دابه‌زینی ڕێژه‌ی کورد له‌ سوپا، هه‌ڕه‌شه‌ی جیدییه‌ دژ به‌ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌ریق بابه‌کر زێباری سوپاسالاری پێشووی سوپای عێراق له‌ دیمانه‌یێکی کوردپرێسدا ئیتیفاقی پێشوو له‌سه‌ر ڕێژه‌ی به‌شداریی هه‌ریه‌که ‌و له‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان به‌ هێزی سه‌ربازی و ئه‌منیی ئه‌و وڵاته‌، دۆخه‌که‌ی ئێستا و دابه‌زینی ڕێژه‌ی کورد له‌ سوپا و هێزی ئه‌منیی عێراق به‌ مه‌ترسی ده‌زانێت که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌و وڵاته‌ ده‌کات.

کوردپرێس: ده‌کرێت بڵێین 16ی ئه‌کته‌وبری 2017 و ڕۆژانی پاش ئه‌و ڕێکه‌وته‌ که‌ سوپا و دیکه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی عێراق له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ چه‌کیان له‌ یه‌کیان کێشا جیدیترین جه‌ره‌سه‌ی مه‌ترسی بوو له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌و وڵاته‌ که‌ پاش 2003 و ڕووخانی سه‌دام هاته‌ گۆڕێ. دۆخی نوێی ئێستا له‌ حاڵێکدا بوو که‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش ئه‌و دوو هێزه‌ له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ردا خاکی عێراقیان پاراست. په‌یڕه‌و کردنی هه‌ندێک سیاسه‌ت له‌ لایه‌ن هه‌ولێر و به‌غداوه‌ هۆکاری سه‌ره‌کیی ئه‌م گرفته‌ قووڵه‌ی نێوان دوو لایه‌ن بوو. له‌م نێوانه‌دا نه‌مانی پێوه‌ندیی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق که‌ له‌ ئاکامدا ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی سه‌ربازیی نێوان دوو لایه‌نی لێکه‌وته‌وه‌ ئێستاش ئاسایی نه‌بۆته‌وه‌ و بابه‌تێکی چاره‌نووسسازه‌ که‌ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت لێکه‌وته‌ی مه‌ترسیدارتری ده‌بێت بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس به‌ مه‌به‌ستی شی کردنه‌وه‌ی ڕه‌وت و ڕێژه‌ی به‌شداری کردنی لایه‌نی جۆربه‌جۆری قه‌ومی و ئایینزایی له‌ سوپا و هێزی ئه‌منیی عێراق و هۆکاری ئه‌م ئاڵوگۆڕانه‌ی کراوه‌ دیمانه‌یێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌گه‌ڵ فه‌ریق بابه‌کر زێباری سوپاسالاری پێشووی عێراق ئه‌نجام داوه‌. ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌وه‌:

کوردپرێس: ئێوه‌ وه‌کوو سوپاسالاری پێشووی عێراق ئاگاداری زۆر بابه‌تن له‌ نێو سوپادا. له‌ 2003وه‌ ڕێژه‌ی به‌شداریی کورد له‌ نێو هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عێراق چه‌ند بوووه‌ و تا ئێستا چ گۆڕانکارییێکی به‌سه‌ردا هاتوووه‌؟

بابه‌کر زێباری: له‌ کاتی بیدایه‌ت به‌پێی ده‌ستوور ته‌وازن هه‌بوو به‌ڵام ئێسته‌ ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌. ڕێژه‌ی کورد له‌و هێزانه‌دا 20 له‌ سه‌د دانرابوو، 25 له‌ سه‌د بۆ سوننه‌، 50 له‌ سه‌د بۆ شیعه‌ و 5 له‌ سه‌دیش بۆ که‌مینه‌کانی تر بوو. ئه‌و کات به‌شداریی هه‌موان زۆر بوو. پێشمه‌رگه‌ی زۆر له‌ هێزه‌کانی عێراقدا بوون. فرقه‌ی 3 له‌ ته‌له‌عفه‌ر و شنگال، فرقه‌ی 2 له‌ مووسڵ، فرقه‌ی 4 له‌ که‌رکووک، فرقه‌ی 12 له‌ سه‌ڵاحه‌دین و فرقه‌ی 5 له‌ دیاله‌ ئه‌کسه‌ریان کورد بوون. یه‌عنی ڕێژه‌یێکی باش بوو. واتا ئه‌گه‌ر 20 له‌ سه‌دیش نه‌بوو به‌ڵام 15 له‌ سه‌د ده‌رده‌چوو. پاش ئه‌م ڕووداوانه‌ و پاش داعش و ئه‌و موشکیلاتانه‌ی له‌ نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا ڕێژه‌ی کورد له‌ ڕیزی هێزه‌ عێراقییه‌کاندا شتێکی ئه‌وتۆی نه‌ماوه‌ و ڕه‌نگه‌ 1 یان 2 له‌ سه‌د مابێت.

