نێچیرڤان بارزانی سه‌باره‌ت به‌ ناکۆکییه‌کانی هه‌ولێر-به‌غدا داوای ئاراسته‌ی‌ مه‌ک گورک کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سەرۆک‌وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێرده‌ى تایبەتی سه‌رۆكى ئه‌مریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش و شاندێکی یاوەری کۆ بووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پشتگیریی خۆیان بۆ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و گفتوگۆیێكی جیدی له ‌نێوان هەولێر و بەغدا نیشان دا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 17ی جانیڤێریی 2018 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆک‌وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ برێت مه‌ک گۆرگ، نێرده‌ى تایبەتی سه‌رۆكى ئه‌مریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش و ئه‌ندریۆ پیک، یاری ده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆک‌وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به‌ كه‌م بوونه‌وه‌ی گرژییه‌كان و دیدار و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌رێنییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی و هیوایان خواست كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام بن، به ‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامێكی گونجاو، به ‌تایبه‌تی له ‌سه‌ر پرسی فڕۆكه‌خانه‌، مووچه‌ و پێداویستییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی کوردستان.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شانده‌كه‌ پشتگیریی خۆیان بۆ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و گفتوگۆیێكی جیدی له ‌نێوان هەولێر و بەغدا نیشاندا و جه‌ختیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیى هاوكاری و پشتگیریى هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه.

لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى سوپاس كردنی ڕۆڵی هاوپه‌یمانان كه‌ ساڵانی ڕابردوو به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا ڕۆڵێكى گه‌وره‌یان گێڕا، به‌ پێویستی زانی هاوپه‌یمانان له‌ هاندانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وام بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

سەرۆک‌وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، خۆشحاڵیی خۆی بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی نێوان تیمه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی، كه‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی باش چوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و به‌ هه‌نگاوێكی جیدی له‌ قه‌ڵه‌م دا و هیوای خواست كۆبوونه‌وه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌نجامێک كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا بێت.

سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێمى كوردستانیش، سه‌رۆک‌وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی و دیالۆگی جیدی له‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بوووه‌ و هه‌وڵی هه‌موو لایێک بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت.

تاوتوێ كردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كان و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

سه‌رچاوه‌: KDP

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10593

Your Comment

You are replying to: .
captcha