گۆڕان وه‌ڵامێکی توندی نێچیرڤان بارزانی ده‌داته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی دوا هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به ‌په‌سه‌ند نه‌كردنی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆڕان و كۆمه‌ڵ وه‌ڵامێكی‌ توند ده‌داته‌وه ‌و به‌رپرسێكی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "به ‌كام یاسا نێچیرڤان بارزانی له ‌كاتی شه‌ڕی داعش وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی نارده‌ ماڵه‌وه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دانا عه‌بدولكه‌ریم به‌رپرسی به‌شی حكوومه‌ت له ‌ژووری حكوومه‌ت ‌و په‌رله‌مانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "به ‌كام یاسا نێچیرڤان بارزانی له ‌كاتی شه‌ڕی داعش وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی نارده‌ ماڵه‌وه. به ‌كام یاسا له‌كاتی قه‌یرانی داراییدا وه‌زیری دارایی نارده‌ ماڵه‌وه‌ و به‌ كام یاساش حزبه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی ڕێگریی له ‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد بۆ چوونه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی".

ناوبراو وتیشی: "سه‌رۆكی حكوومه‌ت وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ له ‌هه‌ساره‌یێكی دیكه‌ی‌ ده‌ژیت و نازانم خه‌ڵكی كوردستان به ‌نه‌زان ده‌زانن یاخود خۆیان نه‌زانن و درۆكانیشیان له‌ درۆ ناچێت".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕاشی‌گه‌یاند: "به‌ هیچ شێوه‌یێک پابه‌ندی ئه‌و داوایه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت نابین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانمان بۆ سه‌ر كاره‌كانیان و ئه‌وان ده‌ستیان له ‌كار كێشاوه‌ته‌وه‌ و دوو ساڵه‌ ڕێگرییان لێده‌كرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان و كووده‌تای سه‌ربازی به ‌سه‌ر وه‌زیره‌كانماندا كرا".

دانا عه‌بدولكه‌ریم سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی پێشتر كه‌ ڕێگرییان لێكرا، بڕیاریان نه‌دا وه‌زیره‌كانیان ده‌ست له‌ كار بكێشنه‌وه‌، وتی: "ئه‌و كاره‌مان نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بۆ دونیای بسه‌لمێنین كه‌ پارتی كووده‌تای به ‌سه‌ر شه‌رعیه‌تدا كردوووه ‌و پێشێلی یاسایان كردوووه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا تێبگه‌یه‌نین له‌ ڕه‌فتاره‌كانی پارتی به‌رامبه‌ر به ‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان".

دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی 7ی جانیڤێری 2018، نێچیرڤان بارزانی له ‌كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌وانیدا و ده‌رباره‌ی ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆڕان و كۆمه‌ڵ، وتی: "تا ئێستا له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ته‌وه‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كان په‌سه‌ند نه‌كراوه‌، بۆیه‌ به ‌گوێره‌ی‌ یاسا ده‌بێت بچنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان، ئه‌مه‌ جگه ‌له‌وه‌ی ده‌بێت وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌ كه‌ بۆچی ته‌نها له ‌دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند مانگێک ماوه‌ ده‌یانه‌وێت بكشێنه‌وه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10248

Your Comment

You are replying to: .
captcha