لە ماوەی دوو ساڵدا دەوڵەتی مه‌سروور بارزانی‌ 26 رۆژنامه‌نووس و چالاکی زیندانی کردووه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- په‌رله‌مانتاری سویدی به‌ رەچه‌ڵه‌ک کورد دەڵێت که‌  دەوڵەتی مه‌سروور بارزانی‌ 26 رۆژنامه‌نووس و چالاکی لە ماوەی دوو ساڵدا زیندانی کردووه‌.

کوردپرێس: ئاژانسی میللەت بڵاوی کردۆتەوە ئامینه‌ کاکه‌باوه‌ په‌رله‌مانتاری سویدی له‌کاتی وته‌کانیدا له‌ په‌رله‌مانی‌ سوید وێنه‌ی رۆژنامه‌نووس و چالاکوانه‌ ده‌ستگیرکراوه‌کانی هەرێمی کوردستانی به‌رزکردووه‌ و رایگه‌یاندووە:‌ "حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چه‌ندین جار خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ و ده‌ربڕینی ئازادی بیروڕای سه‌رکوت کرد و ڕۆژنامه‌نووسانی رەخنه‌گریش ڕفێندراون".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتوویە: "رۆژنامه‌نووسان و چالاکانی بادینان به‌هۆی ره‌خنه‌ گرتن له‌ حکوومه‌ت زیندانی کراون و سزادراون، به‌تایبه‌ت شێروان شێروانی".

ئامینه‌کاکه‌باوه‌ له‌باره‌ی شێروان شێروانیه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی سوید باسی‌ له‌وه‌ کرد که‌ "شێروان خاوه‌نی پێنج منداڵه‌ و زیاتر له‌ شه‌ش مانگه‌ به‌بێ دادگایی کردن زیندانی کراوه‌، به‌شێکی زۆر له‌ ڕێکخراوه‌کانی جیهان قسه‌یان له‌سه‌ر دۆسیه‌کی کردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی مه‌ترسیه‌ به‌کارهێنانی یاساکانی سه‌رده‌می سه‌دامه‌ بۆ سزادانی ئه‌و که‌سانه‌ی ره‌خنه‌ ده‌گرن به‌تایبه‌ت ماده‌ی 156 ی سزادانی عێراقی".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌ راشیگه‌یاند که‌ "ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌ک هه‌ر بۆ من به‌ڵکوو بۆ به‌شێکی زۆر له‌ کوردانیش جێگه‌ی سه‌رنجه‌، چوونکه‌ ئه‌وان ده‌یان ساڵ بۆ ئازادی شه‌ڕیان کردووه‌".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1267

Your Comment

You are replying to: .
captcha