تورکیا بە قووڵایی 60 کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان پێشڕەویی کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- توركیا بەقوڵایی 60 كیلۆمەتر خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانیش مەترسیێكی گەورە لەسەر شنگال ئاشكرا دەكات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمیل خدر لێپرسراوی مەڵبەندی شنگالی یەكێتیی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: "لە ئێستادا بارودۆخی شنگال ئاساییە و هیچ كێشەیێک نییە و بارودۆخەكەش وەک خۆی ماوەتەوە".

ناوبراو وتیشی:"ئەوەی لە شنگال ڕویداوە دوو بابەتی گرنگن، یەكەمیان هاتنی سوپای عیراق بۆ شنگال كە ئێستا سنوورەكانیان بەدەستەوەیە، دووەمیش بوونی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) و حەشدی شەعبی لە شارەكەدا یە ئەمانەش لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە".

جەمیل خدر ئەوەشی ئاشكرا كرد ئەو كەسانەی خەڵكی شنگالن و لایەنگر یان سەر بەپەكەكە بوون، ئێستا لەناو حەشدی شەعبیدان و لە دەرەوەی شارەكەن.

بەرپرسەكەی یەكێتیی ئەوەشی ڕوون كردەوە ئێستا لە ناو شاردا ئیدارەیێكی كاتیی بەدانانی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی شنگال كە سەر بە سوپای عێراقن بۆ حاڵەتی لە ناكاو بوونی هەیە.

سەبارەت بە بوونی سوپای توركیا لە نزیک شنگال و مەترسییەكانی لەسەر ئەو قەزایە جەمیل خدر وتی: "بوونی ئەو هێزانە مەترسی لەسەر شنگال هەیە، بەڵام مەترسیەكە خودی شنگال نییە، بەڵكوو بابەتەكە ڕۆژئاوای كوردستانە، چوونكە توركیا لە شنگالەوە دەیەوێت كوردستانی سووریا داگیر بكات".

لەبارەی بەزاندنی خاكی هەرێم و هەڕەشەكانی داگیركردنی شنگال جەمیل خدر ئەوەشی وت: هاتنی سوپای توركیا بۆ شنگال سەركێشیێكی زۆر گەورەیە، چوونكە لە سنووری توركیاوە بۆ شنگال ٦٠كم دوورە ئێستاش كە بنكەی سەربازیی لە سنوورەكە هەیە و ئەوەشی كردوویەتی بەڕاستی سەركێشیێكی گەورەیە.

سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 13249

Your Comment

You are replying to: .
captcha