کوردپرێس: سەعد فایەق کۆڵەک، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای پایۆنێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو دەرمانەی دروستیان کردووە بۆ کەم کردنەوەی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و لە داهاتوویێکی نزیکدا بۆ چارەسەری بەرکەوتووانی ئەو ڤایرۆسە بەکار دەهێنرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای پایۆنێر وتیشی، ئەو دەرمانە دەخرێتە بەردەست هەردوو وەزارەتی تەندروستی هەرێم و عێراق، لە داهاتووشدا وەک هاوکاری دەدرێت بە وڵاتانی دراوسێ.
هاوکات د.شوان کەمال بەڕێوەبەری کوالیتی لە کۆمپانیای پایۆنێر ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان بەردەوام چاودێری ئەنجامی توێژینەوەی سەرجەم سەنتەر و زانکۆکانی جیهان دەکات، بۆیە لەئێستادا گەیشتنە ئەوەی ئەو دەرمانەی لە جیهاندا بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردێت بەرهەمی بهێنن.
شوان کەمال ئاماژەی بەئەوەش دا، بەهیوان ئەم دەرمانە چارەسەری ئەم ڤایرۆسە بکات، بەڵام بێگومان خۆپارێزی لەچارەسەر باشترە، بۆئەوەی ئەم پەتایە نەگاتە ناو ماڵەکان.
بەڕێوەبەری کوالیتی لە کۆمپانیای پایۆنێر باسی لەئەوەش کرد، ئەمە ڤاکسین نییە بۆ خۆپارێزی، بەڵکو ئەمە دەرمانێکە بۆ ئەوەی کە کەسەکە توشبوو بەکاریبهێنێت.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، ئەم دەرمانە کاریگەری لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆڤید 19 هەیە، کە سووڕی ژیانی ڤایرۆسەکە کەم دەکاتەوە.
شوان کەمال وتیشی: هەر ماددەیێک لەهەر سەنتەرێکی جیهان بێت، بەباشترین کوالیتی دەیکڕین و دەرمانەکەی لێ دروستی دەکەین، لەئێستاشدا چاوەڕێ دەکەین ماددە خامەکەمان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بەدەست بگات، بۆ ئەوەی بەکرداری دەست بەدروست کردنی بکەین.
پێشتر، هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاندبوو سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای پایۆنێر ئاگاداری کردینەوە، کە کۆمپانیای پایۆنێر بۆ پیشەسازیی دەرمان بەوپەڕی تواناوە سەرباری ئەم بارودۆخە سەختەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەدرێژایی ڕۆژ بەردەوامە لە کارکردن.
پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاندبوو، کۆمپانیای پایۆنێر بۆ پیشەسازی دەرمان بەردەوامە لە کارکردن بۆ بەرهەمهێنانی گیراوە خوێنبەرییەکان بەهەموو جۆرەکانیەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment