هاوپه‌یمانی ئه‌رکی خۆی هه‌مبه‌ر کورد جێبه‌جێ بکات/ڕووسیا ڕووڕه‌شی ئه‌م خیانه‌ته‌ ده‌بێت

به‌شی دیمانه‌/سووریا- "نه‌سرین عه‌بدوڵڵا" ده‌ری‌بڕی: ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆ تورکیا هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر عه‌فرین و خه‌ڵکی بێتاوان بوردومان ده‌کات و شه‌هیدیان ده‌کات، له‌ لایه‌ن ڕووسه‌کانه‌وه‌ گڵۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵکراوه‌ و ڕووسیاش به‌م خیانه‌ته‌وه‌ ڕووڕه‌شی مێژوو ده‌بێت.

کوردپرێس- سوپای تورکیا هێزه‌کانی سه‌ر به‌و وڵاته‌ له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ده‌ستیان کردوووه‌ به‌ هێرش کردنه‌ سه‌ر ناوچه‌ی عه‌فرین و ده‌وروبه‌ری له‌ باکووری سووریا. هێرشه‌کان به‌ یارمه‌ریی لۆجێستیکیی جیهازاتی قورسی تایبه‌ت به‌ وشکایی و بوردومانی فڕۆکه‌ی F16 و ئاگری تۆپخانه‌ ئه‌نجام ده‌درێن و له‌ولاشه‌وه‌ یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل به‌رگری ده‌که‌ن به‌ڵام دیاره‌ هێزی ئاگریان لاوازتره‌. کورده‌کان وه‌کوو تاکتیک زۆرتر شه‌و و دژه‌ هێرش به‌کار ده‌هێنن. ئه‌وڕۆ له‌ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ شاری عه‌ین عیسا هێزی کورد زمانی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ کرده‌وه‌ و وێڕای ئه‌وه‌ی ڕووسیایان به‌ خه‌یانه‌ت تۆمه‌تبار کرد داوایان له‌ ئه‌مریکاش کرد هه‌ڵوێستی خۆی له‌م ناوه‌دا ڕوون بکاته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ کورده‌کان بیر له‌ نه‌خشه‌ی دووهه‌می خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌ و بێت و هومێدیان به‌ ئه‌مریکا نه‌مێنێت له‌ به‌ری کانتۆنی کۆبانێ و مه‌نبه‌جه‌وه‌ به‌ره‌و جه‌رابلۆس و ئه‌لباب ئاقاری شه‌ڕه‌که‌ بۆ شێوه‌یێکی دی ده‌گۆڕن.

بابه‌تێکی تر بێده‌نگ بوونی زلهێزه‌کانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر خاکی سووریا. برێت مه‌ک گۆرک نێردراوی تایبه‌تی ئه‌مریکا له‌ هاوپه‌یمانیی دژه‌ داعش ڕای‌‌گه‌یاندوووه‌ عه‌فرین ناوچه‌ی په‌یوه‌ندیداری ئه‌وان نییه‌ به‌ڵام داوای له‌ هه‌ر دوو لایه‌ن کردوووه‌ دان به‌ خۆدا بنێنن. هه‌روه‌هاش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ لێدوانێکدا هێرشی تورکیای به‌ ڕه‌وا زانیوه‌ و وتوویه‌تی تورکیا مافی مه‌شڕووعی خۆیه‌تی داڵغه‌ی ئاسایشی سنووره‌کانی بێت. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاش وتوویه‌تی هێرشی ئاسمانیی تورکیا پێشتر به‌ ئه‌مریکا ڕاگه‌یێندرابوو، به‌و مه‌به‌سته‌ گفتوگۆیێکمان له‌گه‌ڵ نه‌سرین عه‌بدوڵڵا فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی ژنان (YPJ) ئه‌نجام داوه‌.

ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌وه‌:

* کوردپرێس: ده‌کرێت دوایین دۆخی به‌ره‌ی شه‌ڕمان له‌ کۆبانێ بۆ ئاشکرا بکه‌ن؟

- نه‌سرین عه‌بدوڵڵا: ئه‌مڕۆ سێهه‌م ڕۆژی هێرش و ده‌ستدرێژیی سوپای تورکیا بۆ عه‌فرینه‌ و له‌ سه‌رله‌به‌یانییه‌وه‌ هێرشه‌کان زیادی کردوووه‌ و سوپای تورکیا له‌ هه‌موو هێڵێکی سنووری کوردستانی سووریاوه‌ هێرشی کردۆته‌ سه‌رمان. به‌داخه‌وه‌ له‌و هێرشانه‌شدا ژماره‌یێکی زۆر کوژراو و بریندار بوون.

* کوردپرێس: بۆچی تا ئه‌م ساته‌ هاوپه‌یمانی و ئه‌مریکا بێده‌نگن له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشه‌ی تورکیاوه‌؟

- نه‌سرین عه‌بدوڵڵا: ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێین ناوچه‌ی پێوه‌ندیدار به‌ هاوپه‌یمانان ڕۆژهه‌ڵاتی فوراته‌ و عه‌فرین له‌ حه‌وزه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیادایه‌. هه‌ڵبه‌ت دیاره‌ نابێت هاوپه‌یمانان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشه‌وه‌ بێده‌نگ بن. چوونکه‌ ئه‌و هێرشه‌ له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌ کراوه‌ته‌ سه‌ر هێزی ئێمه‌. به‌ گوێره‌ی ئیدعای ئه‌مریکییه‌کان بڕیار بوو مه‌شق به‌ 30 هه‌زار هێزی ئێمه‌ بکرێت. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و هێرشه‌ی کراوه‌ته‌ سه‌ر ئێمه‌ وه‌کوو ئه‌وه‌ وایه‌ بۆ سه‌ر هاوپه‌یمانێتیی دژه‌ داعش کرابێت. تا ئه‌م کاته‌ش له‌ ده‌یره‌لزوور له‌ شه‌ڕ دژ به‌ تیرۆردا هاوکاریی هێزی ئیئتیلاف ده‌که‌ین. مادامێک هاوپه‌یمانان شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر ده‌کات ده‌بێ بزانێت ئه‌ردۆغان به‌رفراوانترین هه‌ڵمه‌تی تیرۆریستی له‌ عه‌فرین جێبه‌جێ ئه‌کات، چوونکه‌ هه‌موو ئه‌و تۆپانه‌ی فڕۆکه‌کانی تورکیا ده‌یهاوێژن به‌ سه‌ر خه‌ڵکی بێ تاواندا ده‌ڕژێت و ته‌نانه‌ت ئه‌و خه‌ڵکه‌ بێ تاوان و ئاوارانه‌ی له‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی سووریاوه‌ ڕوویان له‌ عه‌فرین کرد بوو ده‌کرێنه‌ ئامانج. تا ئه‌مڕۆ سوپای تورکیا و تاوانبارانی سه‌ر به‌و سوپایه‌ 19 هاووڵاتیی بێ گوناحیان شه‌هید کردوووه‌. هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ پێویسته‌ هاوپه‌یمانان کاردانه‌وه‌ی هه‌بێت و به‌رپرسیاریێتیی ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌ئه‌ستۆ بگرێت.

* کوردپرێس: ئێوه‌ وتتان عه‌فرین حه‌وزه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیایه‌، بۆچی ئه‌و وڵاته‌ کاردانه‌وه‌ی نییه‌؟

- نه‌سرین عه‌بدوڵڵا: ده‌بێت له‌ باره‌ی ڕووسیاوه‌ بڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆکه‌ ده‌بینرێت تورکیا هێرشی کردۆته‌ عه‌فرین له‌ سه‌ر گڵۆپی سه‌وزی ڕووسیا و ئیزنی ئه‌و وڵاته‌ بوووه‌. ڕووسیا ده‌یتوانی پێش به‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی تورکیا بگرێت به‌ڵام هێزه‌که‌ی خۆی کشانه‌وه‌ و ڕێگه‌ی به‌ تورکیا دا ئه‌و تاوانه‌ له‌ عه‌فرین بکات. وێ‌ده‌چێت تورکیا و ڕووسیا ڕێککه‌وتوون و ئه‌وه‌ش ڕووڕه‌شییێکی مێژووییه‌ بۆ ڕووسیا.

* کوردپرێس: تورکیا ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ ده‌یه‌وێت شه‌ڕی ئێوه‌ بکات که‌ به‌ به‌شێک له‌ په‌که‌که‌تان ده‌زانێت، ئه‌و بابه‌ته‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

- نه‌سرین عه‌بدوڵڵا: تورکیا تۆڵه‌ی شکستی داعشمان لێده‌سێنێته‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه‌ی تورکیا ته‌نها بۆ عه‌فرین و شه‌ڕی یه‌په‌گه‌ نییه‌ و نابێت ته‌نها به‌و بابه‌ته‌ی ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ڵکوو ئه‌م شه‌ڕه‌ی تورکیا دژ به‌ هه‌موو سووریایه‌ و ئامانجه‌که‌شی چاوچنۆکی و هه‌وڵ بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی هه‌موو خاکی سووریایه‌. هه‌روه‌ها که‌ جه‌رابلۆس و بابی داگیر کرد. ئێستاش ده‌یه‌وێت پارچه‌پارچه‌ خاکی سووریا داگیر بکات و به‌ خاکی خۆیه‌وه‌ بیلکێنێت. ئامانجی ئه‌ردۆغان درێژخایه‌نه‌ و بۆ دابه‌ش کردنی سووریایه‌ و له‌و ئامانجه‌شدا له‌گه‌ڵ ڕووسیا شه‌ریکن.

* کوردپرێس: به‌وه‌شه‌وه‌ که‌ ئێوه‌ به‌شێک له‌ هاوپه‌یمانیی دژه‌ داعش بوون ئه‌مریکا تا ئه‌م کاته‌ هیچ کاردانه‌وه‌یێکی ئیجابیی نه‌بوووه‌. به‌ ڕوونی له‌م دۆخه‌ی ئێستادا داوای ئێوه‌ له‌ ئه‌مریکا چییه‌؟

- نه‌سرین عه‌بدوڵڵا: پێویسته‌ هاوپه‌یمانان و ئه‌رک و به‌رپرسیارێتیی خۆیان به‌رابه‌رن به‌م هه‌لومه‌رجه‌ ڕاپه‌ڕێنن چوونکه‌ تا ئێستا 18 هاووڵاتی و 3 هێزی ئێمه‌ شه‌هید بوون و 23 که‌سیش بریندارن. له‌و نێوانه‌شدا ژماره‌یێک منداڵ و ساوا پارچه‌پارچه‌ کراون.

* کوردپرێس: ڕۆژی ڕابردوو چه‌ند مووشه‌کێک به‌ ئاراسته‌ی ڕێحانلیی تورکیا هاوێژرا، تورکیاش ئێوه‌ی به‌ به‌رپرسیار زانیوه‌. ئایا ئه‌و مووشه‌کانه‌ له‌ لایه‌ن هێزی ئێوه‌وه‌ هاوێژراوه‌؟

- نه‌سرین عه‌بدوڵڵا: هیچ هه‌نگاوێکی ئێمه‌ بۆ پێشێل کردنی په‌یڕه‌و و یاسای سنووره‌کان ئه‌نجام نه‌بوووه‌ و ئێستا تورکیا هێرشی کردۆته‌ سه‌ر ئێمه‌ و ته‌نها به‌رگری له‌ خۆمان ده‌که‌ین.

* کوردپرێس: ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا و ڕووسیا و به‌گشتی کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی سه‌باره‌ت به‌ ڕاگرتنی هێرشی تورکیا بۆ عه‌فرین کاردانه‌وه‌ و وڵامیان نه‌بێت ئایا ئێوه‌ له‌ کۆبانێیه‌وه‌ هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر مه‌نبه‌ج و جرابلۆس و باب؟

- نه‌سرین عه‌بدوڵڵا: بابه‌ته‌که‌ بۆ تورکیا ته‌نها عه‌فرین نییه‌ به‌ڵکوو عه‌فرین به‌شێکه‌ له‌ پیلانه‌که‌یان هه‌روه‌ها که‌ تورکیا هێزی برده‌ جرابلۆس و باب، به‌نیازه‌ دیکه‌ی ناوچه‌کانی سووریاش داگیر بکات. نه‌خشه‌ی تورکیا ئه‌وه‌یه‌ خاکی خۆی له‌ نێو خاکی سووریا فراوان بکات و ته‌نها به‌ باکووری سووریاشه‌وه‌ ناوه‌ستێت به‌ڵکوو پیلانی بۆ هه‌موو خاکی سووریا هه‌یه‌ ئه‌گه‌ری که‌س پشتیوانی ئێمه‌ نه‌بێت ئێمه‌ خۆمان وه‌کوو هێزێکی به‌توانا که‌ هه‌زاران شه‌ڕڤانمان هه‌یه‌ و له‌ سوپای دیموکراتیکی سووریا پێگه‌مان خۆش کردوووه‌ به‌رده‌وام وه‌کوو ڕابردوو به‌رپه‌رچی هه‌موو ده‌ستدرێژیکار و تیرۆریستێک ده‌ده‌ینه‌وه‌ و به‌رانبه‌ریان شه‌ڕ ده‌که‌ین و گه‌ل و خاکی خۆمان ده‌پارێزین.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10789

Your Comment

You are replying to: .
captcha