بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانبە ماڵپەڕی رەسمیی پارتی راگەیاندووە ھاوپەیمانان ئەگەر ھەست بە مەترسیی زۆر و جددیی داعش نەکەن مۆڵگەکانیان بۆردوومان ناکەن، بۆیە ھەست بە مەترسیی جددی دەکەن و دەزانن ژمارەیان زۆر بووە و بەردەوامیش مەترسییەکەیان زیاتر دەبێت، بۆیە داعش بۆردوومان دەکەن.
زێباری وتیشی "ھۆکاری زیادبوونی داعش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناکۆکی لە نێوان حکوومەتی عێراق و بەشێکی زۆری پارێزگاکان ھەیە، جگە لەوەش، بەپێی زانیاریی ئێمە ژمارەی چەکدارانی داعش لە سووریا و عێراق زۆر زیادی کردووە و لە سووریاش کێشەی زۆریان لەگەڵ وڵاتان ھەیە، ئەمەش وای کردووە ژمارەی چەکدارانی داعش لەوێش زیاد ببێت".
بەقسەی زێباری، ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، ناوچەی زۆر بەزەحمەتن و چیایین، وەکوو ناوچەی قەرەچوغ و ناوچەکانی دیکە و داعشیش بە ھۆی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، خۆی رێک دەخاتەوە و ئامادەکاریی خۆی دەکات و دووبارە رێکخستنەکانی خۆی دروست دەکاتەوە و پلانەکانیان دادەنێن و گومرگ وەردەگرن و ھاتوچۆ دەکەن، چوونکە بۆ ئەوان شوێنێکی ئارامە، بۆیە ئەمە ھۆکاری دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعشە.
ناوبراو وتیشی، داعش لەناو ناوچەکانی ھێزەکانی عێراقە لە گوندە سونییەکان و بە رۆژ لەگەڵ ئەواندایە و بە شەو داعشن، بۆیە پێویستە ئەو ناوچانە بە ھێزی ھاوبەش پڕ بکرێنەوە، بەڵام حکوومەتی عێراق نایەوێت، چوونکە تا ئێستا ڕازی نین لیژنەی ھاوبەش دروست بکەن، بۆیە تەنها ھەوڵ ھەیە و ھێشتا نەبوەتە کردار.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment