، به‌پێى روونکردنه‌وه‌کانیان ته‌نها سه‌دا ٢٣ى داهاتى نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زره‌تى دارایى و ٦٠ ملیۆن دۆلار ده‌گات به‌ وه‌زاره‌تى دارایى بۆ دابه‌ش کردنى مووچه‌، ئه‌وه‌ى دیکه‌ به‌"قه‌رز" ده‌درێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى هه‌وڵه‌کانى حکوومه‌ت چییه‌ بۆ دابه‌ش کردنى مووچه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتى:"هه‌مووى له‌ قۆناغى هه‌وڵدایه‌، وه‌ڵامى کۆنکرێتى نه‌بوو که‌ بڵێن ئا‌وا مووچه‌ ده‌ده‌ین، بۆ خشته‌ى مووچه‌ى ئه‌م مانگه‌ش هیچیان نه‌وت که‌ى رایده‌گه‌یه‌نن".

شاندى حکوومه‌ت ئه‌نجامى گفتوگۆکانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا خستووه‌ته‌ڕوو، به‌جۆرێک هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه‌ که‌ دۆسیه‌ى نه‌وت راده‌ستى بکات، له‌ به‌رامبه‌ر ره‌وانه‌کردنى بوودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان. تا ئێستا به‌غدا ئه‌و بژارده‌ى په‌سه‌ند نه‌کردووه‌، به‌ڵکوو داواى داهاته‌کانى دیکه‌شیان کردووه‌. شاندى به‌غدا گوتویانه‌ ئیستا ئه‌وان خۆیان کێشه‌ى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ به‌رهه‌مى زیادى نه‌وتیان هه‌یه‌ و ده‌بێت هه‌نارده‌ى نه‌وت که‌م بکه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ ئومێد که‌مه‌ له‌رێگه‌ى راده‌ست کردنى نه‌وت و دۆسیه‌ى نه‌وته‌وه‌ بگه‌نه‌ رێککه‌وتن و کێشه‌ى مووچه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

گریمانه‌یه‌کى دیکه‌ هه‌یه‌ بۆ رێککه‌وتن به‌ جۆرێک هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانى کێڵگه‌ غازییه‌کان به‌ هاوبه‌شى بگه‌نه‌ رێککه‌وتن و نیوه‌ى داخاتى خاڵه‌ سنورییه‌کان راده‌ستى به‌غدا بکرێت، به‌ڵام ئه‌م سیناریۆیه‌ هێشتا قسه‌ى کۆتایى له‌سه‌ر نه‌کراوه‌ و وه‌ک بژارده‌یێک بۆ رێککه‌وتن له‌سه‌ر مێزى هه‌ردوولایه‌.

شاندى هه‌رێمى کوردستان، داوایان له‌ ئه‌میندارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کردووه‌، که‌ نووسراوى راگرتنى مووچه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه ‌و مووچه‌ ره‌وانه‌ بکات، به‌ڵام حه‌مید نه‌عیم ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێى گوتوون، نووسراوى عادل عه‌بدولمه‌هدى بهێنن به‌وه‌ى ره‌زامه‌نده‌ به‌ ره‌وانه‌کردنى پاره‌که‌. شاندى هه‌رێم نووسراویان ئاڕاسته‌ى سه‌رۆک وه‌زیران کردووه ‌و چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى عادل عه‌بدولمه‌هدین.

له‌لایێکى دیکه‌وه‌ به‌پێى راگه‌یه‌ندراوى په‌رله‌مانى کوردستان شاندى حکوومه‌ت گوتوویانه‌، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەمانگی ١٢ی ٢٠١٩ لەسەر بوودجەی ساڵی 2020، هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو نەوتەکەی رادەستی بەغدا بکات، بەمەرجێک حکوومەتی عێراق سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێم رەوانە بکات، ئەوەشیان بەشاندی دانووستانکاری بەغدا راگەیاندووە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، وەزیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا کە نووسراوێکی فەرمییان گەیاندووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆئەوەی رەزامەندی بدەن لەسەر ناردنی بوودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و هیوای خواست کە بەشێوەیێکی ئەرێنی وەڵامی داواکاریی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: "شاندی دانوستانکار کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە بابەتی بودجەی هەرێمی کوردستان بەسیاسی کراوە و هەوڵێکە بۆ بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان، چوونکە هەرێمی کوردستان نیەت پاکی و هەموو هاوئاهەنگییێکی بۆ ئەم مەبەستە لەچوارچێوەی دەستوور و یاسا خستووەتەڕوو.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168499

Your Comment

You are replying to: .
captcha