کوردپرێس- ڕاپرسییەکەی کۆمپانیای "البیان" لە چینی جۆربەجۆری گەلی عێراق و لە سەر میتۆدی "سودفە" و بە ڕێکەوت ئەنجام دراوە. شێوازی ئەنجام دانی ڕاپرسییەکە وابووە کە بەشدابووانی لە ڕێگای تەلەفونەوە پرسیاریان لێکراوە و بە پێی کارتی دەنگدان 6 فاکتەری سەرەکی لە بەرچاو گیراوە کە بریتین لە: ڕەگەزی نێر و مێ، تەمەن، ئاستی خوێندەواری، باری ئابووری، قەومییەت و کاری و فرمانی کەسی بەشداربوو. بەو پێیەش پرسیار لە 2310 کەس کراوە لە کۆی 38 هەزار ڕەقەم تەلەفونی هاووڵاتییانی جۆربەجۆری عێراقی.
تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕاپرسییە:
ڕەقەم تەلەفونەکان بە سودفە هەڵبژێردراون.
ژمارەی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە 2310 کەس
پرسیارەکان بە تەلەفون بووە
ئاستی ڕاست و ناڕاستی ڕاپرسییەکە +/-2 لە سەد
فاکتەری قەومییەت:
عێراق وڵاتێکی فرە قەومییە و هەر بەو بۆنەشەوە هەموو ئتنیکەکانی عێراق لەو ڕاپرسییەدا لەبەرچاو گیراون. بەو مەبەستەش سەدا 80ی بەشداربووان لە قەومی عەرەب، سەدا 12.9 لە کورد، 4.6 لە تورکمان، 1.3 شەبەک، 1.1 ئێزدی و /1. ئاشوورییەکان هەڵبژێردراون.
باری ئابووری و ڕێژەی داهات
بەشداربووانی ڕاپرسییەکە دابەش کراون بە سێ چین. 49.9 لە سەد وتوویانە داهاتی مانگانەیان پێداویستیی سەرەتایی ژیانیان دابین دەکات. واتا ئاستی داهاتیان کەمە. 35.9 لە سەد وتوویان داهاتەکەیان ژیانیان بەڕێوە دەبات و 14.2 لە سەد وتوویانە بە داهاتەکەیان ژیانێکی خۆشیان هەیە واتا ئاستی داهاتیان باشە.
ڕەگەزی نێرینە و مێیینە
63.9 لە سەدی بەشداربووان پیاو و 36.1 لە سەد ژن بوون.
سەڵت و زەواج کردوو
77.6 لە سەدی بەشداربووان زەواجیان کردووە. 20.7 لە سەد سەڵتن و 0،4 لە سەد تەڵاق دراو یان تەڵاق سەندوو بوون و 1.3 لە سەد هاوسەرەکانیان مردوون.
ئاستی خوێندەواری
لە هەموو ئاستێکەوە لە نەخوێندەوەارەوە هەتاکوو هەڵگری بڕوانامەی دوکتۆری بەشداری ڕاپرسییەکە بوون.
تەمەنی بەشداربووان
لە تەمەنی 16 ساڵانەوە تا تەمەنی 85 ساڵان
پرسیارەکان ڕاپرسییەکە
ئایا هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی عێراق کارتێکەریی دەبێت لە سەر باشتر بوون و پێشکەوتنی ئەو وڵاتە؟
لە کۆی 2310 کەس سەدا 42 واتا 970 کەس وەڵامیان بەڵێ بوو. 666 کەس واتا سەدا 28.8 وەڵامیان ئەوە بوو کە ڕەنگە هەڵبژاردن گرینگ بێت ڕەنگە گرینگیش نەبێت. 674 کەس واتا 29.2 لە سەد وتوویانە هەڵبژاردن هیچ کارتێکەریی نییە لە سەر پێشکەوتن و باشتر بوونی عێراق.
خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە سەدا 80ی ئەو کەسانەی هەڵبژاردنیان بۆ باشتر بوون و پێشکەوتنی وڵاتی عێراق بە کەریگەر زانیوە تەمەنیان 18-45 ساڵ بووە.
ئایا سەردانی فەرمانگە حکوومییەکانتان کردووە بۆ ئەوەی ناونیشان و زانیاریی خۆتا بۆ وەرگرتنی کارتی دەنگدان نوێ بکەنەوە؟
53.9 لە سەد وتوویانە بەڵێ. 46.1 وتوویانە نەخێر
3. ئایا لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا بەشداری دەکەیت؟
59.2 وتوویانە بەڵێ. 25.2 وتوویانە هێشتاکە بڕیارم نەداوە و 15.6 وتوویانە بەشداری ناکەن.
