«هوشەنگ دەروێش» نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی وتەکانی «ویلیام روێبوک» بەرپرسی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کە بە شەرقولئەوسەت-ی وتبوو: "ئێمە ڕاشکاوانە بە هێزەکانی سووریای دیموکراتمان وتووە پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لەم ناوچەیەدا ناکەین". ڕایگەیاند: ئەم وتەیە ڕاگەیاندنێکی نوێ نییە و ئەمریکا چ لە عێراق و چ لە سووریا ڕایگەیاندووە کە بەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیدا نییە و دەیهەوێت لە چوراچێوەی دەوڵەتی عێراق و سووریادا پرسەکان چارەسەر بکرێن.
ناوبراو درێژەی دا: ئێمە وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داخوازیی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیمان لە ئەمریکا نەکردووە و بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی ئێستاکەی کوردستانی سووریا و بوونی ئەتنیکە جیاجیاکان بە چەلێنجێک دەزانین.
هوشەنگ دەروێش زیادی کرد بنەمای دەوڵەتداری لە ئیدارەی خۆسەردا لەسەر پرسی نەتەوەیی دانەمەزراوە و هەموو قەوم و ئەتنیکێک لە بەڕێوەبەردنی ناوچەکەدا دەور دەگێڕن.
نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: چارەسەر کردنی پرسی کورد لە کوردستانی سووریا بەبێ چارەسەریی کێشەی قەومەکانی دیکە مومکین نابێت و ئێمەش داوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیمان نەکردووە و ئەمەش تەکتیکی ئێمە نییە بەڵکوو ستراتێژیی ئێمەیە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment