هاوپەیمانیی نێوان ئاکەپە و مەهەپە هەموو تورکیایان وەکوو بارمتە خستووەتە ژێر رکێفی خۆیانەوە

بەشی تورکیا- دوای ئەوەی لە گرتوخانەی "ئێدیرنە" باری تەندروستیی سەلاحەدەین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە تێک چوو، ئەمڕۆ لە نوێترین دیمانەیدا ڕایگەیاند: باخچەلی و پرینجک بەو مەرجە پشتگیرییان لە ئاکپارتی کرد کە ئەو حزبە شەڕێکی بێ بڕانەوە دژ بە کورد دەست پێبکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەمیرتاش دوای نەخۆش کەوتنی، بۆ یەکەمجارە دیمانەیێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێڤرانسال-ی تورکی ئەنجام داوە و لەسەر پرسی سیاسی و تەندروستی خۆی قسەی کرد.

سەلاحەدین دەمیرتاش دەڵێت: "بەداخەوە تەندروستیم زۆر باش نییە، جاروبار سینگم ئازارم دەدات و ژان دەیگرێت، ئەمەش وا دەکات بۆ هەناسە دان زەخت لە خۆم بکەم و تاکوو ئێستاش پزیشک نەیتوانیوە بەتەواوی نەخۆشییەکەم بدۆزێتەوە، بۆیە تەندروستیم بە داخەوە باش نییە".

هاوسەرۆکی پێشوو ی هەدەپە، پێی وایە ئەو دەسەڵاتەی ئێستای تورکیا بێ پەروا نادادپەروەریی تێدایە و هەموو گەلی تورکیا باجی ئەو نادادپەروەریە دەدات.

هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە هاوپەیمانیی نێوان مەهەپە و ئاکەپە هەموو تورکیایان وەکوو بارمتە خستووەتە ژێر رکێفی خۆیانەوە، بۆیە دەبێت خەبات بۆ لەناوبردنیان بکرێت.

دەمیرتاش لەبارەی هەڵوێستی هەدەپە دژی حکوومەتی ئێستا و ئەو قەیوومانەی لە جێگەی سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە دادەنرێن، بەوەی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کردووە دەڵێت: "لە هەنگاوی یەکەمدا داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بڕیارێکی راستە، بەڵام ئەمە بەندە بەوەی چۆن هەڵبژاردن بکرێت و چۆن هاوپەیمانی دروست بکرێت و چۆن بتوانن بەرەیێکی دیموکراتی دروست بکەن؟ دەبێت پرۆگرامێکی دیموکراتیانە رابگەیەندرێت و دژی زوڵم و فاشیست خەبات بکەن، بۆیە ئەگەر وا نەکرێت ئەوەی هەدەپە دەیەوێت لە هەڵبژاردنی پشوەختەدا نایەتە دی".

کاتێک دەمیرتاش نەخۆش کەوت، دوای یەک هەفتە رای گشتیی تورکیا و هەدەپە زانیان نەخۆش کەوتووە، بۆیە دەنگۆیێک بڵاو بوویەوە کە پەیوەندیی نێوان دەمیرتاش و هەدەپە ناخۆشە، بۆیە نەیویستووە هەدەپە بیزانێت".

بۆ وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەمیرتاش بە درۆی دەخاتەوە و دەڵێت پەیوەندیی من و هەدەپە زۆر باشە، بەڵام لەم وڵاتەدا چەندین کێشەی گەورە هەیە و چەندین بابەتی جیدیتر هەیە، بۆیە پێم باش نەبوو نەخۆشکەوتنی من باس بکرێت.

دەمیرتاش گوتیشی: "بۆ خۆم حەزم نەکردووە نەخۆش کەوتنەکەم بەپەلە بزانرێت، چوونکە وڵات کێشەی زۆر جیدیتری هەیە، بەڵام نەخۆشکەوتنی ئەو کەسانەی زیندانی کراون، بابەتێکی زۆر جیدییە لە تەواوی تورکیادا، نموونە هەفتەی رابردوو ئەمینە ئەسڵان ئایدۆغان تەمەن ٦٤ ساڵ لە گرتووخانەی ئورفا نەخۆش کەوت و پاشان کۆچی دوایی کرد، لەم نموونانە لە گرتووخانەکانی تورکیا زۆرە و پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە".

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، ماوەی ٣ ساڵ دەبێت بە تۆمەتی ئەوەی پروپاگندەی بۆ پەکەکە کردووە، هەروەها خەڵکی دژی حکوومەتی تورکیا هان داوە بۆ جیابوونەوە دەستگیر کراوە.

ئەگەرچی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای باڵای ئەنقەرە بڕیاریان دا دەمیرتاش ئازاد بکرێت، بەڵام لەسەر داوای رەجەب تەییب ئەردۆغان بڕیارەکان جێبەجێ نەکراون و دەمیرتاش هەر لە زیندان ماوەتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 96808

Your Comment

You are replying to: .
captcha