وەزیری ناوخۆی هەرێم: لەگەڵ حکوومەتى عێراق ڕێککەوتووین کە قائیمقامێکى تازە بۆ شنگال ڕابگەیەندرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە دواى کۆبوونەوەى سێ قۆڵى نێوان وەزارەتى ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکارى ئاسایشی نیشتمانى عێراق و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کە تایبەت بوو بە قۆناغەکانى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى شنگال کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسى بەڕێوەچوو.

کوردپرێس:

رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەدا گوتى: "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کە بە پێێ قۆناغەکان ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و سەرەتا دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و دواتر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت".

دواتر قاسم ئەعرەجى، راویژکارى ئاسایشی نیشتمانى عێراق رایگەیاند: "ئەو کۆبوونەوەیە بۆ نیشاندانى دڵسۆزى بووە بۆ ئەو ڕێککەوتنەى کراوە تایبەت بە جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى شنگال".

گوتیشی: "ئەو شوێنە زۆر بەلامانەوە گرنگ و هەستیارە و بۆ ئەوەیە تاوەکو ژیانى مەدەنى بۆ بگەڕێتەوە و خەڵکەکەش بگەڕێنەوە شوێنى خۆیان و تیایدا بژین و هەمووانیش لە ئەماندابن".

هەروەها راوێژکارى ئاسایشی نیشتمانى عێراق سوپاسی حکوومەتى هەرێمى کوردستانیشى کرد بۆ هاوکارى حکوومەتى عێراق بۆ ئەو ڕێککەوتنە.

لەبارەى قائیمقامى شنگال ڕێبەر ئەحمەد، رایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ حکوومەتى عێراق ڕێککەوتووین کە قائیمقامێکى تازە بۆ شنگال ڕابگەیەندرێت و دواتر ناوەکەشی ڕادەگەیەنین".

هەروەها وەزیری ناوخۆ گوتیشی: "دەبێ ئیدارە و ئاسایشی شنگال بدرێتەوە شنگال و دەبێ هاوڵاتیانى ڕەسەنى شنگالیش بگەڕێنەوە، ڕێککەوتووین لەسەر خشتیەک بۆ کاتى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکە و نەتەوەیەکگرتووەکانیش چاودێڕی جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکە دەکات".

قاسم ئەعرەجیش، باسی لەوەکرد کە قبوڵناکرێت لە هیچ هێزێکى چەکدار لە شنگال بمێنێتەوە و دەبێ بچنە دەرەوە و تەنها سوپای عێراقى لەو ناوچەیە دەمێننەوە و هەموو بەرپرسیارەتییەکیان دەبێ.

News Code 100

Your Comment

You are replying to: .
captcha