«عەبدوڵڵا ئیمام» بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیا کوردستانی سووریا (ŞAK) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێس ئاماژەی دا بە هێرشی تورکیا بۆسەر چیای گاڕە لە هەرێمی کوردستان و ئەگەری هێرشی هاوشێوە بۆسەر کوردستانی سووریا و وتی: تورکیا لەسەردەمی سەدام حسێن-دا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ عێراق واژۆ کردووە کە مۆڵەت بەو وڵاتە دەدات تا قووڵایی 20 کیلۆمەتریی خاکی عێراق پێشڕەوی بکات. ئەو ڕێککەوتنە، ڕێککەوتنێکی دوولایەنە بوو کە لە لایێکەوە تورکیا شەڕی پەکەکە-ی دەکرد و للایێکی دیکەوە سەدام حسێن، پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی)ی دەخستە ژێر گوشارەوە.
ناوبراو درێژەی دا: هەروەها تورکیا لە ساڵی 1988دا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکوومەتی سووریا واژۆ کرد کە مۆڵەتی بە سوپای ئەو وڵاتە دەدا تا قووڵایی 5 کیلۆمەتریی خاکی سووریا پێشڕەوی بکات. ئەو یاسایە بووە یاسایێکی نێودەوڵەتی و مۆڵەت بە تورکیا دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە خاکی عێراق ئەنجام بدات.
عەبدوڵڵا ئیمام زیاتر وتی: ئێستا پرسێکی نوێ لە ئارادایە، تورکیا زیاتر لە 20 کیلۆمەتر داخڵی خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق بووەتەوە و لە کوردستانی سووریاشدا لە هەندێک ناوچە وەکوو عەفرین زیاتر لە 60 کیلۆمەتر پێشڕەوی کردووە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیا کوردستانی سووریا (ŞAK) جەختی کردەوە: دۆخی عێراق جیاوازە لە سووریا چوونکە عێراق کێشەی سەروەریی خاکی نییە و دەسەڵاتی دیارە و دەتوانێت بە تورکیا بڵێت وڵاتەکەی چۆڵ بکات و هەر لەمبارەوە سکاڵا لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا تۆمار بکات و داوای چۆڵ کردنی خاکی وڵاتەکەی لەلایەن تورکیاوە بکات.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە حکوومەتی عێراق دەتوانێت ئەو ڕێککەوتنە بەتاڵ بکاتەوە و بڵێت ڕێێکەوتنەکە لەسەردەمی ڕەژیمی پێشوودا کراوە و ئێستا لە هەلومەرجی نوێدا ڕێککەوتنەکە قبووڵکراو نییە و تورکیاش بابەتەکە لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا پێوشوێنگیری دەکات و پرسەکە پڕۆسەی دادگایی بوون دەگرێتە بەر.
ئەم مافناسە دەڵێت: عێراق دەتوانێت ئەم هەنگاوە هەڵبگرێت بەڵام عێراقییەکان نایانەوێت ئەنجامی بدەن چوونکە دوژمنایەتیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم هەیە و دەیەوێت ناوچەکە نائارام بێت و دۆخی ئابووریی خەڵکی ئەم ناوچە باش نەبێت.
عەبدوڵڵا ئیمام وەبیری هێنایەوە: بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە حکوومەتی عێراق ئەرکی پاراستنی سەروەریی خاکی عێراقی لە ئەستۆیە بەڵام دەبینین بێدەنگە هەمبەر هێرشی وڵاتانی دراوسێ بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیا کوردستانی سووریا (ŞAK) لەبارەی هەڵویستی حکوومەتی سووریا هەمبەر هێرشەکانی تورکیا دەڵێت: لەئێستادا حکوومەتی سووریا حکوومەتێکی ناتەوانە لەبارەی مافی نێونەتەوەییەوە ناتوانێت گەرەنتیێک بۆ خۆی دەستەبەر بکات و سەروەریی ئەم وڵاتە لەدەستی وڵاتانی دیکەدایە.
ئەم مافناسە ئاماژەشی دا بە ڕۆڵی ڕووسیا لە سووریا و وتی: ئەمڕۆ ڕووسیا دەسەڵاتی سووریای بەدەستۆیە و ئەم وڵاتە مۆڵەتی بە تورکیا دا تا قووڵایی 5 کیلۆمەتریی خاکی سووریا پێشڕەوی بکات.
عەبدوڵڵا ئیمام ئاشکراشی کرد: لە ئێستادا تورکیا بە ڕەزامەندیی ڕووسیا لە ئیدلیب و عەفرین و ئەعزاز و ترابلۆس ئامادە بووە.
ناوبراو درێژەی دا: ساڵی 2018 کاتێک کە سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر عەفرین، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە حکوومەتی سووریا کرد بۆ پاراستنی سنوورەکانی وڵاتەکەی بێتە ناوچەکە بەڵام حکوومەتی سووریا نەیتوانی چوونکە ئیرادەی بەدەستی خۆی نییە و ڕووسیا بەڵێنی بە تورکیا دابوو عەفرین ڕادەستی بکات.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیا کوردستانی سووریا (ŞAK) زیاتر وتی: ناوچەکانی دیکە وەکوو سەرێکانی و گرێ سپی بە گڵۆپی سەوزی ترەمپ لەلایەن تورکیاوە داگیر کران. لە ئێستاشدا دەستدرێژیی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا درێژەی هەیە و لە نزیکیی کۆبانی و عەین عیسادا گرووپەکانی سەربە تورکیا خەریکی هێرش کردنن.
ئەم مافناسەی تورکیا جەخت دەکاتەوە: تورکیا لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی فۆرات بەبێ ڕەزامەندیی ئەمریکا و ڕووسیا ناتوانێت هیچ ئۆپەراسیۆنێکی نوێ ئەنجام بدات.
عەبدوڵڵا ئیمام دەشڵێت: تورکیا ناتوانێت هێرش بکاتە سەر شەنگال چوونکە ساڵی ڕابردوو حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان لەسەر ئەو ناوچە و کشانەوی هێزەکانی سەربە پەکەکە لە ناوچەکەدا کرد و ئەمریکایش پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە کردووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
داگرتن و داڕشتنەوە: بهروز علیمحمدی
Your Comment