بۆچی ڕووسیا له‌ ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین یارمه‌تیی تورکیا ده‌دات؟/ لیۆنید عیسایۆف

به‌شی وتار/ جیهان- تورکیا 20ی جانیڤێریی 2018 هێرشی وشکانی و ئاسمانیی ۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌ست پێکرد که‌ به‌ ده‌ست کورده‌کانی سووریاوه‌یه‌.

کوردپرێس: کاتێک ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ چوووه‌ پێشێ ده‌رکه‌وت ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی تورکیا به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندیی ئاشکرای ڕووسیا مومکین نه‌بوووه‌. پێش هه‌موو شتێک هێزی ئاسمانیی تورکیا بۆ فڕین له‌ ئاسمانی سووریا پێویستی به‌ ڕاوێژ و ئیزنی ڕووسیا بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش تورکیا پێش یه‌کخستن و جووڵه‌ کردن به‌ هێزی سوپای ئازاد به‌ره‌و عه‌فرین ده‌بوو له‌لایه‌ن ڕووسیاوه‌ ئه‌و گه‌ره‌نتییه‌ی وه‌رگرتبا که‌ به‌شار ئه‌سه‌د هه‌له‌که‌ نه‌قۆزێته‌وه‌ و بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی پاڵپشتی‌کراوی تورکیا له‌ ئیدلیب هه‌وڵ نه‌دات.

هێزی کورد- عه‌ره‌بی سووریا ناسراو به‌ هێزی دیموکراتیکی سووریا که‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریکایه‌ ده‌یانزانی که‌ تورکیا به‌ بێ هه‌ماهه‌نگیی ڕووسیا نه‌یده‌توانی ئۆپه‌راسیۆنی لقی زه‌یتوون ده‌ست پێبکات هه‌ر بۆیه‌ش به‌رپرسانی هێزی سوپای دیموکراتیکی سووریا ڕایان‌گه‌یاند: هیوایان به‌ هه‌ڵوێستی ڕووسیا له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌ماوه‌.

ژێنڕاڵ سیپان حه‌مۆ فه‌رمانده‌ی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (YPG) که‌ هێزی پێشکه‌وتووی سوپای دیموکراتیکی سووریان به‌ ئاشکرا گوتی: ڕووسیا خه‌یانه‌تی له‌ کورد کرد.

ناوبراو زیادی کرد: ڕۆژێک ده‌بێت ڕووسیا به‌ بۆنه‌ی ئه‌م ڕه‌فتاره‌ بێ‌بنه‌مایه‌ی خۆیه‌وه‌ داوای لێبوردن له‌ کورد بکات.

له‌ ڕوانگه‌ی کورده‌وه‌ ڕووسیا له‌ هه‌مان سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنی لقی زه‌یتوونه‌وه‌ وه‌کوو شه‌ریکێکی ده‌ست تێکه‌ڵی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ ناسرا. ئه‌سته‌مه‌ ئه‌گه‌ر هاوڕێی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی کورد نه‌بین به‌ڵام وردبینی له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی ئه‌م یه‌ک ساڵه‌ی دوایی ده‌یسه‌لمێنێت باجی هاوکاریی نێوان مۆسکۆ و ئه‌نقه‌ره‌ له‌سه‌ر داهاتووی عه‌فرین کورد داویه‌تی ئه‌وه‌ش ده‌مێک پێش ده‌ست پێکردنی ئۆپه‌راسیۆنی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین.

هاوینی ڕابردوو تووی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ی لقی زه‌یتوون له‌ میانی دانووستاندنی نێوان سێرگه‌ی شۆیگۆ وه‌زیری به‌رگریی ڕووسیا و خۆلۆسی ئاکار سه‌رۆکی ئه‌رکانی ئه‌رته‌شی تورکیا له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ چێندرا. له‌ ئه‌نجامی دانووستانه‌که‌دا مۆسکۆ ملی دا به‌ به‌کارهێنانی ئاسمانی سووریا له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ و به‌ستێن بۆ هێرشه‌که‌ی تورکیا ڕه‌خسا.

ئه‌نقه‌ره‌ پێش یه‌ک مانگ و پاش ڕێککه‌وتنی له‌گه‌ڵ ڕووسیا له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ناوچه‌ی بێ‌لایه‌ن له‌ ئیدلیب، چێ‌کردنی سه‌نگه‌ری سه‌ربازی له‌ نزیک عه‌فرینی ده‌ست پێکردبوو. ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزی ڕووسی له‌ عه‌فرین به‌ فه‌رمانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا، گڵۆپه‌ سه‌وزه‌که‌ی ڕووسیا بۆ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی تورکیا گه‌شتر ده‌رکه‌وت. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا هه‌روه‌هاش 20ی جانیڤێریی 2018 له‌ به‌یاننامه‌یێکی کورتدا ته‌نها ئاماژه‌ی به‌ نیگه‌رانیی خۆی سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌که‌ی تورکیا له‌ عه‌فرین کرد که‌ ئه‌وه‌ش گڵۆپی سه‌وز بوو بۆ تورکیا.

سه‌ره‌ڕای تووڕه‌ بوونی کوردی سووریا هاوکاریی ڕووسیا له‌گه‌ڵ تورکیا له‌سه‌ر بابه‌تی عه‌فرین زیاتر به‌ قازانجی ئه‌و وڵاته‌یه‌ تاوه‌کوو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تورکیا. هاوکاریی ڕووسیا له‌گه‌ڵ کورد هه‌رگیز ستراتێژیک و درێژخایه‌ن نه‌بوووه‌ به‌ڵکوو به‌ درێژاییی مێژوو ته‌نها کاتێک کارتی کوردی به‌کار هێناوه‌ که‌ پێویستی به‌ ئاشته‌وایی و هاوکاری کردنی وڵاتانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌ تایبه‌ت تورکیا بووبێت. له‌سه‌ر عه‌فرینیش ڕووسیا خۆی به‌ قه‌رزداری یه‌په‌گه‌ نازانێت. ئه‌و گرووپه‌ کورده‌ به‌ درێژاییی قه‌یرانی سووریا هاوپه‌یمانێتیی ئه‌مریکای هه‌ڵبژاردوووه‌ و به‌ شێوازێک خۆی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و وڵاته‌ بینیوه‌ته‌وه‌. کورد پێشنیاری ڕووسیا بۆ ڕاده‌ست کردنی عه‌فرین به‌ ڕووسیا و سووریای له‌ به‌رانبه‌ر گه‌ره‌نتی کردن ئاسایشیانه‌وه‌ ڕه‌ت کرده‌وه‌. واشنتۆن نه‌یده‌توانی یارمه‌تیی یه‌په‌گه‌ بدات که‌ هاوپه‌یمانی خۆیه‌تی و ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێکی زیاتری بۆ مۆسکۆ ڕه‌خساند تاوه‌کوو خه‌یاڵی بوونی گه‌ره‌نتییه‌ ئه‌منییه‌کانی ئه‌مریکا ئاشکرا بکات.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هاوکاری له‌گه‌ڵ تورکیا ئێستا لای مۆسکۆ زۆر گرینگه‌. تورکیا هێزێکی ڕێکخه‌ری کۆنگره‌ی خه‌ڵکی سووریایه‌ که‌ ڕۆژانی 29 و 30ی جانیڤێری به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

له‌و ڕوووه‌وه‌ که‌ ئه‌و دانیشتنه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کرده‌ییێکی شه‌خسیی ڤیلادیمیر پووتنه‌ و هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌ست پێکردنی که‌مپێنی هه‌ڵبژاردنی ناوبراو، بۆ سیاسه‌تی نێوخۆی که‌ره‌ملین زۆر گرینگه‌. سه‌رۆک کۆماری ڕووسیا ده‌یه‌وێت وه‌کوو که‌سایه‌تییێکی سه‌رکه‌وتوو و ڕیش چه‌رموو پێ بنێته‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری ڕووسیا که‌ مانگی مارچی 2018 به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. ناوبراو ده‌یه‌وێت وه‌کوو سه‌رکه‌وتووی ئه‌نجامی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌کان له‌ سووریا خۆ بنوێنێت و پاشان ده‌وڵه‌ته‌که‌شی وه‌کوو ده‌ورگێڕی سه‌ره‌کی بناسێنێت که‌ گوایه‌ ئاشته‌وایی خه‌ڵاتی وڵاتی لێقۆماوی سووریا کردوووه‌.

مۆسکۆ هه‌روه‌هاش به‌ هاوکاریی تورکیا له‌ عه‌فرین ده‌رفه‌تێکی ڕه‌خساندوووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پرسی ئیدلیب به‌ بێ فاکته‌ری سه‌ربازی چاره‌سه‌ر بکرێت. ڕووسیا ده‌یزانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له‌ ئیدلیب کاره‌ساتێکی مرۆڤانه‌ی دیکه‌ وه‌کوو حه‌له‌ب ده‌خولقێنێت هه‌ر بۆیه‌ش تێچووی زۆری بۆ سووریا و هاوپه‌یمانه‌کانی ده‌بێت. پێویست به‌ وتن ناکات ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ سوپای لاوازی سووریا بێ‌هێزتر ده‌کات و ڕووسیا ناچار ده‌کات جارێکی‌تر بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هێڵی یه‌که‌می شه‌ڕ.

مل‌دانی زیره‌کانه‌ی ڕووسیا به‌ ئۆپه‌راسیۆنی لقی زه‌یتوون له‌ به‌رانبه‌ر ئیمتیاز پێدانی ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ئیدلیب بوووه‌. ده‌وڵه‌تی سووریا له‌ هه‌مان ڕۆژی یه‌که‌می ده‌ست پێکردنی ئۆپه‌راسیۆنی لقی زه‌یتوونه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاند: فڕۆکه‌خانه‌ی ئه‌بوو زه‌هووری ئیدلیبی به‌ بێ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌ڵستکاران وه‌رگرتۆته‌وه‌.

تورکیا له‌ ئه‌نجامدا کارتێکی براوه‌ی دیکه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر ڕووسیادا ده‌بێت و ئه‌وه‌ش هێڵی بۆریی غازه‌. ڕووسیا هیوای زۆری به‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌ستوووه‌ و نایهه‌وێت هیچ له‌مپه‌رێک بۆ چێ کردنی ئه‌و هێڵه‌ بۆرییه‌ هه‌بێت.

ڕه‌زامه‌ندیی ڕووسیا بۆ ئه‌نجام‌دانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی تورکیا له‌ عه‌فرین هاوکات بوو له‌گه‌ڵ به‌یاننامه‌که‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسیا و پشتڕاست‌که‌ره‌وه‌ی ڕێککه‌وتنی هه‌ڵپه‌سێردراو بۆ چێکردنی دووهه‌م هێڵی بۆریی غازه‌ که‌ له‌ ئاوی قه‌ڵه‌مڕه‌وی تورکیاوه‌ تێده‌په‌ڕێت.

ئه‌و پرسه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت وێناچێت تورکیا پڕۆژه‌که‌ وه‌کوو ساڵی 2015 هه‌ڵپه‌سێرێت. ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی هێڵی بۆریی غاز به‌ بێ له‌مپه‌ر چێ بکرێت به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی داڕێژراوه‌ ساڵی 2019 کۆتاییی پێ دێت.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لجه‌زیره‌

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11054

Your Comment

You are replying to: .
captcha