ئەگەر پێش بەستنی کۆنگرە باڵەکانی ناو یەکێتی ڕێکنەکەون ئەم حزبە لەتلەت دەبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عارف قوربانی، شرۆڤەکاری سیاسیی کورد لەباەری ئەگەری ڕێکنەکەوتنی باڵەکانی یەکێتی پێش بەستنی کۆنگرەی چوارەم هۆشدار دەدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عارف قوربانی، شرۆڤەکاری سیاسیی نزیک لە سەرکردایەتی یەکێتی، لەمیانی بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنەمانووسی رادیۆی رووداودا رایگەیاند: پێیوایە یەکێتی بەبێ رێککەوتن کارێکی خراپ دەکات بچێتە کۆنگرەوە و دەڵێت "پێمباشە کۆنگرە دوو هەفتە دوابخرێ بۆئەوەی رێککەوتن لەبارەی کەسی یەکەم بکرێت و تەوافوقیش لەنێوان باڵە جیاوازەکاندا بکرێت، بەبێ رێککەوتن یەکێتی کارێکی خراپ دەکات بچێتە کۆنگرەوە، بەم حاڵەوە یان یەکێتیی لاواز دەبێت یان لەتلەت دەبێت.

ناوبراو وتیشی: "باش بوونی دۆخی یەکێتیش هۆکارە بۆ باشبوونی دۆخی نێوخۆی کوردستان و بەهێزبوونی کورد لە بەغدا، پێچەوانەکەشی راستە".

لەبارەی بەستنی کۆنگرە لەلایەن پارتە کوردییەکانەوە بەگشتی عارف قوربانی رایگەیاند: "حیزبی کوردی بەگشتی خۆی لە کۆنگرە دەدزێتەوە، لە ناوچەیێکدا کە سەقامگیری سیاسیی نەبێت، پێویستە حیزب زووزوو خۆی نوێ بکاتەوە و کۆنگرە ببەستێ، هەرچەندە لە عێراق و ناوچەکەدا ناسەقامگیرییێکی زۆر هەیە، بەڵام ئەمە لە حیزبەکاندا بەدیناکرێت، تەنانەت هەندێ حیزب هەن کە پەیڕەو و پرۆگرامەکانیان لەگەڵ ئەو دۆخەی ئێستا تێیدا یەکناگرنەوە. کۆمەڵێک ئامانجی سیاسیی لە پەیڕە و پرۆگرامەکانیاندا هاتووە، کە دەڵێ کاردەکەین بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئامانجە، کەچی ئامانجەکە بەدیهاتووە، ئەمە لە کۆنگرەکانی پێشووی پارتی و یەکێتیدا راست بوو، کە لەکاتێکدا کوردستان لە دۆخێکی فیدراڵیدا دەژیا ئەوان لە پەیڕەودا هێشتا داوای حوکمی زاتی یان ئۆتۆنۆمییان دەکرد".

لەبارەی رۆڵی مام جەلال، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی لە کۆنگرەکانی رابردوو ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: "لە هەر سێ کۆنگرەکەی رابردوودا مام جەلال بە تەوافوقەوە چووەتە نێو کۆنگرە و باڵە جیاوازەکانی لێک نزیک کردووەتەوە، تەنانەت لەنێوان جوگرافیا جیاوازەکاندا تەوافوقی کردووە و هیچ سنوورێکی پەراوێز نەخستووە و وایکردووە یەکێتی حیزبی هەموو کوردستان بێ. یەکێتی دوای کۆچی دوایی مام جەلال دەبوو کۆنگرە ببەستێ، سەرەڕای تێبینییەکان، بەڵام سەرکردایەتی یەکێتی شۆکی مردنی مام جەلالیان تێپەڕاند و توانییان دەست بە یەکێتییەوە بگرن و ئێستا ئەو حیزبە روو لە هەستانەوە و گەشانەوەیە".

عارف قوربانی جەختی لەوەش کردەوە "تازە دواخستنی کۆنگرە قورسە و نابێ سەرکردایەتی یەکێتی خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە بدزنەوە، بەڵام دەبێ گرفتەکان لە ماوەی دوو هەفتەدا چارەسەر بکەن، چوونکە هەر 10 مەڵبەندەکە داوای زیادکردنی ئەندام دەکەن و تەنانەت باجی ئەندامێتیش دروست نەکراوە".

هەر لەمیانی بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنەمانووسی رادیۆی رووداودا ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باسی لەوە کرد "لەناو یەکێتی هەم ئازادی و هەمیش ململانێ هەن، بەتایبەتی لەکاتی نزیک بوونەوەی کۆنفرانس ململانێ ئاساییە. تاوەکوو ئێستا زۆربەی ئامادەکارییەکان کراون و بەردەوامن، تەنیا کۆنفرانسی مەڵبەندەکان ماوە، ئەوەی بووەتە ئاستەنگ، پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتییە کە دەڵێ: نابێ ئەندامانی کۆنگرە لە هەزار کەس زیاتربن، بەڵام یەکێتی لەشکرێکی گەورەی کادیری هەیە و ئاسان نییە تەنیا هەزار کەس بباتە نێو کۆنگرەوە".

ئارێز عەبدوڵڵا نەیشاردەوە کە هەوڵێک بۆ دواخستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی هەیە و دەڵێت: "کەسانێک هەن کە دەیانەوێ کۆنگرە دوابخرێ، بەڵام هیچ باسێکی دواخستن نەکراوە و ئیرادەی گشتی یەکێتی ئەوەیە کە لەکاتی خۆیدا کۆنگرە بکرێت، دواخستنیشی بۆ چەند رۆژێک کێشە نییە و شتێکی ئاساییە، بەڵام دواخستنی ماوەدرێژ کێشەیێکی گەورەیە و لەبەرامبەر جەماوەری یەکێتیدا قسەمان نابێت بۆ کردن، خراپیی دۆخی عێراقیش بەهیچ شێوەیێک پاساو نییە بۆ دواخستنی کۆنگرە".

بڕیارە شەممەی داهاتوو 7-12-2019 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرە ببەستێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵی 1975 دامەزراوە، تاوەكوو ئێستا سێ كۆنگرە و دوو كۆنفرانس و پێنج پلینیۆمی بەستووە.

دوایین كۆنگرەی یەكێتی لە 1-6-2010 بوو. دەبوایە لە مانگی ئاداری 2013 چوارەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێت‌، بەڵام لەبری كۆنگرە لە 10-10-2013 پلینیۆمی بەست و دواتر بڕیار بوو لە 7-3-2018 كۆنگرە ببەستێ‌، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كۆنگرەكە نەكرا.

دواجار لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی لە رۆژی 7-9-2019 لە سلێمانی، بڕیاردرا رۆژی 7-12-2019 چوارەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێ‌.

هەفتەی رابردوو كۆنفرانسی كۆمیتەكان كۆتاییان هات و ژمارەیێک لە ئەندامانی كۆنگرە دیاری كران. رۆژی 23ـی ئەم مانگەش كۆنفرانسی مەكتەبەكانی یەكێتی كۆتاییان هات و تەنیا كۆنفرانسی مەڵبەندەكان ماوە بەڕێوەبچێت‌.

زۆربەی سەركردەكانی یەكێتی لە لێدوانەكانیاندا جەخت لە بەستنی كۆنگرە لە وادەی دیاریكراوی خۆی دەكەنەوە و دەڵێن، هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی.

بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی یەكێتی، زیاتر لە 500 كەس لە ئەندامانی كۆنگرە وەک ئەندامانی مسۆگەرن. ئەوانیش: ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، سەركردایەتی، ئەنجومەنی ناوەند و پەرلەمانتارانی یەكێتی، تێكۆشەرە دێرینەكان و ئەندامانی پێشووی سەركردایەتین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 96737

Your Comment

You are replying to: .
captcha