بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتور حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری وڵات لە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەمەی لیژنەی دەوڵەت وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی دەوڵەت لە هەرسێ وەزیرەکە پێیانی ڕاسپارد بە ڕوونی و ئاشکرا و بە شێوەی پێویست باسی خزمەتگوزارییەکانی خۆیان شی بکەنەوە.
سەرۆککۆمار وتی ئەم وەزیرانە ٦ مانگ پێش ئێستا دەنگی متمانەیان پێدراوە و ئەم ماوەیە تۆزێک کەمە بۆ ئەوەی گومان بکرێتە سەر ئاکار و متمانەیان و هیوای خواست دەرەنجامی ئەم لێپێچینەوەیەش دیسانەوە دەنگی متمانەی نوێنەران بە وەزیرەکانی دەوڵەت بێت.
لە درێژەدا ڕۆحانی ئاماژەی کردە خزمەتگوزارییەکانی ئاخوندی وەزیری ڕێگا و شارسازی لە بواری ڕێگای ئاسن، جادە، خزمەتگوزاریی ئاسمانی، گەشەی بەندەرەکان و بواری خانوو و شارسازی لە ماوەی دەوڵەتی یازدەهەم و ماوەی کەمی دەوڵەتی دوازدەهەم و وتی سەرەڕای هەموو سنوورەکان ئەم خزمەتانە شیاوی ئاوڕ دانەوەن و داواشی لە وەزیرەکەی خۆی کرد هەموو ئەمانە بۆ خەڵک شی بکاتەوە.
لە وەزیری جیهادی کشتوکاڵیش داوای کرد ڕاپۆرتێک سەبارەت بە هەڵمەتەکانی ئەو وەزارەتخانەیە لە بواری گەشەی بەرهەمهێنانی گەنم، شەکر، ڕۆن، کولزا و باشتر بوونی ئاستی بازرگانیی هاوردە و هەناردەی خۆراک، دابین کردنی خۆراک و جووڵە بەرەو سەربەخۆیی لە بواری خۆراکەوە و پەروەردەی ماسی لە دەریا و پەرەپێدانی کشتوکاڵی گوڵخانەیی و برەوپێدانی شێوازی نوێ و سەردەمیانەی کشتوکاڵ ئامادە بکات و ئاراستەی خەڵک و نوێنەرانی بکات.
ڕۆحانی بە جەنابی ڕەبیعی وەزیری هەرەوەزی، کار و ئاسوودەیی کۆمەڵایەتیش ڕایسپارد سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی بیمە و گەشە سەندنیان بەتایبەت لەنێو چینی هەژار و لاواز، باشتربوونی دۆخی کرێکاران، سامان پێدانی سندووقەکانی خانەنشینی، بەرزبوونەوەی ئاستی خزمەتگوزاری بەتایبەت بۆ یەک لە دەی خوارەوەی کۆمەڵگا و منداڵانی بێ سەرپەرشت و ژنانی سەرپەرشتی بنەماڵە و کەمئەندامان و بەرز کردنەوەی ئاستی داببینکاریی کۆمەڵایەتی و هەروەها گەڵاڵەی نوێ ڕەخساندنی هەلی کار بەتایبەت لە گوندەکاندا کە ئێستا دەستی پێکردووە قسە بکات و بۆ خەڵک و نوێنەرەکانیان ڕوونی بکاتەوە.
سەرچاوە: بنکەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment