دانوستانە نوێکانی نێوان کورد و حکوومەتی سووریا بێ ئەنجام بوون

بەشی سووریا- جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سووریا دیموکرات ڕایگەیاند: دانوستانە نوێکانی ئەنجومەنی سووریا دیموکرات لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ناوەندیی بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتاییان پێهات.

"ئامینە عومەر" جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سووریا دیموکرات لەبارەی گفتوگۆ نوێکانی ئەو ئەنجومەنە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا بە کوردپرێسی وت: چەند ڕۆژ پێش ئێستا کۆبوونەوەیێکمان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا بە نێوەندگیریی لایەنی ڕووسی ئەنجام دا. لە کۆبوونەوەەماندا لە بارەی پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیموکرات و پرسی زمانی کوردی گفتوگۆمان ئەنجام دا کە تا ئێستا هیچ ئەنجامی نەبووە.

ئامینە عومەر درێژەی دا: حکوومەتی سووریا هێشتا ڕێگاچارەی سەربازیی پێباشە و گفتوگۆ و ڕێگای سیاسی دوا دەخات.

ناوبراو زیادی کرد: قسە کردنی ژمارەیێک لە بەرپرسانی سووری دەریدەخات ئەوان لە دانوستاندنەکاندا جیدی نین و ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنیان بەلاوە گرنگ نییە.

بە وتەی جێگری سەرۆک پەرلەمانی سووریا دیموکرات حکوومەتی سووریا لە ئێستادا سەرقاڵی شەڕی ئیدلیب و حەلەبە و دانوستانە سیاسییەکان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە جیدیی نازانێت.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە ڕۆژی 9ی فێبریڤێریی ئەمساڵدا ڕایگەیاند: بە نێوەندگیریی ڕووسیا دانوستانە نوێکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندیی سووریا دەستی پێکردووە ئەگەری هەیە کۆمیتەیێکی باڵا بەم مەبەستەوە پێکبهێندرێت.

ئەنجومەنی دیموکراتیکی سووریا ڕۆژی چوارشەممە لە شاری تەل حەمیس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی قامیشلۆ کۆبوونەوەیێکیان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا و شاندێکی سیاسی و سەربازیی ڕووسیا لەباەری دوا گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا ئەنجام دا.

هەروەها فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا 14ی فێبریڤێری بە ئەلمەیادینی لۆبنانی وت حکوومەتی سووریا هەرچەشنە بیرۆکەیێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕەت دەکاتەوە.

کۆدی هەواڵنێر:60113

News Code 157599

Your Comment

You are replying to: .
captcha