بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، لە نیوە شەوی ڕابردوووەوە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند ناوچەیێکی بەنداوی "مەیدانکێ"ی عەفرین-یان بۆردومانکردووە و زیانی ماددییان بە بەنداوەکە گەیاندووە.
ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئاماژەی بەوەش کردوووە، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی دەست پێکردنی هێرشەکانی تورکیا و گروپە هاوکارەکانی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، ئەوە سێیەم جارە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان دەکرێت.
بەنداوی مەیدانکێ دەکەوێتە ١٢ کیلۆمەتریی باکووری شاری عەفرینەوە و لەسەر ڕووباری عەفرینە و تەنها دوو کیلۆمەتر لە شارۆچکەی مەیدانکێوە دوورە.
بەنداوەکە ئاوی لافاو و باراناوی تیا کۆدەکرێتەوە بۆ ئاودێریی ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی کە کەوتوونەتە دامێنی بەنداوەکەوە.
بەنداوی مەیدانکێ ساڵانە توانای گلدانەوەی ١٥ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و زیاتر لە ١٩٠ هەزار هاووڵاتیی هەردوو شاری ئەعزا و عەفرین لێی سوودمەند دەبن.
‎سوپاى تورکیا و گرووپە چەکدارەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریاى سەر بە تورکیا لە ڕۆژى ٢٠ى کانوونی دووەمی ٢٠١٨وە بە فڕۆکەى جەنگى، فڕۆکەى بێفڕۆکەوان، تانک، تۆپ و هاوەن هێرشەکانیان بۆ سەر عەفرین دەست پێکردوووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment