کوردپرێس:
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەلەڤزیۆنی ڕووداوی ڕاگەیاند: لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە جۆری "novel corona virus-2019 یان nCoV-2019" لە چین، بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە کوردستان، بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چەند رێنماییێکی خۆپارێزی بڵاو دەکەنەوە.
بەگوێرەی رێنمایینامەکەی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ئەم رێوشوێنانە بگیرێنەبەر:
1- پتەوکردنی چالاکیی پەتاگەری دژی کۆنیشانەی توندی کۆئەندامی هەناسە بەتایبەت لەو کەسانەی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیاوە لە هەر خاڵێکی هاتنەژوورەوە دێنە کوردستان.
2- جەخت­کردن لەسەر جێبەجێ­کردنی پلانی هۆبەی کۆنیشانەی توندی کۆئەندامی هەناسە.
3- لەکاتی گومانکردن بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێویستە نموونەیێک یان زیاتر وەربگیرێت، لە چەند کاتێکی جیاوازدا لەو شوێنانەی کە دیاری کراون، دواتر ڕەوانەی تاقیگەی تەندروستیی گشتی بکرێت بۆ پشکنین، ئەمە سەرەڕای وەرگرتنی نموونە لە لووت و دەم، پاشان ناردنی بۆ تاقیگە بەم شێوەیە:
* وەرگرتنی نموونەی بەڵخەم لە نەخۆش.
* وەرگرتنی نموونە لە بۆڕی هەناسەدان ئەمەش لەو نەخۆشانە دەبێت کە لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد داندراون.
* وەرگرتنی نموونە لە خانەکانی هەوا لە سییەکان لەو نەخۆشانەی کە پێویستە بۆ چارەسەرکردن بۆیان بکرێت.
* پێویستە نموونەی شلەی ناو پەردەی دەوری سییەکان وەربگیرێت بە بەکارهێنانی دەرزیی گەورە لەکاتی مردنی نەخۆشەکە.
4- دەستبەجێ ئاگادارکردنەوە لە هەبوونی هەر حاڵەتێک کە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێبکرێت یان هەر حاڵەتێک کە بەهۆی نەخۆشییێکی دەستنیشاننەکراو و نادیاری کۆئەندامی هەناسەوە بمرێت.
5- جەختکردنەوە لەسەر کوتانی پزیشکان، کارمەندانی تەندروستی، ئەو کەسانەی لە قاوشەکانی نەخۆشییە گوازراوەکان، قاوشەکانی منداڵان و هەناو کار دەکەن لە دژی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا.
6- جەخت­کردنەوە لەسەر پۆشینی کەلوپەلی خۆپارێزیی تەواو لەلایەن پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لەکاتی هەبوونی گومانی تووشبوونی هەر کەسێک بەو ڤایرۆسە.
ئەم رێنمایینامەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە لە جیهاندا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا 2000 کەسی تێپەڕاندووە و 56 کەس گیانیان لەدەست داوە.
راستییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا
ڤایرۆسی کۆرۆنا گرووپێکی فراوانی ڤایرۆسەکانە، ساڵی 1965 لە مرۆڤ دەستنیشانکرا. هۆکارەکانی تووشبوون جیاوازن، دەگوترێت لە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام لە نوێترین زانیارییەکان لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، مەترسیی هەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێتەوە.
نیشانەکانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوشێوەی سەرمابوونن، کە پێکدێن لە سەرئێشە، ئاو لە لووت هاتن، کۆکە، تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز، کە هەموو کات بەم شێوەیە سادە نییە، هەندێک جار هۆکاردەبێت بۆ هەوکردنی سییەکان و لوولەکانی هەوا، رەنگە تووشبووەکە بکوژێت.
ڤایرۆسەکە یەکەم جار لە ساڵی 1965 دۆزراوەتەوە، ساڵی 2002 لە چین بڵاوبوویەوە و لە مرۆڤ دەستنیشانکرا، گوازرایەوە بۆ 25 وڵات، 8000 کەسی نەخۆشخست و زیاتر لە 700 کەسی کوشت.
ڤایرۆسەکە جارێکی دیکە لە ساڵی 2012 سەری هەڵدا، لە سعوودیە و ئوردون بڵاو بوویەوە و هەمان ساڵ لە 25 وڵات تۆمارکرا، نزیکەی 800 کەسی کوشت.
Your Comment