په‌رله‌مانتارانی HDP‌: نیگه‌رانین به‌ڵام رێز له‌ بڕیاره‌که‌ی ده‌میرتاش ده‌گرین

به‌شی تورکیا- په‌رله‌مانتارانی HDP‌ ڕاگه‌یێندراوێک له ‌باره‌ی بڕیاری خۆکاندید نه‌کردنه‌وه‌ی هاوسه‌رۆکی زیندانی کراویان بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ و نیگه‌رانی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ده‌ڵێن ڕێزی لێ ده‌گرن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری دا خۆی بۆ پۆستی هاوسه‌رۆکایه‌تیی حیزبه‌که‌ی کاندید نه‌کاته‌وه‌، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆکی زیندانی کراوی پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP‌) په‌رله‌مانتارانی پارته‌که‌ی نیگه‌ران کرد.

په‌رله‌مانتارانی HDP‌ کۆبوونه‌وه‌یێکی دوو ڕۆژییان له‌ ئامه‌د ئه‌نجام دا، پاشان ڕاگه‌یێندراوێکی هاوبه‌شیان بڵاو کرده‌وه‌.

په‌رله‌مانتارانی HDP‌ ڕایان‌گه‌یاند: "مایه‌ی نیگه‌رانییه‌، به‌ڵام رێز له‌ بڕیاره‌که‌ ده‌گرین''. هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر درێژه‌پێدانی خه‌باتی دژ به‌ فاشیزم له‌ په‌رله‌مان و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌ماندا کرده‌وه‌.

ده‌میرتاش له‌ نامه‌یێکیدا که‌ بۆ پارته‌که‌ی ناردوووه‌ نووسیوویه‌تی: "خۆم کاندید ناکه‌م'' هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "ئێمه‌ مرۆڤی پۆست و پێگه‌ نین''.

ده‌میرتاش رۆژی 4ی نۆڤێمبێری 2016 له‌گه‌ڵ 12 په‌رله‌مانتاری دیکه‌ی پارته‌که‌ی به ‌تۆمه‌تی بانگه‌شه‌ کردن بۆ PKK‌ ده‌ستگیر کراوه‌، تا وه‌ک ئێستاش له‌گه‌ڵ 8 هاوڕێی ده‌ستبه‌سه‌ره‌.

بڕیاره‌ مانگی فێبریڤێری ئه‌مساڵ پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP‌) دووه‌مین کۆنگره‌ی ئاسایی ساز بکات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10241

Your Comment

You are replying to: .
captcha