کوردپرێس:
لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، حەیدەر عەبادی باسی چەند پرسێکی کرد و رایگەیاند، دوای تەواوبوونی تەمەنی یاسایی پەرلەمانیش، حکوومەت لەکارەکانی بەردەوام دەبێت.
عەبادی باسی ئۆپەراسیۆن و بۆردوومانەکانی تورکیای بۆ سەر پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، بەغدا هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای تورکیا بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانە نییە، بەڵام پابەندبن بە دەستووری عێراق، کە رێگەنادات بە "هیچ کارێکی دووژمنکارانە دژی وڵاتانی دراوسێ لەنێویاندا تورکیا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی "رێگە نادەین بە هیچ چالاکییێکی سەربازی لەناو عێراقەوە، بەتایبەت لەلایەن پارتی کرێکاراکانی کوردستان چوونکە حیزبێکی بیانییە و عێراقی نییە. لە هەمانکاتدا داوا لە تورکیا دەکەین رێز لە سەروەری عێراق بگرێت".
لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، عەبادی داوایکرد ئەوانەی لە هەڵبژاردندا ساختەکاریان کردووە، دەستگیر بکرێن. گوتیشی "بە دڵنیاییەوە رێگا بە خۆمان نادەین ببینە بەشێک لە هەر پرۆسەیەکی ساختەکاریدا. دەوڵەت بەرەنگاری هەموو هەوڵێکی ساختەکاری دەبێتەوە، ساختەکاری تاوانە، بۆیە جارێکی دیکە داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی دەکەینەوە، ساختەکاران دەستگیربکات، دەزگا ئەمنییەکانی عێراقی ئەرکیانە بەڵگە پێویست دەستبخەن لەبارەی ئەو ساختەکارانە و بیاندەنە دادگا و ئەرکی دادگاشە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەوانە دەربکات".
سەبارەت بە کۆبوونەوە فراوانەی نێوان لایەنەکان کە هاوپەیمانی نەسر داوای کردووە ئەنجام بدرێت، حەیدەر عەبادی گوتی "دەستپێشخەرییێکی نیشتمانیمان بۆ ئەنجامدانی دیدارێکی فراوانی نیشتمانی بە بەشداری کوتلە سیاسییەکان راگەیاند، بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر بەرنامەی داهاتوو بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت نەک تەنیا حکوومەت، دەوڵەت لە سەرجەم دەسەڵات و دامەزراوەکانی پێکدێت، بنیادنانی ئەم دامەزراوانە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە ، هەروەها دانانی بنەما بۆ قۆناخی داهاتوو. بەدڵناییەوە هەموو ئەمانە لە ژێر رۆشنایی دەستوور و یاسا دەبێت".
هەر لەبارەی ئامانجەکانی ئەو دەستپێشخەرییە عەبادی گوتیشی "دەمانەوێت پەلە بکەین لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە دوای هەڵبژاردندا، و پێکهێنانی هەموو دامەزراوە دەستوورییەکان بەشێوەیێکی دروست. لە بەرامبەردا، پێشوازییێکی فراوان لەو دەستپێشخەرییە کراوە لەلایەن کوتلە سیاسییەکانەوە و لە پەیوەندی بەردەوامداین، بە راشکاوانە ئەمە پڕۆژەی کوتلە سیاسییەکانە، بۆیە پێویستە لەسەریان هاوکاربن لە دروستکردنی ژووری ئامادەکاریی ، بەمەبەستی دانانی هەر رێککەوتنێکی سیاسی بۆ بنیادنانی بەرنامەی دەوڵەت".
Your Comment