کوردپرێس:
سز فرانتزمەن توێژەی کاروباری کورد لە وتارێکدا باسی قەیرانەکانی ئایندەی کوردی عێراقی کردووە و دەڵێت پاش شکستهێنانی داعشف کوردی عێراق ڕووبەڕووی چەندین گرفتی قووڵ دەبنەوە.
فرانتزمەن لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە هەرێمی کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ چەندین کێشە و گرفتی ناوخۆی هەرێم بەڵام شەڕەکەی داعش بووە هۆی ئەوەی کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی بمێننەوە.
ئەو چاودێرە بڕوای وایە کە لانی کەم شەش قەیرانی گەورە ئێستاش بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە کە بریتین لەمانەی خوارەوە: ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر مەسەلەی کەرکووک ناوچە جێناکۆکەکان، ڕکابەری و ململانێی نێوخۆی حیزبە کوردستانییەکان، ناتەبایی و ناکۆکیی نێوماڵی کورد لە سەر مەسەلەی سەربەخۆیی، پەرەسەندنی گوشارەکانی تورکیا، قەیرانی دارایی و لێکەوتەکانی هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان.
ناوبراو لەو قەناعەتەدایە کە ئەگەرچی شەڕی داعش بووە هۆی یەککەوتنی زۆر لایەنی کوردی بەڵام هاوکات زۆر گرفتی دیکەشی لەگەڵ خۆی هێنا و وای کرد کۆمەڵێک لەو کێشە و گرفتانەی هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن پەرە بسێنن.
ئەو توێژەرە ئاماژە بە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە عێراقیش دەکات و دەڵێت پێویستە هەزێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەموو ئەم گرفتانە ببێتەوە و خۆی ئامادە بکات بۆ ئەو ڕۆژەی ئەمریکاش لە عێراق بکشێتەوە و دەسەڵاتی ئەو زلهێزە لە ناوچەکە کز ببێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment