به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ھێمن مامه‌ند سه‌رۆکی رێکخراوی (Enough) له هه‌ولێر به خه‌ندانی ڕاگه‌یاند: ڕۆژی یه‌کشه‌ممه ٢٨-١-٢٠١٨ وه‌کوو ڕێکخراوی Enough به فه‌رمی داوای مۆڵه‌تی ئه‌نجام‌دانی خۆپیشاندانێکی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌مان له به‌رده‌م کونسووڵخانه‌ی تورکیا له شاری ھه‌ولێر ئاراسته‌ی لیژنه‌ی ناوخۆی پارێزگای ھه‌ولێر کرد و پارێزگاریی هه‌ولێر ڕێگه‌ی نه‌دا به ئه‌نجام‌دانی خۆپیشاندانێکی مه‌ده‌نیانه بۆ پشتگیری کردن له عه‌فرین به‌ڵام ئێمه له ڕێگه‌ی مه‌ده‌نی و یاسایییه‌وه ھه‌وڵه‌کانمان زیاتر ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین خۆپیشاندانێکی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ پشتگیری له عه‌فرین ئه‌نجام بده‌ین.
له لایێکی دیکه‌وه ئه‌حمه‌د كاوانی پارێزه‌ری شاری هه‌ولێر و یه‌کێک له ئاماده‌كارانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی هه‌ولێر به SNNی ڕاگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر داواكاریی ژماره‌یێک چالاكوانی بۆ ئه‌نجام‌دانی خۆپیشاندان له به‌رده‌م كونسووڵخانه‌ی توركیا له‌و شاره ڕه‌ت کرده‌وه، داواكارییێكی دیكه‌مان پێشكه‌ش كرد بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ 29ی جانیڤێری 2018 خۆپیشاندانێک له به‌رده‌م كونسووڵخانه‌ی ئه‌مریكا ئه‌نجام بده‌ین به مه‌به‌ستی ئیدانه كردنی ده‌ستدرێژی کردنی توركیا بۆ سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین به‌ڵام دوای یه‌ک كاتژمێر له پێشكه‌ش كردنی داواكارییه‌كه له پارێزگای هه‌ولێره‌وه پێمان ڕاگه‌یێندرا كه مۆڵه‌ت به خۆپیشاندان نادرێت به بیانووی ئه‌وه‌ی كونسووڵخانه‌ی ئه‌مریكا ئاماده نییه له‌و باره‌یه‌وه پێشوازی له هیچ که‌سێک بكات.
شایانی باسه؛ ماوه‌ی ٢٠ ڕۆژه له‌شکرکێشی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین به‌رده‌وامه و له به‌شێک له ناوچه جیاوازه‌کانی ھه‌رێمی کوردستان خۆپیشاندان بۆ پشتگیریی عه‌فرین به‌ڕێوه چوو.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment