ڕێگاچار هەیە بۆ ڕاست کردنەوەی لاسەنگیی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان و هەستانەوەی کورد

بەشی دیمانە/ عێراق و هەرێمی کوردستان- یوسف محەمەد سەرۆکی دەست لە کار کێشاوی پەڕلەمانی کوردستان لە دیمانەیێکی کوردپرێسدا وتوویەتی ئەم خولەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بە کەشێکی جیاوازدا تێدەپەڕێت و بڕوای وایە ئەگەر خەڵک بە شێوەیێکی جیدی و بەربڵاو بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات تا ڕادەیێکی زۆر دەتوانێت ببێتە هۆی هێنانە کایەوەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هەرێمی کوردستان.

کوردپرێس- یوسف محەمەد سادق گەنجترین سەرۆک پەڕلەمانی وڵاتی عێراق بوو کە 29ی نیسانی 2014 لە دانیشتنێکی پەڕلەمان و بە گوێرەی ئیستحقاقی پەڕلەمانی بە زۆرینەی دەنگی پەڕلەمانتاران هەڵبژێردرا. ناوبراو نە ئەندامی مەکتەب سیاسیی دوو حیزبی دەسەڵاتداری 22 ساڵ لەوەو پێش (پارتی و یەکێتی) بوو و نە لە بارزانییەکان و تاڵەبانییەکانیش نزیک بوو. بەڵکوو گەنجێکی تەمەن 36 ساڵان بوو. ناوبراو ئەو کاتەی سەرۆکایەتیی پەڕلەمانی وەرگرت خوێندکاری دوکتۆرای قەلسەفەی زانستە سیاسییەکان بوو و هەگبەیێکی جیاوازی بوو لە چاو سەرۆکەکانی پێش خۆی. ئەو سەرۆکە پێشووانە زۆرینەیان خەباتی چەکدارییان لە هەڵگبەدا بوو و لە ڕیزی حیزبە چەپەکاندا دەبینران. و شێوازی چالاکی کردنیان لە حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات دەچوو. بەڵام سەرۆکی نوێی دەسەڵاتی یاسادانەر لە هەرێمی کوردستان نووسەری کتێبێکە بە ناوی " پێداچوونەوەیێک بۆ پڕۆژەی دەستوور لە هەرێمی کوردستان". ئەو سەرۆکە نوێیە بە تایبەتمەندیی جیاوازەوە هاتە ساحەی سیاسی و حیزبی و سیاسەتوانێکی بەرەی سێهەمی هەرێمی کوردستانە. هەر ئەو تایبەتمەندییانەش وای کرد کە یوسف محەمەد سیاسەتێکی نوێ و جیاواز بگرێتە بەر و دەوری پەڕلەمان بۆ چاکسازی کردن زیاتر بکات و کەمتر لە یەک دوو سا توانیی تابۆی ئەو دۆسیانە بشکێنێت کە پێشتر دەستی بۆ نەدەبرا. یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەستۆکترین یاسا بوو. هاوکات لە گەڵ کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کودرستان و پێداگریی چوار حیزبی یەکێتی، کۆمەڵ، گۆڕان و یەکگرتوو بۆ هەموار کردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، هێزی سەر پارتی ڕێگرییان کرد لە هاتنی یوسف محەمەد بۆ هەولێر و هەر بۆیەش تا ئەیلوولی 2017 و چەند ڕۆژێک پێش ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول پەڕلەمان داخرابوو.

سەرەڕای ئەوەی پەڕلەمان کارا کرایەوە یوسف محەمەد وەکوو سەرۆکی پەڕلەمان نەگەڕایەوە سەر پۆستەکەی خۆی و نامەی دەست لە کار کێشانەوەی پێشکەش کرد. داواکەی سەرۆکی پێشووی پەڕلەمانی کوردستان هێشتا تاوتوێ نەکراوە و پشتڕاست نەکراوەتەوە. یوسف محەمەد لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لە شاری سلێمانی و بە لیستی گۆڕانەوە بەشداریی کردووە و هیوای ئەوەیە ئەم جارەیان لە بەغدا ئەجیندا و ئامانجی چاکسازیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دەتەبەر کردنی مافی کورد لە عێراق پەیڕەو بکات.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ یوسف محەمەد لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس- گۆڕان چاوەڕێی چی لەم خولەی هەڵبژاردنی پەڕلەمان دەکەن؟

یوسف محەمەد- لاسەنگییێکی گەورە لە پێوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دروست بووە. ئەو لاسەنگییەش بەشێکی پێوەندیدارە بە ئەو وەزعەی لە نێو هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت و بەشێکیشی پێوەندیدارە بە دەسەڵاتدارانی عێراقەوە. ئەم لاسەنگییە پێویستی بە ڕاست کردنەوە هەیە. بۆیە دەبێت شێوازی نوێنەرایەتی کردنی کورد لە بەغدا بگۆڕدرێت. تەرکیز کردن لە سەر بە دەست هێنانی پۆست بۆ کەسانی دیاریکراو و بە دەست هێنانی بەرژەوەندیی حیزبی بگۆڕدرێت بۆ تەرکیز کردن لە سەر چارە کردنی کێشە ڕیشەییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کە سەرەکیترینیان کێشەی خاکە و پاشان مەسەلەی بودجە و قووتی خەڵکی کوردستان و مەسەلەی نەوت و غاز و پێشمەرگە کە پێویشتە وەکوو هێزێکی نیزامی مافەکانی لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە دابین بکرێت. پاشانیش مەسەلەی کۆی سیستەمی ئیتحادی لە عێراق و ڕێکخستنەوەی بە شێوازێک کە ببێتە سیستەمێکی دەستووری. ئەمانە ئەو پرسانەن کە دەبێت لە داهاتوودا لە عێراق کاری لە سەر بکرێت و ئێمەش دەمانەوێت بە ئەزموونی خۆمان لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە و بە بێ لە بەرچاو گرتنی پلە و پۆست و پایە هاوکار بین لە سەر چارە کردنی ئەم مەسەلانە لەگەڵ بەغدا.

کوردپرێس- دیارە ئێوە زیاتر نیگاتان بەرەو بەغدایە. ئەو ڕاست کردنەوەیە پێویستی بە هاوپەیمانێتییێکی گەورە هەیە. چ لە هەرێمی کوردستان چ لە لایەنە عێراقییەکان. ئایان پێتان وایە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا ئەو هاوپەیمانێتییە بێتە دی؟

یوسف محەمەد- پێم وایە ئەم جارەیان بە حوکمی چەند مەسەلەیێک هەڵبژاردنەکان دەرەنجامەکەی جیاواز دەبێت لە جارانی پێشوو. یەکەم بە حوکمی ئیفلاسی کۆی سیستمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان. دووهەم ئەوەی ئەم جارەیان هەڵبژاردنەکان بە ئاسانی تەزویری تێدا ناکرێت. ئەوەی کە ئەتوانرێ لە داهاتوودا هاوپەیمانییێکی گەورە لە نێوان کورد و بەغدا دروست بکرێت پێوەندیدارە بەوەی کە ئایا کێ براوە دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا و ئەو هێزە براوانە چۆن دەتوانن لە سەر بەرنامەیێکی هاوبەش ڕێککەون. ئەو کات لەوێوە هەوڵی چارە کردنی کێشەکان بدرێت.

کوردپرێس- پارتی و یەکێتی دوو هێزی سەرەکین لە دەسەڵاتی هەرێمدا. پێشبینیی ئئەوەش دەکرێت کە هەر پێگەی نەریتیی خۆیان هەیە و هەموو جومگەکانی دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتووە. پێتان وایە بتوانن گۆڕانکارییێکی ئەوتۆ بە دی بهێنن؟

یوسف محەمەد- بە دڵنیاییەوە هەڵبژرادن شاڕێگەیێکی بنچینەییە بۆ گۆڕانکاری کردن. ئێمەش بڕوامان وایە ئەگەر خەڵک بە شێوەیێکی جیدی و بەربڵاو بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات تا ڕادەیێکی زۆر دەتوانێت ببێتە هۆی هێنانە کایەوەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هەرێمی کوردستان.

کوردپرێس- ئێوە وەکوو لایەنی گۆڕان بۆ ماوەیێکی کورت لە دەسەڵاتدا بوون. ئەو ڕەخنانەی بەتایبەت لە لایەن دەسەڵاتەوە لە ئێوە دەگیرا ئەوەی کە ئێوە لەو کاتەدا نەتانتوانی لە بەرگی موعارزەوە بێنە دەرەوە ئایا ئەوە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کە نەتوانرا باش چاکسازی بکرێت؟

یوسف محەمەد- نەخێر. ئەوەی کە گۆڕان نەیتوانی لە بەرگی موعارەزە بێتە دەرەوە لە بەر ئەوە بوو ئەو سیستمە سیستمێکی سەقەت بوو و لە ڕووی ئابوورییەوە داتەپیو بوو و لە ڕووی سیاسییشەوە تەنانەت پشت ئەستوور نەبوو بە دەنگ و هەڵبژاردن بۆیە زۆر جار ڕێگریی بۆ وەزیرەکانی گۆڕان دروست دەکرد بۆ ئەنجام دانی چاکسازی. لە ئەنجامدا کاتێک لایەنێک لە ئیئتیلافێمدا بەشداریی کردووە و خۆی بە تەنیا دەسەڵاتدار نییە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو شتانەی کە ئەتەوێت بەجێیان بگەیەنیت بۆیە ناچار دەبێت لە شوێنێک ڕێگریی لێکرا بۆ ئەنجام دانی چاکسازی دەنگ بەرز بکاتەوە و ئەوەش شێوەیێکە لە شێوەکانی موعارەزە. بۆیە ئەوەی کە گۆڕان کردوویەتی نوێنەرایەتی کردنی خەڵکە نەک نوێنەرایەتی کردنی دەسەڵات لە بەرانبەر خەڵکدا.

کوردپرێس- هۆکاری دەست لە کار کێشانەوەی بەڕێزیشتان لە پۆستی سەرۆکایەتیی پەڕلەمانی کوردستان هەر ئەمە بوو؟

بە دڵنیاییەوە. ئەو کاتەی کە زانیمان پەڕلەمان ناکارا کراوە تەبعەن ناتوانێت دەستی ڕابگات بە مەسەلە سەرەکییەکان وەکوو قووتی خەڵک و بڕینی مووچەی خەڵک و دیار نەبوونی داهاتەکان بە باشمان نەزانی بگەڕێینەوە پەڕلەمان هەر بۆیەش لە ئەنجامدا دەست لە کار کێشانەوەی خۆم پێشکەش کرد.

کوردپرێس- پاش ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبر بەشێکی زۆری خاک کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەند ئەجیندای ئێوە بۆ بە دەست هێنانی دەنگی کورد لەو ناوچانە چییە؟

یوسف محەمەد- دیارە دەستوور مەرجعەی چارە کردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە. بە داخەوە کورد دەرفەتێکی زێڕینی ئێجگار میژووییی لە دەست دا. بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ئەو خاکەی کە پێی دەوترێت کوردستان هەموو بە دەست کوردەوە بوو. لە سەد ساڵی مێژووی ڕابردووی کورددا ئەوە وێنەی نەبووە کە 2014 بۆ 2017 بینیمان. بەڵام نەتوانرا سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت و لە دەرەنجامی ڕیفراندۆمەوە هەموو ئەو ناوچانە لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە داگیر کرانەوە. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە بگەڕێینەوە بۆ دەستوور و ئەو ڕێوشێونە دەستوورییانەی دانراوە بۆ چۆنیەتیی چارە کردنی ناوچە جێناکۆکییەکان. لەگەڵ ئەوەش پێویستە بە شێوازێکی جیاواز لەلایەن کوردەوە مامەڵە لەگەڵ ناوچە جێناکۆکەکان بکرێت. ناوچە جێناکۆکەکان تەنها کوردی تێدا ناژی وەکوو عەرەب و تورکمانیشی تێدا دەژی. بۆیە پێویستە داهاتی سامانەکانی ئەو ناوچانە لە خزمەتی خەڵکی ناوچەکەدا بێت. بە هەموو پێکهاتەکانیەوە. پێویستە کورد واز لەوە بهێنێت کە ئەو ناوچانە تەنها وەکوو دادۆشینی خێروبێرەکەی و نەوت و غازەکەی ببینێت. بەڵکوو پێویستە وەکوو کێشەی خەڵک و خاک سەیری بکات.

کوردپرێس- بۆچی ڕەخنەی ئەوە دەگیرێت لایەنی کوردی سەرەڕای ئەو نەهامەتییەی بەڕێزتان ئاماژەتان پێدا بە یەک لیست یان بە یەکگرتوویی بەتایبەت لەو ناوچانە بەشدار بێت. ئێوە بە سێ لایەن هاوپەیمانێتیتان کردووە. بۆچی نەتانتوانی یان نەتانکرد لەگەڵ پارتی و یەکێتی یان لایەنەکانی تر لەو ناوچانەدا بەشداری بکەن؟

یوسف محەمەد- یەک لیستی پێویستی بە یەک گوتاری و یەک بەرنامەیی هەیە. نەئەتوانرا لەگەڵ پارتی و یەکێتی یەک بەرنامە و یەک دیدگا هەبێت لە سەر چۆنیەتی کار کردن لە ناوچە جێناکۆکەکان. ئەوان بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هەڵەی گەورەیان کردووە و لە ئەنجامدا بوونە هۆی لە دەست دانی ئەو ناوچانە. بۆیە نەتوانرا تێڕوانینێکی هاوبەش دروست ببێت.

کوردپرێس- بەم پەرتەوازەییەی کە ئێستا لە نێو کورددا دەبینرێت، پێگەی کورد لە داهاتووی حکوومەتی عێراقدا چۆن دەبینن؟

یوسف محەمەد- پێگەی کورد هەر خۆی بۆ خۆی لە ئەنجامی کۆمەڵێک مەوزووعەوە لاواز بووە. هەر لە تەعدیلی یاسای هەڵبژاردنی عێراقەوە کە ساڵی 2010 ژمارەی کورسییەکانی کورد لە چاو کورسیی پێکهاتەکانی تری عێراق کەمی کرد و سیاسەتە هەڵەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەی کە پێوەندیی بە مەسەلەی ئابووری و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆی و کەوتنە ژێر پرسیاری شەرعییەتی سیستمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان. لە هەمان کاتیشدا مەیلی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ زیاد کردنی دەسەڵاتی مەرکەزی و کەم کردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمەکان وای کردووە کە ڕۆڵی هەرێم لاواز ببێت بەڵام بە دڵنیاییەوە لە قۆناغی داهاتوو دەتوانرێت هەستانەوەیێک لەم هەڵوێستانە دروست بکرێت ئەگەر ئەو لیستانەی کە خاوەنی ئێرادەن بۆ هێنانە کایەوەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و بۆ مامەڵە کردن بە شێوازێکی جیاواز لەگەڵ بەغدا بە دوور لە پلە و پۆست و بەرژەوەندیی تایبەت دەتوانرێت ئەو لاسەنگییە ڕاست بکرێتەوە و هەوڵی ئەوە بدرێت کە کێشەکان بە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت.

حەسەن ساڵحی

News Code 13726

Your Comment

You are replying to: .
captcha