زەروورەتی گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییە خاوەن نفووزەکان لە شەنگال

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕێککەوتنی دیموکراتیکیی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئەو هێزانەی کە خاوەن قورسایین لە شەنگال پێویستە لەگەڵ یەک دابنیشن و گفتوگۆ بکەن چوونکە ئەمە تاکە چارەسەرە بۆ چارەکردنی کێشەکانی ئەو ناوچەیە.

کوردپرێس:

سەرۆکی پارتی ڕێککەوتنی دیموکراتیکیی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە ناکۆکیی نێوان پارتی و پەکەکە لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە شەنگال کرد و ڕایگەیاند هەر وا کە ئاشکرایە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چەقی پێکدادان و ململانێی فەرهەنگ و شارستانیەتە و ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەش لە باری سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە بۆتە شوێنێک بۆ خەبات شەڕ و نفووزی دەسەڵاتە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان و خەڵکی کوردیش لەو ناوچە پڕ لە ڕووبەڕووبوونەوەیەدا دەژین.

ناوبراو گوتیشی: مەسەلەی شەنگال بە تایبەتی بۆتە ململانێیێکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کە ڕەهەندی جیۆپۆلەتیکی و سەربازی و ئابووری لە خۆ دەگرێت و ئەو ململانێیەش لە سەر شەنگال تەنها بۆ ململانێی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکان کورت نابێتەوە بەڵکوو ململانێی نێوان وڵاتانی هەرێمی و عێراق وەک وڵاتی خاوەن سەروەرییە.

ناوبراو دەشڵێت: هێزە کوردییەکان لە سەر دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لەبارەی داهاتوو ناوچەکە لەگەڵ یەکتر ناکۆکییان هەیە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە شەنگال پاش ئازادبوونی لە دەستی داعش هێشتا دەستدرێژیی دەکرێتە سەر.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: بە ڕای من پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئەو هێزانەی کە لە شەنگال خاوەن قورسایی و نفووزن پێویستە لەگەڵ یەکتر دابنیشن و گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو ناوچەیە.

سەرۆکی پارتی ڕێککەوتنی دیموکراتیکیی کوردستانی سووریا زیادیشی کرد: بە بێ گفتوگۆ لایەنەکان ناگەنە ئەنجامی دڵخواز و کێشەکانیشیان قووڵتر دەبێت نەخواۆەڵا لەو حاڵەتەدا کە بەهۆی ئەو ململانێیەوە ڕکابەریی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ پەرەپێدانی نفووز و کۆنتڕۆڵیان لە شەنگال زیادی کردووە.

ناوبراو لە کۆتاییدا زیادیشی کرد: من لەو قەناعەتەدام کە پێویستە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان دەوڵەمەند بکرێت بۆ ئەوەی چارەسەر بۆ مەسەلەی ئێزدییەکانی شەنگال و عێراق و هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە. ئەمانە خاڵی سەرەکین. دەوڵەتی عێراقیش پێویستە هەموو جۆرە دەستوەردانێکی بیانی سڕ بکات و گەرەنتیی بەرگری کردن لە سەروەریی وڵاتەکەی بکات و هەروەها ئەرکە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر شەنگال و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچەیە ڕاپەڕێنێت.

News Code 1135

Your Comment

You are replying to: .
captcha