بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتيی ئەمهریکا لە هەرێمی کوردستان، دۆخی سیاسی و ئابووری، پرسی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی یاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقهوه، پەیوەندییەکانی نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمى کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، تاوتوێ کران.
لەو دیدارەدا مستەفا سەید لەبارەی ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە بوودجە ڕایگەیاند: سەرەڕای تێبینیيان لەسەر ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە بوودجە، بەڵام ڕێکەوتنەکە باشە و گرنگە جێبەجێ بکرێت.
لە تەوەرێکی ديکهدا هەردوولا بە وردی تیشکیان خستە سەر پرسی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان شێوازی یەکخستن و بەدامەزراوەیی کردنی ئەو هێزانەی ڕوون کردەوە، هەروەها دەستپێکردنەوەی دیالۆگی ستراتیژيی عێراق ـ ئەمهریکاى بە ئەرێنی وەسف کرد و جەختی کردەوە کە ئاستی دیالۆگەکە فراوان بکرێت و هەموو بوارەکانی پەیوەندیدار بە گەشەسەندنی ئابوورییەوە بگرێتەوە.
لەکۆتایيدا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە هەوڵەکان و دەستپێشخەرییەکان کرد بۆ پتەو کردنی هەماهەنگيی نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هیوای خواست هەوڵەکان سەرکەتوو بن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment