کوردپرێس:
ڕۆژی دووشەمە 16ی بەفرانباری 1398 بەرانبەر بە 6ی کانوونی دووهەمی 2020 ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی سەردار قاسم سولەیمانی و هاوڕێ شەهیدەکانی کە لە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدا کرانە ئامانج، لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوە چوو.
کچی سەردار قاسم سولەیمانی لەو ڕێوڕەسمەدا وتارێکی خوێندەوە و ڕایگەیاند: "شەهیدکردنی باوکی من کۆتاییی چیرۆکەکە نیە و با سەرکردەکانی ئەمریکا بزانن کە ڕۆژانێکی ڕەش لە ئایندەدا چاوەڕێی ئەمریکا دەکات."
لە مەڕاسیمی بەڕێکردنی تەرمی سەردار سولەیمانی و شەهیدەکانی هاوڕێی، ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵڵا خامنەیی نوێژی مەیتی لە سەر تەرمەکان خوێند و پاشان ڕێوڕەسمی بەڕێکردن ئەنجام درا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا ڕێژەی بێ وێنەی هاووڵاتییانی ئێرانی و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بەشدارییان کردبوو و هەندێک لە میدیاکان باسی بەشداری کردنی زیاتر لە 5 ملوێن کەس دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند ئەم بەشداری کردنە لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردن و ناشتنی تەرمی (سەردار) قاسم سولەیمانی ڕێوڕەسمێکی بێ وێنەیە و پاش مەڕاسیمی ناشتنی ئایەتوڵڵا خومەینی دووهەمی مەڕاسیمی هەرەگەورەی ئێرانییەکانە.
Your Comment