عەلاوی دەبێت وەزیرە کوردەکان بە ڕاوێژ لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان دەست نیشان بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەرێمی کوردستان پارێزگایەک نیە لەعێراق، تا محەمەد عەلاوی بێ ڕاوێژ لەگەڵ سەرکردایەتی حیزبەکان، وەزیر لەنێو هەرێمدا بۆ وەزارەتەکان دەست نیشان بکات.

کوردپرێس: لە گفتووگۆیەکی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا خەسرەو گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، دەڵێت "کەسی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت، دەبێت ڕاوێژ لەگەڵ سەرکردایەتی حیزبە کوردستانییەکان بکات".

ناوبراو دەشڵێت "کورد شەریکە لە عێراقدا، بۆیە دەبێت شەراکەت و هاوسەنگی بپارێزرێت، ناکرێت کەسێک لە هەرێمەوە ببرێت و بکرێتە وەزیر، بڵێن: ئەمە شەریکایەتیە، خۆ تەها جەزراوی لە حکوومەتی بەعسدا وەزیر بوو، بەڵام چی بۆ کورد کرد؟".

سەبارەت بەهەڵوێستی حیزبە کوردیەکان، لەحاڵەتی دانەنانی کاندیدی حیزبە کوردیەکان لە وەزارەتەکاندا، خەسرەو گۆران وتی "ئێمە زیاتر لە 60 پەرلەمانتارمان هەیە، ئەوکات هەڵوێستمان دەبێت".

هەفتەی رابردوو، مەسعوود بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک لە پارێزگاکانی عێراق دا کۆبوویەوە، سەبارەت بە هۆکاری کۆبوونەوەکە و رێکخەرەکەی، سەرکردەکەی پارتی وتی "نێوان بارزانی و پارێزگارەکانی عێراق بەشیعە و سونەوە خۆشە، ئێمە کێشەمان لەگەڵ خەڵکی عێراق نیە، بەڵکوو کێشەمان لەگەڵ حکوومەتەکاندا هەیە، کە دەستووریان جێبەجی نەکردووە".

خەسرەو گۆران وتیشی "کێ رێکخەری کۆبوونەوەکە بووە؟ دیارە خۆیان کۆبوونەوەکەیان پێخۆش بووە، بارەگای بارزانیش دەیان ڕاوێژکاری شارەزایان هەیە."

خەسرەو گۆران جەختی کردەوە "ئێمە ناتوانین لەبری سونەکان بڕیار بدەین، ئەوان خۆیان ئازادن چۆن بڕیار دەدەن، گەر داوای هەرێم بکەن، پەیوەندیی بەخۆیانەوە هەیە و دەستوور ئەو مافەی پێداون".

ئەندامی سەرکردایەتی پارتی روونیشی کردەوە جم و جۆڵی سونەکان لەدەرەوەی عێراق بووە نەک لە هەولێر، جم و جۆڵەکانیشیان بە ئاگاداری ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبی بووە، ئەگینا بوونیان لە هەولێر و سلێمانی هۆکارەکەی ئاوارەبوونیانە، وتی"ئیمارات و سعوودیە ناکۆکیان لەگەڵ ئێران هەیە، پێیانخۆشە سونەکانی عێراق ڕۆڵیان هەبێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157539

Your Comment

You are replying to: .
captcha