دیداری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ترەمپ دەرفەتێکە بۆ گەیاندنی ئەوەی هەولێر و بەغدا بە یەک چاو سەیر نەکرێن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆكی ئينستيتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژينەوه، کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و نێچیرڤان بارزانی لە داڤۆس بە گرنگ دەزانێت و دەڵێ دیداری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ترەمپ دەرفەتێکە بۆ گەیاندنی ئەوەی هەولێر و بەغدا بە یەک چاو سەیر نەکرێن.

کوردپرێس:

دلاوەر عەلائەدین، سەرۆكی ئينستيتيوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژينەوه، بەشداریی لە بوڵتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیاییی ڕووداو کرد و لەبارەی تێڕوانینیان بۆ کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، ڕایگەیاند "ئەو کۆبوونەوەیە لە کات و سات و کەشێکی سیاسی و ئەمنیی وادایە کە گرنگییێکی زۆر تایبەتی هەیە، ئەگەر سەیری بەرژەوەندیی دوولایەنەی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بکەین، دەبینین لە هەردوو روانگەوە لە کات و لە ناوەرۆکەکەشیدا زۆر گرنگە".

دلاوەر عەلائەدین دەڵێ "بێگومان ترەمپ لە ماوەی ئەو دوو رۆژە خێرایەی لە داڤۆس دەمێنێت، تەنها دەرفەتی بینینی چەند سەرکردەیێکی بە ژمارە کەمی هەیە، کە زۆربەشیان سەرۆکی دەوڵەتانن، بەڵام لەنێویاندا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبینێت، هەرێمێک کە دەوڵەت نییە. ئەمەش دەبێت بە کەم نەزانرێت و زۆر بە جیددی سەیر بکرێت، چوونکە ئەمریکا لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی وڵاتەکەیەوە سەیری هەرێم دەکات و سەرۆکی هەرێمیش وەکوو نوێنەری کیانێک ئەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ رێکخستووە، دیارە ئەجێندایێکی تایبەتی هەیە".

سەرۆكی ئينستيتيوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژينەوه دەشڵێ "ئەمریکا لەگەڵ سێ دەوڵەتی یەک لەدوای یەکدا کێشەی ئەمنیی هەیە، گرژیی هەیە، پلانی ستراتیجیی هەیە، هەرسێ دەوڵەتیش دراوسێی هەرێمی کوردستانن، هەرێمی کوردستانیش پێگەیێکی ستراتیجیی بەهێزی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرسێ دەوڵەتدا، کەواتە ئەمریکا بۆ ئەوەی لە سووریا مامەڵە بکات و لە بەغدا ئەجێنداکانی بەرەوپێشەوە بچێت و لەگەڵ ئێران سیاسەتەکانی ڕەسم بکات، پێویستی بەوە دەبێت کە بزانێت ئایا هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەیە چۆن ببینێت؟ ئەمە چ جای تورکیاش".

بە بڕوای دلاوەر عەلائەدین، لە دیوی هەرێمیشەوە، وەکوو کیانێک و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش وەکوو نوێنەری ئەو کیانە لە بەرژەوەندیی کورددایە ئەو دەرفەتانە بقۆزینەوە بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان تێیدا بچێتە پێشەوە.

دلاوەر عەلائەدین گوتیشی "ئەوە دەرفەتێکیشە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە پەیامی هەرێم بگەیێنێت لەوەی لە ئاستی عێراقدا چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و لەگەڵ عێراقدا بە یەک چاو سەیر نەکرێت، چوونکە عێراق بڕیارێکی هەڵەی دا کە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بوو، سزایەکان کوردستان نەگرێتەوە. دووەم پەیوەندیی هاوبەشی ئابووری لە بواری وزە و ئەمنی دەبێت حیسابێکی زۆر تایبەتی بۆ بکرێت، بۆ ئەو هاوبەشییەی کە رێی گرتووە لەوەی داعش هەڵسێتەوە و بەرژەوەندیی هەردوولایەن بەرەو پێشەوە بچێت".

News Code 157263

Your Comment

You are replying to: .
captcha