کوردپرێس: وه‌کوو به‌ڵگه‌ بۆ مێژوو، ئه‌و ته‌وافوقه‌ی به‌ڕێزتان ده‌یڵێن چ ساڵێک بوو و له‌ نێوان چ لایه‌نێک کرا؟

بابه‌کر زێباری: ئه‌و ڕێژه‌یه‌ کاتێک ده‌ستووری عێراقی داڕێژرا دیاری کرا و ئیتفاق کرا له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ئه‌و کاته‌دا که‌ مه‌جلیس حوکم بوو. کاتی مه‌جلیس حوکم ئه‌و کاره‌ وه‌کوو ته‌وازن کرا. ڕێژه‌که‌ ته‌قریبی بوو و کاتێک مه‌جمووعه‌ ده‌چووه‌ ده‌وره‌ ئه‌و ڕێژه‌یه‌ ڕچاو ده‌کرا که‌ کامه‌ هێز بچێت بۆ ده‌وره‌ کامه‌ نه‌چێت. چه‌ند سوننه‌، چه‌ند شیعه‌، چه‌ند کورد... تا ئه‌و جێگایه‌ی مومکین ده‌بوو ئه‌و ڕێژه‌یه‌ ڕچاو ده‌کرا.

کوردپرێس: پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌مه‌یه‌ له‌ که‌یه‌وه‌ و به‌ چ هۆکارێک ئه‌و که‌م بوونه‌وه‌یه‌ ده‌ستی پێکرد؟

بابه‌کر زێباری: تا شه‌ڕی داعش باش بوو. ساڵی 2014 که‌ شه‌ڕی داعش ده‌ستی پێکرد و ئه‌و فیرقانه‌ی سوپای عێراق له‌ باکوور وه‌کوو مووسڵ و ته‌لعه‌فه‌ر و که‌رکووک بوون له‌ ناو چوون. ئه‌و چوار فیرقه‌ هه‌موو له‌ناو چوون و کوردیش گه‌ڕایه‌وه‌ کوردستان. هێزی عه‌ره‌بیش چوونه‌وه‌ باشوور و له‌ سوپا دابڕان. منیش وه‌کوو ڕه‌ئیس ئه‌رکان له‌وێ نه‌مام و هه‌موو ئه‌و مه‌ناسیبانه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری هی کورد بوو به‌ کورد پڕ نه‌کرایه‌وه‌.

کوردپرێس: ئێستا هێزی پێشمه‌رگه‌ خۆی به‌ هێزێکی عێراقی ده‌زانێت به‌ڵام ئایا فه‌رمانده‌ییی ئه‌م هێزه‌ له‌ ده‌ست به‌غدا و حکوومه‌تی ناوه‌نددایه‌؟ هۆکاری ئه‌م ناهه‌ماهه‌نگییه‌ چییه‌؟

بابه‌کر زێباری: ئه‌م هێزه‌ به‌پێی ئیتیفاق به‌شێک له‌ مه‌نزوومه‌ی دیفاعیی عێراقی بوو، هه‌روه‌هاش بڕیار بوو ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی عێراقی پێویستی به‌م هێزه‌ بوو که‌ بڕواته‌ ناوه‌ند و باشووری عێراق هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر ڕه‌ئیی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بنێردرێنه‌ ئه‌و ناوچانه‌ و ماوه‌ی جووڵه‌ کردنی ئه‌و هێزه‌ بۆ ناوچه‌ی مه‌رکه‌زی و باشووری عێراق نابێت له‌ سێ مانگ تێپه‌ڕ ببێت و پاش سێ مانگ ده‌بێت ته‌جدید بکرێت. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر جه‌یشی عێراقی بێته‌ هه‌ریمی کوردستان ده‌بێت موافه‌قه‌تی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان وه‌ربگرێت. له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ ڕێککه‌وتن کرابوو به‌ڵام ئێستا دۆخه‌که‌ سه‌رسووڕهێنه‌ر و دژواره‌ و که‌س پێبه‌ندی ئه‌و ئیتیفاقانه‌ نییه‌.

کوردپرێس: پێشتر سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌رکی سه‌رۆکی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی هه‌رێمی کوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌ بوووه‌ و ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌کانی ڕاده‌ستی ئه‌و سێ لایه‌نه‌ حکوومییه‌ کردوووه‌ کێ خۆی به‌ به‌رپرس ده‌زانێت؟

بابه‌کر زێباری: ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌که‌ ته‌نفیزییه‌ واتا هه‌روا که‌ ئاماژه‌تان کرد ئێستا فه‌رمانده‌ییی هێزی چه‌کداری هه‌رێمی کوردستان وه‌ئه‌ستۆی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانه‌. دیاره‌ ئۆتۆماتیکی ئیشه‌ ته‌نفیزییه‌کان ده‌چێته‌ لای ئه‌و پۆستانه‌ی پێی ته‌نفیز ده‌کرێت واتا ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌که‌ له‌ حه‌وزه‌ی قه‌زاییدا بێت ده‌سه‌ڵاته‌که‌ ده‌چێته‌ په‌رله‌مان.

کوردپرێس: به‌ڕێزتان 11 ساڵ سه‌رۆک ئه‌رکانی هێزی چه‌کداری عێراق بوون. لێکه‌وته‌ سه‌لبییه‌کانی که‌م بوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی کورد له‌ سوپا و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عێراق و نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی و ته‌وافۆق له‌ نێوان ئه‌م دوو هێزه‌دا به‌ چی ده‌بینن؟

بابه‌کر زێباری: ئێستاکه‌ هێز و قواتێکی کورد له‌ سوپای کورد نه‌ماوه‌. دیاره‌ خود به‌ خود ته‌وافوقیش نامێنێت یه‌عنی پێشتریش که‌ کورد له‌وێ بوو به‌شێک بوو له‌ مه‌نزوومه‌ی دیفاعیی عێراق و ده‌بێت په‌یڕه‌وی قه‌رار و ده‌ستووراتی قائیدعامی قوات موسله‌حی عێراق بکات نه‌ک هه‌رێمی کوردستان چوونکه‌ به‌شێک له‌ هێزی سه‌ربازیی عێراق بوون و ئه‌وکات من وه‌کوو فه‌رمانده‌یێکی پێشمه‌رگه‌ ده‌بوو ژێر فه‌رمانی قائیدعامی عێراق بم نه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان.

کوردپرێس: له‌ ڕووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه‌ له‌ درێژخایه‌ندا نه‌مانی کورد له‌ نێو هێزی سه‌ربازی و ئه‌منیی عێراقدا چ کاریگه‌رییێکی ده‌بێت؟

بابه‌کر زێباری: ئه‌وه‌ زۆر وازحه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌وازونه‌ تێک بچێت زۆر خه‌ته‌ره‌. ئه‌وکاته‌ی ئه‌و ته‌وازونه‌ دانرا به‌ شیعه‌ و سوننه‌ و کورد و دیکه‌ی که‌مینه‌کانه‌وه‌ ته‌وازونه‌که‌ ته‌وازونێکی وه‌ته‌نی بوو بۆیه‌ ده‌بوو ئه‌و هێزه‌ به‌ هیچ شێوه‌یێک سیلاح دژ به‌ میلله‌ته‌که‌ی نه‌گرێت. ئه‌و جه‌یشه‌ ئه‌بێت نزیکی حدوودی هیچ ده‌وڵه‌تێک نه‌بێته‌وه‌ یان ئیلا ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر په‌سه‌ندکراوی په‌رله‌مان و سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بتوانێت ته‌داخول بکات ئه‌گینا هێزی حه‌ره‌س حدوود بۆ پاراستنی سنوور و ئاسایشی سنووره‌کانه‌ به‌ڵام ئێستا بینیمان سوپای عێراق داوای سنووره‌کانیش ده‌کات و شه‌ڕیش له‌گه‌ڵ دیکه‌ی لایه‌نه‌کان ده‌کات.

کوردپرێس: هێزی سوننه‌ چی؟ ئایا ڕێژه‌ی به‌شداریی هێزی سوننه‌ش له‌ سوپای عێراق که‌می کردوووه‌؟

بابه‌کر زێباری: هێزی سوننه‌ش هه‌یه‌ به‌ڵام نه‌بۆته‌ 25 له‌سه‌د. مومکینه‌ 10 بۆ 15 له‌سه‌د بێت چوونکه‌ کێشه‌ی جیدی هه‌یه‌ بۆ به‌شداریی ئه‌وان. هێزی سوننه‌ له‌ پێشدا نه‌ده‌هاتنه‌ سوپای عێراق. ئه‌لقاعیده‌ و به‌عسییه‌کان له‌و ناوچانه‌ بوون و زۆر ئاسان نه‌بوو بێنه‌ ناو جه‌یشی عێراقی. هه‌مووشیان دژی حکوومه‌تی نوێ بوون. به‌شداری کردنی گه‌نجه‌کان له‌ سوپای عێراق مومکین نه‌بوو.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12397

Your Comment

You are replying to: .
captcha