کوردپرێس: سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاندووە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوەتەهۆی مەترسی لەسەر توانا تەندروستی و ئابورییەکان لە جیهاندا بە جۆرێک لە نیوسەدەی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە، بەو هۆکارەش دەسپێشخەری "بەرگری لە نیشتیمان بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا" رادەگەیەنن کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی هەوڵەکانە بۆ هاوکاری کردنی کەسانی کەمدەرامەت و ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاوکارییە.
لە راگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کردوە، دەسپێشخەری "بەرگری لە نیشتیمان بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا" دوای ئەوە هات کە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کاریگەری کردوەتە سەر وڵاتانی خاوەن ئابووری بەهێز و تەندروستی پێشکەوتوو، بەو پێیەش مەترسی پەتاکە لەسەر ئەو وڵاتانەی کە لەرووی ئابووری و تەندروستییەوە لاوازن زیاتر بووە.
ئەوەش هاتووە، پەتاکە کاریگەری لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس لەسەرانسەری جیهاندا دروست کردووە، لەو روانگەیەشەوە کە تواناکانی وڵات بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا سنووردارن ئەو دەسپێشخەریە بە سەرپەرشتی سەرۆکایەتی کۆمار رادەگەیەنن، بەتایبەت دوای ئەوەی مەرجەعیەتی باڵا داوایکرد لەم دۆخەدا پشتیوانی لە کەسانی کەمدەرامەت و ئەو کەسانە بکرێت کە پێویستیان بە هاوکارییە.
لەبارەی شیوازی هاوکارییەکانیش لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئامانج لەو دەسپێشخەرییە دەرچوونی وڵاتە لەو قەیرانە و رزگارکردنی ئەو کەسانەیە کە پێویستیان بە هاوکارییە، لە ماوەی داهاتووشدا ئەو کەسانەی سەرپەرشتی دەسپێشخەرییەکە دەکەن لەگەڵ ژمارەی بانکی و ژمارەی تەلەفۆنی تایبەت بە چۆنیەتی هاوکارییەکان بڵاودەکەنەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment