مەزڵووم عەبدی لە وەڵامی جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پرۆژەیێكی واقعییە

بەشی سووریا- مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" لە وەڵامی جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا دووپاتی دەكاتەوە، سووریا ناگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2011، بەڕێوەبەرێتیی خۆسەریی باکووری سووریاش دەمێنێتەوە.

کوردپرێس: عەبدی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "عەرەبییە نێت" رایگەیاندووە، دەستخستنی مافەكان بەپێی قوربانی و هەڵوێستەكانی پێكهاتەكانی گەلی سووریا دەبێت، لەو نێوەندەشدا ئەو قوربانییەی كوردی سووریا داوێتی، هیچی كەمتر نییە لەوەی هەر گەلێكی دیكە بۆ بەرگری كردن لە وڵاتەكەی داوێتی، بۆیە ئەوەی كورد لە سووریا داوای دەكات، كە خۆی لە بەڕێوەبەرێتیی خۆسەریی دەبینێتەوە، مافێكی رەوای گەلی كوردە.

فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە پێی وا نییە سووریا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی 2011، لەو نێوەندەشدا كورد و پێكهاتەكانی دیكەی سووریا رۆڵی گرنگ و كاریگەریان هەیە لە داهاتووی وڵاتەكەدا.

مەزڵوم عەبدی دەشڵێت "رێگەی سەربازی هیچ چارەسەرێكی بۆ كێشەكان پێنابێت و ئەزموونی ساڵانی رابردووش ئەوەی سەلماندووە، بۆیە هیوادارین حکوومەتی سووریا پەنا بۆ سەپاندنی چارەسەری سەربازی نەبات".

بەڕێوەبەرێتیی خۆسەریی باکووری سووریاشی بە پرۆژەیێكی واقعی وەسف كرد كە ناتوانرێت لەناو ببرێت، بۆیە عەبدی پێی وایە بێ سەیركردنێكی واقعییانە بۆ بەڕێوەبەرێتیی خۆسەریی، ناتوانرێت لە سووریا بگەن بە چارەسەر.

سووربوونی مەزڵووم عەبدی بۆ مانەوەی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر، لەكاتێكدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا دووپاتی كردبووەوە، دیمەشق بە بوون و مانەوەی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەری رازی نییە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157553

Your Comment

You are replying to: .
captcha