4. ئایا دەنگ بەو بەربژێرانە دەدەیت کە ئێستا لە حکوومەتدان و دەسەڵاتگێڕن؟
55 لە سەدی بەشداربووان وتوویانە نەخێر. 33.5 وتوویانە ڕەنگە دەنگیان بدەنێ یان ڕەنگە دەنگیشیان نەدەنێ. 11.4 وتوویانە نەخێر.
5. بە بڕوای تۆ دەنگ بە حیزب و هاوپەیمانی بدەیت باشترە یان دەنگ بە کەس و تاکی سەربەخۆ دەدەیت؟
سەدا 8 وتوویانە دەنگ بە حیزب دەدەن. سەدا 13.4 وتوویانە دەنگ بە حیزب و هاوپەیمانییەکان دەدەن. 68.6 وتوویانە دەنگ بە تاک و بەربژێری سەربەخۆ دەدەن و سەدا 10ی بەشداربووان وتوویانە هێشتاکە لەو بارەیەوە بڕیاریان نەداوە.
6. ئەو کەسەی وەکوو پەڕلەمانتار هەڵیدەبژێریت دەبێت چ تایبەتمەندییێکی هەبێت؟
پێنج تایبەتمەندیی سەرەکی کە بەشداربووان چاوەڕێی دەکەن پاڵێوراوانی پەڕلەمانی عێراق بیانبێت ئەمانەن: یەکەم دەستپاک و ئەمانەتدار بێت. دووهەم پسپۆڕ بێت و خوێندنەواریی ئاکادیمیایی هەبێت. سێهەم سەربەخۆ بێت. چوارەم لە کاری خۆیدا لێزان بێت. پێنجەم هەگبەی خزمەت کردنی پێبێت و خزمەت کردنەکەشی لای خەڵک هەستی پێکرابێت.
زوبدە و ئەنجامی ڕاپرسییەکە
سێ دەستکەوتی گرینی ئەو ڕاپرسییە بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەکەم: زیاتر لە 60 لە سەدی خەڵکی عێراق لە هەڵبژاردندا بەشداری دەکەن و ڕاپرسییەکەش پیشانی دەدات کە گرووپە سیکۆلارەکان، تیکنۆکراتەکان و کەسایەتیی ئایینییەکان پێگەی کۆمەڵایەتیی بەهێزیان هەیە لە نێو جەماوەری عێراقدا.
دووهەم: دەنگی زۆرینەی عێراق بۆ بەربژێرە سەربەخۆکان دەبێت و ئەوەش جێگای سەرنجە و ڕەنگە چیتر ناکارامەیی و گەندەڵیی حیزبەکان جەماوەری عێراقی ئیزعاج کردبێت. جگە لەوەش دەستپاکی و ئەمانەتداری ئەولەویەتی یەکەمە کە بەڕای بەشداربووان دەبێت بەربژێرەکان بیانبێت و زۆرینەی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە وتوویان دەنگ بەو کەسانە نادەنەوە کە ئێستا لە دەسەڵاتدان. ئەوەش دەیسەلمێنێت کە جەماوەری عێراق چیتر گەندەڵی و کار نەکردنی خاوەن دەسەڵاتەکانی عێراق قبووڵ ناکەن.
سێهەم: ئەنجامی ڕاپرسییەکە سەلماندوویەتی کە دەبێت یەکەم خزمەتگوزاری و گرینگترین کاری دەوڵەتی داهاتووی عێراق چارە کردنی کێشەی ئابووری و خۆمەتگوزاری و بەرپەرچدانەوەی گەندەڵی و دابین کردنی ئاسایشی عێراق بێت.
دیارە نابێت بۆ خوێندنەوەی دۆخی عێراق و داهاتووی هەڵبژاردن تەنها پشت بە ڕاپرسییێکی وەکوو ئەم ڕاپرسییە ببەسترێت بەڵام دیارە ئەو ڕاپرسییە کە زۆر فاکتەری سەرەکیی لەبەرچاو گرتووە بەشێکی زۆری ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی عێراقی تێدا دەردەکەوێت.
سەرچاوە: ئیرنا
کۆ کردنەوە و پێداچوونەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
Your Comment