بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا (HDP)، هێرشی سەربازیی ئەو وڵاتە بۆسەر کانتۆنی کوردنشینی عەفرینی سووریای ئیدانە کرد، ئەو هێرشەی بە ناشەرعی و ناڕەوا زانی و داوای لە کۆمەڵگای جیهانیش کرد بۆ ڕاوەستاندنی ئەو هێرشە هەوڵی خۆیان بدەن.
ئەنجومەنی ناوەندیی هەدەپە لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاند: "هێرشەکە خەریکە وێرانییەکانی سووریا لە عەفرینیش بڵاوە پێدەکات. عەفرین تا ئەم دواییانە ئەمن و ئارام مابوویەوە و ببووە پەناگایێک بۆ سەدان هەزار پەنابەری سووری. ئەم دەستێوەردانە سەربازییە بەتایبەت بوردومانی ناوچە مەدەنییەکان چەرمەسەری دەکاتە خەڵاتی عەفرین. بە لانی کەمەوە تا ئێستا ٨٦ کەسی مەدەنی کە زۆربەشیان ژن و منداڵ بوونە لە ئەنجامی بوردومانی شار و گوندەکانی عەفرین گیانی خۆیان لەدەست داوە.
هەدەپە هاوکاریی تورکیا لەگەڵ گرووپە چەکدارە سوورییەکان کۆمەک بە داعش دەزانێت و لە درێژەدا دەڵێت: سوپای تورکیا لەم هێرشەدا لەگەڵ چەند گرووپێکی تەکفیری هاوکاری دەکات و بۆ لەناو بردنی ئاسایش و ئاشتی لە عەفرین هەوڵ دەدات. ئەمەش پشوو دانە بە داعش و گرووپە هاوشێوەکانی تاوەکوو هەناسەیان بێتەوە سەر جێ و هاوکات لەبار بردنی پرۆسەیێکی تازە پێگرتووی سیاسییە کە دەیویست بەرەو چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی سووریا هەنگاو هەڵگرێت.
هەدەپە هەروەها ڕەخنەی لە دوژمنایەتیی ئەردۆغان لەگەڵ کوردەکان و هاودەستی لەگەڵ تیرۆریستان دژ بە کورد ڕەخنەی گرت و دەریبڕی: ئەم ڕۆژانە هەندێک گرتەی ویدیۆیی لە تیرۆریستان بڵاو بووەتەوە کە گوایە سوێند دەخۆن عەفرین خاپوور بکەن و چی کوردی تێدایە بیکوژن، تورکیا پێشتر ئەم گرووپانەی بۆ گۆڕانی حکوومەتی سووریا بەکار دەهێنا بەڵام ئێستا دەیهەوێت دژ بە کورد ڕێکیان بخاتەوە و تەنانەت بۆ ئەو کارەش لە حکوومەتی سووریا داوای یارمەتی بکات.
ئەنجومەنی ناوەندیی هەدەپە ئەم هێرشە سەربازییە پێشێلکاریی یاسا نێونەتەوەییەکان دەزانێت و دەنووسێت: ئەم هێرشە پێشێل کردنی ئاشکرای یاسا نێونەتەوەییەکانە، پاساوی ئەم هێرشە لەلایەن تورکیاوە بە کەڵک وەرگرتن لە بڕگەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەکانی 1624، 2170 و 2178ی کۆمکاری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بێبنەمایە. تاوەکوو ئێستا تەنانەت یەک هێرشیش لەلایەن عەفرینەوە نەکراوەتە سەر خاکی تورکیا. سەرەڕای ئەوەش نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هێزە کوردەکانی عەفرین بە تیرۆریست نازانن.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە: بەگوێرەی ئەو بڕگە و بڕیارنامانەی تورکیا پشتیان پێوە دەبەستی ئەم هێرشە نە بەرنگار بوونەوە لەگەڵ تیرۆریزمە و نە بەرگری لە خۆ هەژمار دەکرێت، تەنیا هێرشێکی بێهۆ بۆ سەر کورد و ژیانی سیاسیی کوردە. ئەوەشمان لەبیر نەچێت هەر ئەو نوێنەرانەی ئێستای کوردەکانی سووریا کە حکوومەتی تورکیا بە تیرۆریست ناویان دەبات لا ماوەی ساڵەکانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ چەندین جار لەلایەن ئەردۆغانەوە بانگهێشتی تورکیا کراون.
هەدەپە ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەکات ئەو شەڕە بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی بەکار دێنێت و دەڵێت: هێرش بۆسەر عەفرین دەسپێکی ئەردۆغانە بۆ کەمپێنی هەڵبژاردنەکان. وەدەزانێت هێرش بۆسەر کوردەکان پشتیوانیی هاوپەیمانە نەتەوەخوازەکانی یەکلا دەکاتەوە. لە هەمان کاتدا لە ئاقاری شەڕ کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی فشاری زیاتر بخاتە سەر کوردەکان و لە ئاندەدا ئۆپۆزیسیۆنی دیموکراتیک سەرکوت بکات.
هەدەپە داوای لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کردووە هەڵوێستێکی جیددی بنوێنن و هەمبەر ئەم هێرشەی کراوەتە سەر کورد بێدەنگ نەبن. گومان خستنە سەر پاساوەکانی هێرش بۆسەر عەفرین زۆر گرینگە: داگیرکاری لە عەفرین نایاساییە و قبووڵ ناکرێت. حکوومەتە دیموکراتیکەکان، پارلەمانە نەتەوەییەکان، بنکە نێونەتەوەییەکان وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ و ئەنجومەنی ئەورووپا، بنکە مەدەنییەکان و میدیاکانی کۆمەڵگای هونەری، چالاکوانانی بواری ئاشتی و مافی مرۆڤ و هەموو ئەوانەی دەتوانن دەبێ ڕۆڵ بگێڕن لە ڕاوەستاندنی هێرشی ئاسمانی و وشکاییی دژ بە عەفرین.
سەرچاوە: فورات نیوز
کۆدی ههواڵنێر: 60105
Your Comment