پەرلەمانی کوردستان کار بۆ ئامادە کردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان داوای لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کردووە تاوەکوو 15ی ئایاری 2021 سەرنج و تێبینییەکانیان لەبارەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان بدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دەستپێکی خولی 5ی پەرلەمان، سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانمان کرد تاوەکوو کۆدەنگی بۆ نووسینەوەی دەستوور بەدەست بهێندرێت؛ زیاتر لە 70 مادە کۆدەنگی و رێککەوتنی لەسەر کرا، بەڵام لە 2019دا لێکەوتەکانی کۆرۆنا کارەکانی راگرت".

مونا قەهوەچی گوتیشی، "لەکۆبوونەوەی 4ی نیسانی 2021دا لەگەڵ پەرلەمانتاران، جارێکی دیکە داوامان لێکردن لەبارەی ئەو مژارە راوێژ لەگەڵ حیزبەکانیان بکەن و بۆچوونەکانیان بە نووسراو بدەن پێمان، تاوەکوو میکانزمێک بدۆزینەوە و کۆدەنگی لە نێوان سەرجەم فراکسیۆنەکاندا هەبێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پێویستە هەموو فراکسیۆنەکان هاوئاهەنگ بن بۆئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی.

زانا مەلاخالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند مەبدەئی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رابردوو و ئێستاشدا ئەوەیە کە دەبێت مافی پێکهاتەکان لەناو دەستووردا جێگیربکرێت، وەک ئەوەی خۆیان دەیانەوێت. دەبێت ئێمەی فراکسیۆنە جیاوازەکان رای خۆمان کە رای حیزبە سیاسییەکانمانە بیدەینەوە پەرلەمان، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار لەوە دەدرێت چۆن دەست بە نووسینەوەی پڕۆژەی دەستوور بکەین. ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان پێویستیمان بەوەیە کە دەستوور تەواو بێت بۆئەوەی ئەگەر بکەوینە کۆتایی خولی پەرلەمانیش دەستوور بخەینە راپرسییەوە."

لە 25-9-2009 پەرلەمان پڕۆژەی دەستووری پەسند کرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی کۆدەنگی بۆ دەنگدانی هاونیشتمانیان هێڵدرایەوە؛ لە ئایاری 2015 دا و بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان، لیژنەیەکی 21 کەسی حیزبەکان بەناوی "نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان" دەستبەکار بوو.

لەمبارەوە شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت "بەدڵنیاییەوە لەگەڵ دەستوورێکداین کە گورازشت لە واقیعی هاونیشتمانیان لە هەرێمی کوردستان بکات و چوارچێوەیێکی دەستووری و یاسایی دابین بکات بۆ ماف و ئازادییەکان، بۆ پیرۆزی و ئایین و بیروڕاکان، کە جێگەی هەموومانی تێدا ببێتەوە، ژیانی هەموومان رێکبخات و هەمووشمان پێیەوە پابەند بین و سەروەربێت بەسەر هەمووماندا، چونکە چەندە دەستوور گرنگە، کارکردن لە چوارچێوەی دەستوور و جێبەجێکردنی هێندە گرنگترە."

بەپێی بەندی پێنجەمی دەستووری 2005ی عێراق، کە باس لە دەسەڵاتی هەرێمەکان دەکات: هەرێمی کوردستان دەستوورێک بۆخۆی دادەڕێژێت، هەڕەمی دەسەڵاتەکان و میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە دیاری دەکات، بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستووری عێراقدا.

بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2015، لیژنەی ئامادە کردنی دەستوور 90 رۆژ کاتی هەیە بۆئەوەی پڕۆژەی دەستوور بۆ گشتپرسی ئامادە بکات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەو کارە لەو ماوەیەدا تەواوبکات، کاتەکەی بۆ درێژدەکرێتەوە. دواتر دەبێت ئەو پڕۆژەیە لە پەرلەمان بە دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامان پەسند بكرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1606

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha