قوباد تاڵەبانی و شاندێكی ئەمەریكی له‌باره‌ی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆیان كرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری سەرۆک وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی ئەمریكی هەنگاوەكانی چاكسازی لە وە‌زارە‌تی پێشمە‌رگە‌ و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد.

کوردپرێس:

قوباد تاڵەبانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌ولێر لەگەڵ شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمەریكی كە‌ لە گریگۆری كرودە‌ر بە‌رپرسی نووسینگە‌ی ھە‌ماھە‌نگی ئە‌منی لە‌ عێراق و ستیف فەیگن كونسووڵی گشتیی ولایە‌تە‌ یەكگرتووەكانی ئە‌مریكا لە ھە‌رێمی كوردستان و وە‌فدێكی یاوە‌ریان پێكھاتبوو، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی كوردستان و عێراقیان خستە بەر باس.

لە‌ كۆبوونە‌وە‌كە‌دا هەنگاوەكانی چاكسازی لە وە‌زارە‌تی كاروباری پێشمە‌رگە‌ و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە خرانە بەر باس و هەروەها ڕۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانان و ویلایە‌تە‌ یەكگرتووەكان لە پاڵپشتی كردنی پرۆسەكە جەختی لێ كرایەوە و قوباد تاڵە‌بانی ستایشی ڕۆڵی ھێزە‌كانی ئە‌مریكا و ھاوپە‌یمانانی كرد لە‌وبارە‌یە‌وە‌.

هه‌روه‌ها لە گفتوگۆكاندا هەردوولا هاوڕا بوون كە هێشتا پاشماوەكانی داعش و ژێرخانی ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستییە مەترسین لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییەش هاریكاری پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان و هاوپەیمانان بە كارێكی پێویست درایە قەڵەم و ڕێوشوێنەكانی تاوتوێ كران.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 157643

Your Comment

You are replying to: .
captcha