لەبارەی بەنێودەوڵەتی کردنی مەرزی سەیرانبەن بەرپرسانی پارێزگای سنە و شاندێکی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە

بەشی کوردستان- بەمەبەستی دەستپێکردنی رێکارەکانی بەنێودەوڵەتی کردنی مەرزی سەیرانبەن وەفدێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێرانیان کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی راگەیاندنی بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند ڕۆژی یەکشەممە چەتۆ ساڵح سەعید بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ مەهدی شووشتری سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئازاد محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و لەیلا عەلی جێگری پارێزگاری سلێمانی و عمید کاکەبرا فەرماندەی لیوای پاسەوانی سنووری پارێزگای سلێمانی و لێپرسراوانی ئیدارەی قەزای پێنجوێن، سەردانی مەرزی سەیرانبەنی کرد.

لە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی پارێزگای سنە و شاندەکەی هەرێمی کوردستاندا لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش هەبوو بۆ خێرا راپەڕاندنی هەنگاوەکانی بەنێودەوڵەتی کردنی مەرزی سەیرانبەن.

سەرەتا وەفدی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەهمەن مورادنیا پارێزگاری سنە و ڕۆستەم پوور قایمقامی قەزای بانە و لێپرسراوانی ئیداریی مەرزەکە، بەشەکانی مەرزی سەیرانبەنیان لە هەردوو دیوی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەسەر کردەوە.

دواتر وەفدەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێ کردنی هەنگاوەکانی بەنێودەوڵەتی کردنی مەرزی سەیرانبەن و گەیشتن بەلێکتێگەیشتنێکی هاوبەش، سەردانی قەزای بانەیان کرد.

لەکۆبونەوەکەدا پارێزگاری سنە بەگرنگییەوە لەسەردانی وەفدەکەی هەرێمی کوردستانی ڕوانی و رایگەیاند ئەم سەردانە گرنگە بەلای ئێمەوە چوونکە قسە لەسەر بابەتێک دەکەین کە سودی زۆری بۆ هەردولا هەیە.

پاشان قایمقامی بانە خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی وەفدی باڵای هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکین لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.

لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا مەهدی شووشتری سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی وتی هەرچییەکمان پێ بکرێت هاوکار دەبین بۆ بەنێودەوڵەتی کردنی مەرزی سەیرانبەن.

لەبەرامبەردا لیوا چەتۆ ساڵح بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند: ئێمە بەنوێنەرایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی ئەم کۆبوونەوەیەین، جەختیشی کردەوە کە وەک هەرێمی کوردستان هەرچی زووە ڕێکارەکانی بەنێودەوڵەتی کردنی مەرزی سەیرانبەن تەواو دەکەین، چوونکە بەنێودەوڵەتی کردنی مەرزەکە سەرباری کورت کردنەوەی رێگای هاتوچۆی هاوڵاتیان و دەستەبەر کردنی هەلی کاری زیاتر بۆ خەڵکی سنوورەکە، دەتوانین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران زیاد بکەین لەپێناوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولادا.

چەتۆ ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد کە لەئێستادا ساڵانە بەبەهای نزیکەی ٢٣٠ ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی کاڵا و شتومەک دەکرێت لەم مەرزەدا، بە بەنێودەوڵەتی کردنیشی، چاوەڕوان دەکرێ ئەو بڕە هەڵبکشێت بۆ نزیکەی دوو هێندە.

لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەشدا لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کۆی کێشە و کەموکورتیەکان و خێرا راپەڕاندنی هەنگاوەکانی بەنێودەوڵەتی کردنی مەرزی سەیرانبەن لەنێوان هەردوولا دەست نيشان کرا تاوەکوو له ئایندەیێکی نزیکدا ڕێکەوتنی کۆتایی واژو بکرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1182

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha