کۆسره‌ت ڕه‌سوول په‌یامێک له‌ باره‌ی خۆپیشاندانه‌کان بڵاو ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌یامێک له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌کانی هه‌فته‌ی ڕابردووی باشووری کوردستان بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی مافێکی سه‌ره‌تاییه‌، به‌ڵام پێویسته‌ جه‌ماوه‌ر خۆیان له‌ ئاژاوه‌گێڕ و ده‌ستی تێکده‌رانه‌ی ئه‌ملاو و ئه‌ولا بپارێزن و نه‌هێڵن ئامانجه‌كانیان به‌لاڕێدا ببرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 24ی دیسێمبێری 2017 له‌ به‌رلین كۆسره‌ت ڕه‌سوول عه‌لى، جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌یامێکی له ‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌کانی هه‌فته‌ی ڕابردووی باشووری کوردستان و دۆخی سیاسیی ئێستای هه‌رێمی کوردستان بڵاو کرده‌وه‌. له‌ په‌یامه‌که‌دا ڕه‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی حیزبه‌کانی باشووری کوردستان ده‌کات و ده‌ڵێت: "جێگاى داخه‌ كه‌ هه‌ڵوێستى حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئاست پێداویستى قۆناخه‌كه‌دا نییه‌ و ڕیزه‌كانمان په‌رته‌وازه‌یه‌".

جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ به‌شێکی په‌یامه‌که‌یدا سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانه‌کان، ده‌شڵێت: "له‌م چه‌ند رۆژه‌دا که‌ گه‌له‌كه‌مان و به‌تایبه‌ت له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه، گه‌رمیان، پشده‌ر، بیتوێن و ناوچه‌ى كۆیه‌ش له‌ ئه‌نجامى خۆپیشاندان و ده‌ربڕینى ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵک له‌ ئاست بێدادى و نه‌بوونى مووچه‌ و كه‌م بوونه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌كان هاتۆ‌ته‌ پێش، كه‌ به‌داخه‌وه‌ كارى تووندوتیژی و چه‌ندین شه‌هید و برینداریشی لێكه‌وتۆته‌وه‌، من ده‌مه‌وێت لێره‌دا به ‌ڕاشكاوى ئه‌وه‌ ڕابگه‌یێنم كه‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و خۆپیشاندانى مووچه‌خۆران و كۆمه‌ڵانى خه‌ڵک بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ماف و ئازادییه‌كان پێویست و رێزلێگیراوه‌ و مافێكى سه‌ره‌تاییشه‌، به‌ڵام زۆر پێویسته‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ خۆڕاگره‌ خۆیان له‌ ئاژاوه‌گێڕ و ده‌ستى تێكده‌رانه‌ى ئه‌ملاو ئه‌ولا بژار بكه‌ن و نه‌هێڵن كه‌ ئامانجه‌كانیان به‌لاڕێدا ببرێت و زیان به‌ باره‌گا و داموده‌زگا حكوومى و شوێنه‌ گشتییه‌كان بگه‌یێنرێت، چونكه‌ رێگا ڕاسته‌كه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینى هێمنانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌یه‌، نه‌ک ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا ده‌گوزه‌رێت".

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سیاسیی باشووری کوردستان و ئه‌و قۆناخه‌ی ئێستا هه‌رێمی کوردستان پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ڕه‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی حیزبه‌کانی باشووری کوردستان ده‌کات و ڕای­ده‌گه‌یێنێت "هه‌رێمى كوردستان به‌ قۆناخێكى سه‌خت و دژوار تێده‌په‌ڕێت، له‌ لایێک ناحه‌زانى گه‌له‌كه‌مان بۆ دژایه‌تىی ئه‌زموونه‌كه‌مان هه‌موو ناكۆكییه‌كانى خۆیان وه‌لانا و له‌ ئاست دژایه‌تیی گه‌له‌كه‌مان ده‌نگ و هێزى خۆیان یه‌كخست، به‌ڵام جێگاى داخه‌ هه‌ڵوێستى حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئاست پێداویستى قۆناخه‌كه‌دا نییه‌ و ریزه‌كانمان په‌رته‌وازه‌یه‌، هه‌ر ئه‌و ناڕێكییه‌ى خۆمان كاریگه‌رى خراپ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى نه‌رێنى دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ ئاست ساده‌ترین مافه‌كانمان خوڵقاند".

کۆسره‌ت ڕه‌‌سوول، ده‌شڵێت: "زۆر پێویسته‌ هێزه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان هه‌موو كێشه ‌و ناكۆكییه‌كانیان وه‌لابنێن و به‌ گیانى یه‌كتر قبووڵ كردن و لێبوورده‌یی له‌ ته‌ک یه‌كتردا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و كار بۆ یه‌كڕیزى نیشتمانى و یه‌كخستنى خیتابێكى سیاسی نیشتمانى بكه‌ن".

به‌هۆی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییه‌کانی هه‌فته‌ی ڕابردوو، له‌ چه‌ند شار و شارۆچکه‌یێکی باشووری کوردستان ده‌یان باره‌گای حیزبی و حکوومی و شوێنی گشتیی له‌ پارێزگاکانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌ کۆیه‌ش له ‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ سووتێندران، له‌ ئه‌نجامیشدا له‌ ڕانیه‌ دوو که‌س گیانیان له ‌ده‌ستدا و ده‌یان که‌سی دیکه‌ش بریندار بوون.

رۆژی 11ی نۆڤێمبێری 2017 باری ته‌ندروستی کۆسره‌ت ڕه‌سوول تێكچوو و گه‌یێندرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی فارووقی پزیشكی له‌ سلێمانی، پاشان نه‌شته‌رگه‌رییێكی بۆ ئه‌نجامدرا و ماوه‌ی 72 کاژێر له‌ ژێر چاودێری ورددا مایه‌وه‌، دواتر رۆژی 16ی نۆڤێمبێری 2017 بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشکی بردرایه‌ ئه‌ڵمانیا. ئێستا له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا له ‌ژێر چاودێری پزیشکی دایه‌ و وه‌ک خۆی له‌ په‌یامه‌که‌دا ئاماژه‌ی پێکردوووه‌، به‌هۆی تێكچوونى بارى ته‌ندروستییه‌وه‌‌، بۆ ماوه‌یێک له‌ کاری سیاسیی دوور که‌وتووه‌وه‌ و ڕاشی­ده‌گه‌یێنێت "له‌م ساته‌وه‌خته‌دا كه‌ من ئه‌م نامه‌یه‌تان ئاراسته‌ ده‌كه‌م له‌سه‌ر ته‌ختى چاره‌سه‌ر كردنم، كه‌ به‌هۆی تێكچوونى بارى ته‌ندروستیمه‌وه‌ دووچارم هاتووه‌، به‌داخه‌وه‌ بۆ ماوه‌یێک لێتان دوور كه‌وتوومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌میشه‌ دڵم له ‌لاتانه ‌و له‌گه‌ڵ مه‌ینه‌تى ژیان و ئێش و ئازاره‌كانتان دام".

ده‌قی په‌یامه‌که‌ی کۆسره‌ت ڕه‌سوول

به‌ناوى خواى گه‌وره‌و میهره‌بان

جه‌ماوه‌رى به‌شه‌ره‌ف و خۆڕاگری گه‌لى كوردستان

كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان

پێشمه‌رگه‌ ئازا و جوامێره‌كان

سڵاوێكى گه‌رم...

له‌م ساته‌وه‌خته‌دا كه‌ من ئه‌م نامه‌یه‌تان ئاراسته‌ ده‌كه‌م له‌سه‌ر ته‌ختى چاره‌سه‌ركردنم، كه‌ به‌هۆی تێكچوونى بارى ته‌ندروستیمه‌وه‌ دووچارم هاتووه‌، به‌داخه‌وه‌ بۆ ماوه‌یێک لێتان دوور كه‌وتوومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌میشه‌ دڵم له ‌لاتانه ‌و له‌گه‌ڵ مه‌ینه‌تى ژیان و ئێش و ئازاره‌كانتان دام، هه‌ر لێره‌وه‌ش سوپاسى یه‌كه‌ به ‌یه‌كه‌تان ده‌كه‌م، چونكه‌ له‌ هه‌واڵپرسی و نواندنى دڵسۆزى خۆتان درێغیتان له‌ ئاست ئێمه‌دا نه‌كردوووه‌، بۆیه‌ له‌ ناخى دڵمه‌وه‌ هیواى ته‌مه‌ن درێژی و له‌شساغى بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم و خواى گه‌وره‌ له‌ هه‌ر ده‌رد و به‌ڵایێک بتانپارێزێت، هه‌روه‌ک سوپاس زۆریشم ئاراسته‌ى هه‌موو ئه‌و به‌ڕێز و تێكۆشه‌رانه‌ش ده‌كه‌م كه‌ چ به‌ ناوى كه‌سایه‌تى خۆیان یان به ‌نوێنه‌رایه‌تیی حزب و رێكخراوه‌كانیانه‌وه‌ له‌ هه‌واڵ و ته‌ندروستییان پرسیوین.

به‌ڕێزان له‌م چه‌ند رۆژه‌دا كه‌ گه‌له‌كه‌مان و به‌ تایبه‌ت له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه ‌و گه‌رمیان و پشده‌ر و بیتوێن و ناوچه‌ى كۆیه‌ش له‌ ئه‌نجامى خۆپیشاندان و ده‌ربڕینى ناڕه‌زایه‌تىی خه‌ڵک له‌ ئاست بێ دادى و نه‌بوونى مووچه‌ و كه‌مبوونه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌كان هاتۆته‌ پێش، كه‌ به‌داخه‌وه‌ كارى تووندوتیژی و چه‌ندین شه‌هید و برینداریشی لێكه‌وتۆته‌وه‌، من ده‌مه‌وێت لێره‌دا به ڕاشكاوى ئه‌وه‌ ڕابگه‌یێنم كه‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و خۆپیشاندانى مووچه‌خۆران و كۆمه‌ڵانى خه‌ڵک بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ماف و ئازادییه‌كان پێویست و رێز لێگیراوه‌ و مافێكى سه‌ره‌تایییشه‌، به‌ڵام زۆر پێویسته‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ خۆڕاگره‌ خۆیان له‌ ئاژاوه‌گێڕ و ده‌ستى تێكده‌رانه‌ى ئه‌ملاو ئه‌ولا بژار بكه‌ن و نه‌هێڵن كه‌ ئامانجه‌كانیان به ‌لاڕێدا ببرێت و زیان به‌ باره‌گا و دام و ده‌زگا حكوومى و شوێنه‌ گشتییه‌كان بگه‌یێنرێت، چونكه‌ رێگا ڕاسته‌كه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینى هێمنانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌یه‌، نه‌ک ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا ده‌گوزه‌رێت.

ئه‌ركى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشه‌ كه‌ به‌ هاوبه‌شی و هه‌ماهه‌نگیی ده‌زگا شه‌رعییه‌كانى ترى هه‌رێمى كوردستان ڕێوشوێنى گونجاوى بێ توندوتیژی بگرنه ‌به‌ر بۆ ئارام كردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌ و كار بۆ دابین كردنى داخوازیییه‌ ڕه‌واكانى خه‌ڵک بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌ركى ده‌زگاكانى پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كانیشه‌ كه‌ به‌شێوه‌یێكى شارستانیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا بكه‌ن و سه‌ر و ماڵی هاووڵاتیانیش بپارێزن، له‌ هه‌مان كاتدا پاراستنى دام و ده‌زگا و شوێنه‌ گشتییه‌كانیش له‌ ئه‌ستۆ بگرن.

كوردستانیانى ئازیز...

ئه‌مڕۆی هه‌رێمى كوردستان به‌ قۆناغێكى سه‌خت و دژوار تێده‌په‌ڕێت، له‌ لایێک ناحه‌زانى گه‌له‌كه‌مان بۆ دژایه‌تیی ئه‌زموونه‌كه‌مان هه‌موو ناكۆكییه‌كانى خۆیان وه‌لا نا و له‌ ئاست دژایه‌تیی گه‌له‌كه‌مان ده‌نگ و هێزى خۆیان یه‌كخست، به‌ڵام جێگاى داخه‌ كه‌ هه‌ڵوێستى حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئاست پێداویستى قۆناغه‌كه‌دا نییه‌ و ڕیزه‌كانمان په‌رته‌وازه‌یه‌، هه‌ر ئه‌و نارێكییه‌ى خۆمان كاریگه‌رى خراپ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى نه‌رێنى دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ ئاست ساده‌ترین مافه‌كانمان خوڵقاند. بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ هێزه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان هه‌موو كێشه ‌و ناكۆكییه‌كانیان وه‌لا بنێن و به‌ گیانى یه‌كتر قبووڵ كردن و لێبوورده‌یی له‌ ته‌ک یه‌كتردا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و كار بۆ یه‌كڕیزى نیشتمانى و یه‌كخستنى خیتابێكى سیاسی نیشتمانى بكه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ین به‌م شێوازه‌ى ئێستا په‌رته‌وازه‌ و لێكترازاو بمێنینه‌وه‌ ئه‌وا چاره‌نووسی ئه‌زموونه‌كه‌شمان به‌ ناڕۆشنى ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ره‌و داهاتوویێكى نادیار ده‌مانبات.

هه‌ر له‌ دوو توێی ئه‌و نامه‌یه‌دا و له‌ سه‌روه‌ختى بۆنه‌كانى سه‌رى ساڵ و له‌دایكبوونى حه‌زره‌تى مه‌سیح (ر.خ) پیرۆزبایی گه‌رم له‌ ته‌واوى گه‌لى كوردستان به‌گشتى و خوشک و برا مه‌سیحى و یه‌زیدى و شه‌به‌ک و كلدان و ئاشوورى و سابیئه‌ى مه‌ندائی ده‌كه‌م و هیوادارم ساڵی نوێمان ببێته‌ ساڵی ئاشتى و پێكه‌وه‌ژیان و به‌دیهێنانى ته‌واوى ئامانجه‌كانى گه‌له‌كه‌مان.

كۆسره‌ت ڕه‌سوول عه‌لى

جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتى

یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان

به‌رلین

24/12/2017

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9667

Your Comment

You are replying to: .
captcha