بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی کردە هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین و وتی: ڕۆژی ڕابردوو ناوەندی عەفرین لەلایەن هێزەکانی سوپای تورکیا و سوپای ئازادی سووریاوە کۆنترۆڵ کرا و ئەمەش گرینگترین قۆناغی ئۆپەراسیۆنەکە بوو. ئەم ڕەوتە لە مەنبەج، سەرێکانی و قامیشلوو تا هەڵوەشاندنەوەی تەواوی کۆریدۆری تیرۆر بەردەوام دەبێت. کەمپی تیرۆر لە باکووری عێراقیش کۆنترۆڵ دەکرێن و ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی لەناو دەبرێت. ئەگەر ئێوە ناتوانن چارەسەری بکەن ئێمە خۆمان چارەسەری دەکەین. شەوێک کتوپڕ دێینە شەنگال و لە هێزی پەکەکە پاکی دەکەینەوە.
لە درێژەی وتەکانیدا ئاشکراشی کرد: ڕووداوەکانی عەفرینتان بینی. ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتیشتان بینی. لێرە ئەو بەڵێنەیان نەبردە سەر کە بە ئێمەیان دابوو. لە قەڵغانی فوراتیش لەگەڵ باراک ئۆباما قسەم کرد و بەداخەوە ئەو چەکانەیان نەدا پێمان کە داوامان کردبوو. خۆمان ئۆپەراسیۆنەکەمان دەست پێکرد و ناوچەیێک بە ڕووبەری ٢ هەزار کیلۆمەتری دووجامان پاک کردەوە و کۆنترۆڵمان کرد. ١٤٠ هەزار کەس گەڕانەوە بۆ ئەوێ و ئاسایشیشی ئێمە دابین دەکەین. ئێستاش لە عەفرینداین و ئەگەر دەڵێن کارەکە کۆتاییی پێهاتووە دەڵێم نا. ڕەنگە بۆمب و تەڵەی تەقینەوە دژ بە هێزەکانی تورکیا و سوپای ئازادی سووریا هەبێت. پاکسازی درێژەی هەیە و ئێستا جارێ ڕستەکەمان تەواو نەکردووە و خوا بیهەوێت تەواوی دەکەین و نوختەشی بۆ دادەنێین.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی ملیەت
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment