ئەو دەم سەرکەوتین کە هەموومان یەک بووین/ ئێمە یەک گەلین و یەک ئارمانجمان هەیە

بەشی ئێران- حەسەن ڕۆحانی لە ئاپۆڕەی خەڵکی تاراندا کە بۆ ڕێپێوانی 22ی ڕێبەندا هاتبوونە سەر شەقام لێدوانێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لە سەر دەستوور و یەکڕیزیی وڵات کردەوە و گوتی ئێستا بە ئاشکرا دەبینین ئەمریکا و زایۆنییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر و بێ‌هێزتر دەبن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس خەڵکی تاران وێنەی دیکەی شارەکانی ئێران ئەمڕۆ لە یادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا بەشداریی ڕێپێوانی بیرەوەریی 39هەمین ساڵی ئەو سەرکەوتنەیان کرد و حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەو ڕێپێوانەدا وتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی لێدوانەکەیدا تیشکی خستە سەر زەروورەتی یەکڕیزی و ئینتیما بە دەستوور و یاسای وڵات و ڕای‌گەیاند: هەموو جەماوەری ئێران بە شیعە و سوننەوە کە دەستووری ئێرانیان قبووڵ کردوووە خەڵکێکی شۆڕشگێڕن.

ڕۆحانی زیادی کرد: ئێستا پێ دەنێینە 40هەمین ساڵی سەرکەوتنی شۆڕش و دەبێت ساڵی داهاتوو بەڕاستی ساڵی پێگەیشتنی شۆڕش بێت.

ناوبراو جەختی کردەوە: ئەم شۆڕشە ئەو دەم سەرکەوت کە ئێمە هەموومان یەک بووین و لەم ڕێبازەشدا ژمارەیێک لەو کەسانە لە شەمەندەفەڕی شۆڕش دابەزین و ئێستا کاتی ئەوە هاتۆتەوە هەموومان سەرکەوین بەرەو سەرکەوتنی شۆڕش چوونکە ئێمە گەلێکین کە ئارمانجی هاوبەشمان هەیە.

سەرۆک کۆماری ئێران تیشکی خستە سەر سەرکەوتنی ئێران لە هەڵبژاردنەکاندا و تۆمارکردنی ڕێژەی 73 لە سەدی دەنگ و گوتی ئەوە سەرکەوتنێکی مەزن بوو بۆ گەلی ئێران.

ڕۆحانی پەنجەی بۆ شەڕی دژەتیرۆری ناوچەکە ڕاکێشا و گوتی لەم ماوەیەدا تیرۆریستان و پاڵپشتانی تیرۆر شکستی زۆریان لە ناوچەکە هێناوە و پیلانگێڕان بەنیاز بوون دزە بکەنە نێو خاکی ئێرانیش بەڵام گەلی ژیر و بەبیری ئێران هەموو ئەو پیلانانەیان پووچەڵ کردەوە.

ڕۆحانی ئاماژەی بە ڕووداوەکانی لوبنانیش کرد و وتی: ئێران بەردەوام هاوکارە لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و پێویستە هەموان لە سەقامگیر کردنی ناوچەکە دەوری کارا بگێڕن.

سەرۆک کۆماری ئێران سەبارەت بە پرسی ڕێککەوتنی بەرجامیش دووپاتی کردەوە ئێران پێبەندە بە دەقی ئیتفاقی بەرجام بەڵام ئەمریکا چەندین جار لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەوڵی داوە ئەو ڕێککەوتنە بسڕێتەوە بەڵام تا ئەمڕۆکە سەرکەوتوو نەبوووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 11465

Your Comment

You are replying to: .
captcha