بەپێی هەواڵی کوردپرێس سەید قاسم جاسمی نوێنەری خەڵکی کرماشان لە پەڕلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی فەرمیی ئەمڕۆی پەڕلەماندا بە توندی ناڕەزاییی لە دۆخی لێقۆماوانی بوومەلەرزەی کرماشان دەربڕی و ڕایگەیاند: لەم سەرما و سۆڵەیەدا لە هەندێک لە خێوەتەکانی لێقۆماواندا دەبێت بە بەلەم هاتوچۆ بکەیت.
ناوبراو داوای لە دەوڵەت کرد لەوە زیاتر بەرانبەر بەو لێقۆماوانە خەمسارد نەبێت و دەستبەجێ هەنگاوی پێویست بۆ هەموار کردنەوەی دۆخی ژیانیان هەڵبگرێت و وتی: ئەگەر دەوڵەت ناتوانێت یارمەتیی لێقۆماوانی کرماشان بدات با یارمەتی لە ئەفغانستان و عێراق وەربگرین.
پاش بوومەلەرزەکەی کرماشان دەوڵەت بڕیاری هەندێک یارمەتی و ئاسانکاری و فریاکەوتنی بە خەڵکی ناوچەکە دا و لەو بوارەشدا هەندێک هەنگاوی پێویستی سەرەتایی هەڵگیرا بەڵام ئەوە چەندەمین جارە کە نوێنەرانی کرماشان و ناوچەکە بە توندی ڕەخنە لە دەوڵەت و دام و دەزگای جێبەجێکار دەگرن و داوا دەکەن بە هانای ئەو خەڵکە لێقۆماوەوە بچن.
پاش دەست پێکردنی وەرزی سەرما و بە تایبەت بەفر بارینی ئەم دواییە دۆخی لێقۆماوانی بوومەلەرزە و خێوەتنشینەکان زۆر نالەبار بوووە و پێویستیان بە فریاکەوتنی خێرا هەیە و دەوڵەت لە باری کار و باری بانکی و یارمەتیی بنەماڵەی لێقۆماوان بۆ دابین کردنی خانووبەرە یان لانی کەم کانێکس ڕەخنەی زۆری لێگیراوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment