به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، که‌ماڵ قلیچدارئۆغڵۆ ڕێبه‌ری پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا (CHP) ڕایگه‌یاند: هه‌رگیز گوشاره‌کانی پارتی داد و گه‌شه ناتوانێت ناوبراو بێده‌نگ بکات و ته‌نها مه‌رگ ده‌توانێت من له وتنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان بوه‌ستێنێته‌وه.
قلیچدارئۆغڵۆ له میتینگی CHP له پارێزگای "اسکی شهر"دا وتی: "ئه‌وان هه‌ڕه‌شه له من ده‌که‌ن که "قلیچدارئۆغڵۆ ئاگات له خۆ بێت، له‌سه‌ر ده‌ورت لاده‌به‌ین!" ئه‌گه‌ر بڕیار بێت من بێده‌نگ بم ده‌بێ بمرم. ئێمه له کاتێکدا ده‌مرین بێده‌نگ ده‌بین، به‌ڵام بیرۆکه‌کانمان زیندوو ده‌مێنن. ئێمه تا دوایی به‌رگری له مافی هه‌ژاران ده‌که‌ین. ئێمه خه‌ریکین به‌رگری له مافی 80 میلیۆن که‌س ده‌که‌ین."
ئه‌م لێدوانانه‌ی قلیچدارئۆغڵۆ کاردانه‌وه‌یێک بوو به ڕه‌خنه‌ی توندی سوله‌یمان سۆیلۆ وه‌زیری ناوخۆی تورکیا و سکاڵای ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا و دیکه‌ی به‌رپرسانی پارتی داد و گه‌شه له ڕێبه‌ری CHP به بۆنه‌ی تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵیی دارایی که ناوبراو دژ به بنه‌ماڵه و نزیکانی ئه‌ردۆغان ئاراسته‌ی کردبوو.
سۆیلۆ له لێدوانێکدا ڕایگه‌یاندبوو: "به شێوه‌یێکی ئاشکرا ده‌ڵێم؛ قلیچدارئۆغڵۆ! کارت ته‌واوه".
قلیچدارئۆغڵۆ له درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا حکوومه‌تی به‌وه تۆمه‌تبار کرد که هه‌وڵه‌کانی بۆ درێژ کردنه‌وه‌ی دۆخی نائاسایی به مه‌به‌ستی گوشارخستنه سه‌ر پارته ئۆپۆزیسیۆنه‌کان و بێده‌نگ کردنیان چڕ ده‌کاته‌وه.
ناوبراو جه‌ختیشی کرده‌وه: "چ پێویستێک به دۆخی نائاسایی درێژخایه‌ن هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر له ڕاستیدا ئامانج [جه‌ماعه‌تی گوله‌ن (FETO)]ه، شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ ئه‌وان درێژه‌ی هه‌یه. چ که‌سێک ڕێگری له شه‌ڕی ئێوه له‌گه‌ڵ FETO ده‌کات. ئامانجی ئه‌وان بێده‌نگ کردنی ئۆپۆزیسیۆنه."
قلیچدارئۆغڵۆ ڕاشیگه‌یاند: ئێستاکه CHP له ناوه‌ندی هێرشه‌کاندایه و ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌وانه. "ئه‌وان خه‌ریکن هه‌ندێ ڕێگا بۆ بێده‌نگ کردنی CHP ده‌دۆزێنه‌وه به‌ڵام هیچ که‌س ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نییه، نه‌ک ئه‌وان نه‌ک بههێزترینهکانیان."
ڕێبه‌ری CHP وتیشی: پارته‌که‌ی به هیچ له‌ونێک له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه سازش ناکات و هه‌میشه به‌رگری له ئازادی ڕاده‌ربڕین، دیموکراسی، یه‌کسانیی ڕه‌گه‌ز و زانستگای ئازاد ده‌کات.
ناوبراو هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری و په‌رله‌مانیی داهاتووی تورکیای به هه‌ڵبژاردنی نێوان لایه‌نگرانی دیموکراسی و لایه‌نگرانی دیکتاتۆری وه‌سف کرد.
سه‌رچاوه: حوڕییه‌ت
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment